لیڤاندۆڤسکی: بردنەوەی تونس لە فەرەنسا پێشانیداین دەکرێت هەموو شتێک رووبدات
رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەر و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندا دڵخۆشە بە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بۆ قۆناخی شازدەی مۆندیال و باس لە رووبەڕووبوونەوەی فەرەنسا دەکات.
دوای دۆڕاندنیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پۆڵەندا بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی مەکسیک، وەک دووەم هەڵبژاردەی کۆمەڵەی سێیەم گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر و لەو قۆناخەدا بەرامبەر فەرەنسا یارییدەکات.
لیڤاندۆڤسکی دوای یارییەکە گوتی " بەدڵنیاییەوە فەرەنسا بەربژێرە بۆ بردنەوەی مۆندیال و سەرکەوتن لە یارییەکەی بەرامبەر ئێمە، بەڵام پێویستە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەبین و لە ئاستی خۆماندابین لە رووی هێرشبەرییەوە."
لیڤا زیاتر قسەیکرد و گوتی " هیوادارم کێشە بۆ هێڵی بەرگری فەرەنسا دروستبکەین، ئەوان تیپێکی بەتوانا و نایابیان هەیە و خاوەنی یاریزانی زۆرباشن."
لەبارەی ئەوەی لە توانایاندا هەیە لە فەرەنسا ببەنەوە؟ هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا دەڵێت " هەموومان دوایین یاریی فەرەنسامان بینی، بردنەوەی تونس لە هەڵبژاردەکە پێشانیداین کە دەکرێت هەموو شتێک رووبدات."
رۆژی یەکشەممە لە رکابەرییەکانی قۆناخی 16ـی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی پۆڵەندا بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا یارییدەکات.