هەموو شتێک لەبارەی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ و خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ کاژێر 18 بە کاتی باشووری کوردستان، لە هۆڵی RTS لە شاری جنێفی سویسرا، لە مەراسیمێکدا کە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە پشت دەرگا داخراوەکان ئەنجام دەدرێت، تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی 2020 - 2021ـی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت و باشترین یاریزانی ئەوروپاش بۆ وەرزی 2019 - 2020 دەستنیشان دەکرێت.

وەک هەمیشە 32 یانە بەشداری لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەکەن و دابەش دەکرێن بە سەر 4 ئاست، کە لە ئاستی یەکەمدا هەردوو پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ لەگەڵ پاڵەوانی هەر 6 گەورە خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا دەبن، کە بریتین لە بایرن میونشنی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، سێڤییای پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، ریال مەدریدی پاڵەوانی لالیگا، لیڤەرپوولی پاڵەوانی پرێمەرلیگ، یوڤێنتوسی پاڵەوانی سێریا ئەی، پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی لیگ وەن، زینیت سان پێترسبێرگی پاڵەوانی خولی رووسیا و پۆرتۆی پاڵەوانی خولی پۆرتوگال.

لە ئاستی دووەمیشدا یانەکان بریتین لە بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، شاختار، بۆرووسیا دۆرتموند، چێڵسی و ئایاكس.

یانەکانی ئاستی سێیەمیش ئەمانەن: دینامۆکێڤ، لایپزیگ، ئینتەرمیلان، ئۆلمپیاکۆس، لازیۆ، کراسنۆدار، ئاتالانتا و سالزبۆرگ.

یانەکانی ئاستی چوارەمیش ئەمانەن: 

لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ، مارسیلیا، کلەب برۆج، بۆرووسیا مونشانگلادباخ و ئیستەنبۆل باشاک شەهیر، ميتييلاند، رێن و ڤێرنکڤارۆس.


یانەکان دابەشی سەر 8 کۆمەڵە دەکرێن و نابێت دوو یانەی یەک وڵات بکەونە هەمان کۆمەڵە. یارییەکانی یەکەم گەڕی پاڵەوانێتییەکە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن.

یاساکان گۆڕاون

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا چەند بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکانی خۆی لە ماوەی داهاتوودا دەرکرد.

یوفا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ژمارەی گۆڕانکارییەکان بۆ هەر یارییەکی پاڵەوانێتییەکانی یوفا پێنچ گۆڕانکارییە، بەمەش دەبێت یانەکان ژمارەی یاریزانەکانیان بۆ هەر یارییەک لە 18 یاریزانەوە بۆ 23 زیادبکەن، هەروەها لیستی ناوی تۆمارکراوی یاریزانەکانیش زیاددەکرێ.

ئاماژەشیان بەوەکردووە لە حاڵەتی دواخستنی هەر یارییەک لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، دەبێت تا رۆژی 28/1/2021 ئەو یارییە بکرێت، بۆیە دەبێت یانەکان ژمارەی یاریزانەکانیان زیادبکەن و جێگریی بکەن بۆ ئەوەی تووشی هیچ حاڵەتێکی لەناکاو نەبنەوە (وەک ئەوەی یانەی هیلالی سعودی کە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا دوورخرایەوە).

فایناڵی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو لە شاری ئیستەنبووڵ و یاریگەی ئەتاتورک ئارێنا دەکرێ.

باشترین یاریزانی ئەوروپا

  دوای تیروپشکەکە، خەڵاتەکانی باشترینی ئەوروپا بۆ وەرزی 2019 - 2020 دابەشدەکرێن، کە بریتین لە باشترین یاریزانی ئەوروپا، باشترین خانمە یاریزان، باشترین راهێنەر، باشترین گۆڵپارێز، باشترین بەرگریکار، باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و باشترین هێرشبەر.


3 پاڵێوراوی باشترین یاریزان

3 یاریزان بەربژێری سەرەکین بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا، کە بریتین لە کیڤن دی برۆینی یاریزانی بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و هاوڕێیەکەی رۆبەرت لیڤاندۆڤسکیی ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.

دی برۆین، لە 42 یاری پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگدا 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 22 ئاسیستیشی هەبووە.

رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی، لە 41 یاری بۆندێسلیگا و چامپیۆنزلیگدا 49 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 ئاسیستیشی هەبووە.

مانوێل نۆیەر، بەشداری لە 51 یاری وەرزی رابردووی بایرن میونشندا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لەوەی بایرن میونشن هەموو نازناوەکان بباتەوە.

دوای 10 ساڵ، ئەمە جاری یەکەمە ناوی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لیستی کۆتایی بەربژێرەکانی بردنەوەی خەڵاتەکەدا نەبێت، ک مێسی پلەی چوارەم و رۆناڵدۆش پلەی دەیەمی بەدەستهێناوە.

بەربژێرانی خەڵاتی باشترین راهێنەر

ئەمجارە 3 راهێنەر ململانێ لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین راهێنەری ئەوروپا لە وەرزی 2019 - 2020دا دەکەن، کە بریتین لە هەریەک لە:

1 - یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
2 - یولیان ناگلسمان، راهێنەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی
3 - هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

بەربژێرانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز:

1 - مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 - کایلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی
3 - یان ئۆبلاک، گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی

بەربژێرانی خەڵاتی باشترین بەرگریکار:

1 - دەیڤد ئالابا، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 - ئەلفۆنسۆ دیڤێز، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
3 - جۆشوا کیمیچ، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی


بەربژێرانی خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست:

1 - تۆماس مۆلەر، ناوەڕاستکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 - تیاگۆ ئەلکانتارا، ناوەڕاستکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
3 - کیڤن دی برۆین، ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی


بەربژێرانی خەڵاتی باشترین یاریزانی هێرشبەر:

1 - رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 - کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی
3 - نەیمار داسیلڤا، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی

خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا ساڵی 2011 لەسەر پێشنیازی میشێل پلاتینیی سەرۆکی ئەوکاتی یوفا دانرا، بۆ ئەوەی شوێنی خەڵاتی یوفا بۆ باشترین یاریزانی ئەوروپا بگرێتەوە، کە لە لایەن گۆڤاری فرانس فووتبۆلەوە دەدرا، بەڵام دواتر فرانس فووتبۆل و فیفا لەسەر ئەوە رێککەوتن بە هاوبەشی باڵۆن دۆر بدەنە باشترین یاریزانی جیهان.

براوەکانی خەڵاتەکە:

2011 لیۆنێل مێسی
2012 ئاندرێس ئینێستا
2013 فرانک ریبێری
2014 کریستیانۆ رۆناڵدۆ
2015 لیۆنێل مێسی
2016 کریستیانۆ رۆناڵدۆ
2017 کریستیانۆ رۆناڵدۆ
2018 لوکا مۆدریچ
2019 ڤێرجیل ڤان دایک


چۆن براوەکە دەستنیشاندەکرێت؟

دەستنیشانکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانەوە دەکرێت، کە 80 راهێنەری ئەو یانانەی بەشداریان لە قۆناخەکانی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگدا کردووە لەگەڵ 55 رۆژنامەڤان کە سەر بە یوفان، دەنگ دەدەن.

هەر یەکێک مافی ئەوەی هەیە 3 دەنگ بدات، بەڵام هیچ راهێنەرێک بۆی نییە دەنگ بە یاریزانێکی یانەکەی بدات.
 
ریزبەندی لە 4 تاوەکو 10:

بێجگە لە 3 بەربژێری سەرەکی خەڵاتەکە، ریزبەندیی باشترین یاریزانانی ئەوروپا لە پلەی چوارەمەوە تاوەکو دەیەم، بەمشێوەیە:

4 - لیۆنێل مێسی 53 دەنگ
5 - نەیمار داسیلڤا 53 دەنگ
6 - مۆلەر 41 دەنگ
7 - کیلیان ئێمباپێ 39 دەنگ
8 - تیاگۆ ئەلکانتارا 27 دەنگ
9 - جۆشوا کیمیچ 26 دەنگ
10 - کریستیانۆ رۆناڵدۆ 25 دەنگ.