ماوەی دوورکەوتنەوەی هاری کەین ئاشکرابوو

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن، جۆری پێکانەکەی هاری کەین، هێرشبەری یانەکەی ئاشکرا دەکات و ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکەش دەرکەوت.
 
لە یاریی دێر کلاسیکێردا، لەنێوان هەردوو یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و بایرن میونشن، هاری کەین لە خولەکی 33 بە ناچاری گۆڕانکاریی پێکرا، دوای ئەوەی تووشی پێکانبوو.
 
یانەی بایرن میونشن لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "هاری کەین بەهۆی دڕانی بەشێکی ریشاڵەکانی ماسوولکەی دواوەی رانی راستی، تووشی پێکانێکی سووک بووە."
 
یانەکە رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان دەرکەوتووە، تیپەکە هاری کەینی 31 ساڵ بۆ ماوەیەکی کورت لەدەستدەدات.
 
هاری کەین لەم وەرزەدا بە ئاستێکی نایابەوە دەردەکەوێت، تاوەکو ئێستا لە رکابەرییەکانی بوندێسلیگادا 14 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا، هاری بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، دوو هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، یانەی بایرن میونشن لە جامی ئەڵمانیادا بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن یاری دەکات، هاری کەین بەشداری لەو یارییەدا ناکات.