ئامەد سپۆر بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕا و مێردینیش سەرکەوت

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رکابەرییەکانی جامی تورکیا، یانەی ماردین بی بی گەیشتە قۆناخی پێنجەم و یانەی ئامەد سپۆریش ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
یانەی مێردین بویوکشەهیر بەلەدیەسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی گەنجلەربیرلیگی بووەوە و یارییەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بردەوە.
 
لە خولەکی 20 عەبدوڵلا شەهیندەرە گۆڵێکی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد موستەفا ئایدوگدۆ ئەنجامەکەی بۆ مێردین یەکسانکردەوە، یارییەکە لە نیوەی دووەمیش هەر بەو ئەنجامە مایەوە و هیچ گۆڵێکی دیکە تۆمارنەکرا.
 
بەمەش هەردوولا پەنایان بردە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، یانەی مێردین بە 4 لێدان بەرامبەر 2 لێدان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی پێنجەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یارییەکی دیکەدا دوای دۆڕانێکی گەورە یانەی ئامەد سپۆر ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد، دوای ئەوەی بەرامبەر ئانتالیا سپۆر دۆڕا.
 
ئانتالیا سپۆر لە یاریگەی خۆیدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و یارییەکەی 4-0 بردەوە.
 
گۆکدەنیز بایراکدار لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، حوسام خاجە گۆڵێک و موستەفا ئەردیلمانیش بەلێدانی سزا گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
ئانتالیا سپۆر گەیشتە قۆناخی پێنجەم و یانەی ئامەد سپۆریش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.