مێسی ئاتلێتیکۆی رووخاند و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو باڵۆندۆر دەچێت

رووداو-هەولێر 

لیۆنێل مێسی لووتکەی لالیگای یەکلاکردەوە و بە گۆڵی ئەو یانەی بارسێلۆنا شکستی بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هێنا.

یارییەکە لە واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەچوو، یانەی بارسێلۆنا بە بردنەوەی ئەم یارییە کە یەکێک بوو لە گرنگترین یارییەکانی ئەم وەرزەی، گەڕایەوە پێشەنگی لالیگا و بە جیاوازی یەک گۆڵ لەپێش یانەی ریال مەدریدەوەیە.

لە نیوەی یەکەمدا بە تایبەت بیست خولەکی یەکەم، یانەی ئاتلێتکۆ مەدرید زۆر باشتر یارییانکرد و چەندین هەلی مەترسیداریان دروستکرد، ئەگەر لەم گێمەدا ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێز نەبووایە، ئەوا ئاتلێتی هەرزوو گۆڵی دەکرد، هەلی مەترسیداری بارسا لەلایەن جێرارد پیکێوە بوو کە بە لێدانی سەر ستوونی گۆڵەکەی ئۆبلاکی پێکا لە نێوەڕاستی نیوی یەکەمدا، بەڵام سەرەئەنجام گێمەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا لیۆ شوێنی یاریکردنی خۆی گۆڕی و ئاستی باشتربوو، ئەوەبوو لە خولەکی ٨٥ـدا گۆڵی سەرکەوتنی بارسای بە شێوازێکی جوان تۆمارکرد و یارییەکەشیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بی وەڵام بردەوە.

لیۆ بە ورەیەکی بەرز و تۆمارێکی باشەوە دەچێتە پاریس بۆ ئاماەبوون لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر.

بارسا خاوەنی ٣١ خاڵە و لەگەڵ ریال مەدریددا هەمان رێژەی خاڵیان هەیە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ لە پێشییەوەتی، ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دابەزییە پلەی شەشەم بە ٢٥ خاڵ.