ڤیدیۆ؛ پاڵەوانی رالی داکار لە مردن رزگاری بوو
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی سام سەندەرلاندی ماتۆڕسواری ئینگلیزی، بۆ بەرگریکردن لە نازناوی پێشبڕکێی ماتۆڕسواری لە رالی داکار کۆتاییهات، پاش لە قۆناخی یەکەمی رۆژی دووشەممەدا شکستیهێنا، دوای ئەوەی ماتۆڕسوارە تەمەن 33 ساڵییەکە تووشی رووداوێکی سەخت بوو.
سەندەرلاند دوای 52 کیلۆمەتر لە رووداوێکدا کەوتە خوارەوە و راستەوخۆ بە فڕۆکەیەکی هیلیکۆپتەر گەیێنرایە نەخۆشخانەیەکی شاری یانبوی کەنار دەریاکان، بەڵام رێکخەرانی پێشبڕکێکە رایانگەیاندووە، سام هاتووەتە هۆش خۆی و بەتەواوی جوڵە دەکات.
تیمی پزیشکان رایانگەیاند کە ماتٶڕسوارە ئینگلیزییەکە تووشی هەژانی مێشک و شکانی شان بووە.
ریکی برابێکی ماتۆڕسواری ئەمریکی توانی پلەی یەکەم لە پێشبڕکێی ماتۆڕسواری بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی مەودای 602 کیلۆمەتری لە کەنارەکانی دەریای سووری سعودیە، بە ماوەی 4 کاتژمێر و 14 خولەک و 10 چرکە بڕی.
کیڤن بێناڤیدێس، ماتۆڕسواری ئەرجەنتینیی تیپی کەی تی ئێم، پلەی دووەمی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 19 چرکە لەدوای ریکی، هێڵی کۆتایی پێشبڕکێیەکەی بڕی، تۆبی پرایسی ماتۆڕسواری ئوسترالی لە هەمان تیپ پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
لە پێشبڕکێکانی ئۆتۆمبێلدا، کارلۆس ساینزی باوک پێشەنگی پۆلێنکردنی پێشبڕکێکانی رالی داکاری گرت، لەبەرچاوی کوڕەکەی کارلۆس ساینز جونیۆر، کە شۆفێری ئۆتۆمبێلی فۆرمۆلا وەنە.
لوکاس کرۆز پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە دوای ئەویش سێباستیان لۆبێکی بووە خاوەنی پلەی سێیەم، کە تەنیا 10 چرکە لە پێش یەزید ئەلراجیی شۆفێری سعودی بوو.