دیێگۆ سیمیۆنی بە ئاستی بارسێلۆنا سەرسامە

دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید پەسنی ئاستی پێکهاتەی یانەی بارسێلۆنای کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە سەبارەت بە یاریی لووتکەی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دیێگۆ سیمیۆنی سازکرابوو، باسی ئامادەکاری تیپەکەی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە گەڕی هەشتەمی لالیگا.

سەەرەتا لەبارەی پێگەی رۆناڵد کومانی راهێنەری بارسێلۆنا پرسیار لە سیمیۆنی کرا، ئەویش بەمشیێوەیە وەڵامی دایەوە: "کومان لە پێگەیەکی ناڕەحەتدایە، ئێمە وەکو راهێنەر دەبێ زۆر رێز لە پێگەی یەکدی بگرین، بۆیە من رێز لە هەوڵ و کارەکانی کۆمان دەگرم، لە ماوەی رابردوودا ئەو کەسایەتییەکی بەهێز و کاریگەری نیشانداوە، بۆیە من هیوای بەختێکی باشتری بۆ دەخوازم".

سیمیۆنی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە ئێستا لە قۆناخی سەرەتایی و ئامادەکاریداین بۆ وەرزێکی دوورودرێژ و پڕ لە ململانێی سەخت، بۆیە ئێمە زیاتر بە خۆمان و کارەکانمەوە سەرقاڵین، نەک قسەکردن لەسەر تیپی دیکە و راهێنەری تیپی دیکە".

سەبارەت بە شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە گوتی: "بارسێلۆنا شێوازی یاریکردنی تایبەت بە خۆی هەیە، کە شێوەی بە کۆمەڵ یاری دەکەن، گوشار لە تیپی دژبەر دەکەن و هەوڵ دەدەن زیاتر لە نیوە یاریگەی تیپی دژبەر پەستان دروست بکەن".

دوای شکستێکی نائومێدکەر  بە ئەنجامی سێ گۆڵ بێ وەڵام بەدەستی بێنفیکا لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت بچێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن بۆ راستکردنەوە رێڕەوی یانەکە.