ئەدیداس سوپرایزێکی گەورە بۆ مێسی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەدیداس، کە سپۆنسەری سەرەکیی لیۆنێل مێسییە، سوپرایزێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەستێرە ئەرجەنتییەکە دەکات، دوای ئەوەی لیۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری هەشتەمی بەدەستهێنا.
 
مێسی شەوی دووشەممە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بۆ جاری هەشتەم، وەک یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان پێدرا.
 
کۆمپانیای ئەیداس بەو بۆنەیەوە، 8 ئەنگوستیلەی زێڕی بۆ لیۆنێل مێسی دروستکردووە و هەریەکەیان بەشێوەیەک نەخشێنراون کە ئاماژەن بۆ سەرکەوتنەکانی لیۆ لە کاروانی یارییکردنیدا.
 
ئەنگوستیلەکان بەپێی ئەو ساڵانە دانراون، کە مێسی تێیدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بردووەتەوە و بەمشێوەیەیە.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2009؛ ئاهەنگی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لەسەرە کاتێک بەرامبەر مانچێستەر یونایتد نازناوەکەیان بردەوە و مێسی پێڵاوەکەی ماچ دەکات.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2010؛ وێنەی ئاهەنگی لیۆنێل مێسیی لەسەرە کاتێک هەردوو دەستی بەرزکردووەتەوە بۆ بیرهێنانەوەی داپیرەی.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2011؛ وێنەی بزنێکی داناوە دوای ئەوەی مێسی سێیەم باڵۆن دۆری لەسەریەکی بەدەستهێنا.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2012؛ ژمارە 91ـی لەسەر دانراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ریکۆردە مێژووییەی مێسی تۆماریکرد، کاتێک لەو ساڵەدا 91 گۆڵی تۆمارکرد.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2015؛ ئاماژەیە بۆ بردنەوەی 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2019؛ وێنەی 6 لاپچینی زێڕی لەسەر دانراوە، کە ئاماژەن بۆ ئەو ریکۆردەی لیۆ.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2021؛ لۆگۆی وڵاتی ئەرجەنتینی لەسەر نەخشێنراوە، دوای ئەوەی مێسی یەکەم نازناوی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدەستهێنا.
 
* ئەنگوستیلەی ساڵی 2023؛ ئەستێرەیەکی لەسەر نەخشێنراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022.



جگە لەم سوپرایزە سەرنجڕاکێشە، کۆمپانیای ئەیداس، پێڵاوێکی تایبەتی بۆ لیۆنێل مێسی دروستکردووە، کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و زۆر سەرنجڕاکێش نەخشێنراوە و ناوی (X Crazyfast)ـە.


پێڵاوە نوێیەکەی مێسی، ناوی خۆی، ئانتۆنێلای هاوژینی و هەموو منداڵەکانی لەسەرە، لەگەڵ بەرواری لە دایکبوونی منداڵەکانی و ژمارە 10ـی لیۆ و ئاڵای ئەرجەنتین.

 
لیۆنێل ئاندرێس مێسی، یەکەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێدا، لە سێ دەیەی جیاواز خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بردبێتەوە، یەکەم یاریزانە لەگەڵ سێ یانەی جیاواز خەڵاتەکەی بەدەستهێنابێت و یەکەم یاریزانیشە لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا خەڵاتەکەی بردبێتەوە.