بەبڕیاری فیفا، ساموێل ئیتۆ بۆ شەش مانگ نابێ لە یاریگەکان ئامادەبێت
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، راگرتنی ساموێل ئیتۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆنی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ئامادەبوون لەسەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی راگەیاند، بەهۆی هەڵسوکەوتی لەکاتی یارییەکی جامی جیهانیی خانمانی خوار 20 ساڵان.
فیفا تۆمەتی 'پێشێلکاری رەوشتیی'، ئاراستەی ئیتۆی هێرشبەری پێشووی بارسێلۆنا، ئینتەرمیلان و هەڵبژاردەی کامیرۆن کردووە.
فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە گوتوویەتی ئیتۆ، هەڵسوکەوتی هێرشبەرییانەی هەبووە و پێشێلی بنەماکانی یاسای رێکخراوەکەی کردووە لەبارەی "یاریی خاوێن و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر یاریزانان و بەرپرسان".
ئیتۆ هەروەها تۆمەتبارە بەگوشارخستنە سەر ناوبژیوانان لە یاریی چارەکی کۆتایی کە تێیدا خانمانی خوار بیست ساڵانی کامیرۆن 1 - 3 بە بەرازیل دۆڕان لە کۆڵۆمبیا.
شاندی هەڵبژاردەی کامیرۆن کە ئیتۆ سەرپەرشتی دەکرد، ناڕەزایەتی زۆریان بەرامبەر لێدانێکی سزا دەربڕی، کە بەهۆیەوە بەرازیل گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، بەرلەوەی دواتر دوو گۆڵی دیکە تۆمار بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەڵێ، "راگرتنی ئیتۆ پەیوەندی بەکاری ئەو، وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن نییە، بەڵکو وەک کەسێک سزادراوە و ناتوانێ بۆ ماوەی شەش مانگ، لە هیچ یارییەکی ئەو هەڵبژاردانەدا ئامادەبێت کە نوێنەرایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن دەکەن".
ساموێل ئیتۆ لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021ەوە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆنی وەرگرتووە و تاوەکو ئێستا لە پۆستەکەی بەردەوامە.