ریال مەدرید گرێبەستی سێ یاریزان نوێدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی سێ یاریزانی دیکەی لاوی یانەکە، پاشئەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆری تاوەکو ساڵی 2027 راگەیاند.
 
ریال مەدرید پێشتر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ یانەکە تاوەکو ساڵی 2027 نوێکراوەتەوە، میدیاکان گوتیان بڕی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە کراوەتە یەک ملیار یۆرۆ.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ریال مەدرید لە کاژێر و رۆژەکانی داهاتوودا، نوێکردنەوەی گرێبەستی سێ یاریزانی لاوی دیکە رادەگەیێنێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، پێشبینیکراوە رۆدریگۆی هێرشبەری باڵی یانەکە، گرێبەستە نوێیەکەی ئاشکرابکرێت و سبەی پێنجشەممە ئاشکرا بکرێت کە گرێبەستەکەی نوێکراوەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، گرێبەستی نوێی رۆدریگۆ تاوەکو 2028 دەبێت، وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکە لە ساڵانی داهاتوو تەماشا دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، رۆدریگۆ یەکێکی دیکە دەبێت لەو یاریزانانەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ مێرەنگێ یەک ملیار یۆرۆ دەبێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، ریال مەدرید هاوکات کۆتایی بەڕێوشوێنی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لە ئێدواردۆ کاماڤینگا و فیدی ڤاڵڤێردیش هێناوە و راگەیاندنیان زۆر نزیکە. هەروەها بەهەمان شێوە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانانەش کراوەتە یەک ملیار یۆرۆ.
 
ڤاڵڤێردی و کاماڤینگا ئاستی بەرچاو لەگەڵ ریال مەدرید پێشکێشدەکەن و یاریزانی سەرەکیی پێکهاتەی یانەکەن لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا.