سعودیە 15 یاریگەی ناوازەی بۆ مۆندیال ئامادە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی 2034 لە سعودیە بەڕێوەدەچێت و ئەو وڵاتە 15 یاریگای جیاوازی ئامادەکردووە و بەڵێندەدات کە باشترین مۆندیال لە مێژوودا بەڕێوەببات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا)، بەشێوەیەکی فەرمی میوانداریکردنی سعودیەی بۆ مۆندیالەکە ئاشکراکردووە و حکومەتی سعودیە دۆسێی پاڵەوانێتییەکەی رادەستی فیفا کردووە.
لە پلانەکەدا روونکراوەتەوە کە پاڵەوانێتییەکە لە پێنج شاری جیاوازی سعودیە دەبێت، کە بریتین لە 'ریاز، جەدە، خوبەر، ئەبها و نیۆم'.
شاری نیۆم یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی سعودیە کە دەبێتە یەکەم شاری زیرەک لە جیهاندا.
یارییەکانی مۆندیالی 2034 لە 15 یاریگای جیاواز ئەنجامدەدرێن کە 11 یاریگەیان بە تەواوی نوێ دەبن و بەشێک دەبن لە پڕۆژەی ئامادەکاری بۆ مۆندیال. هەشت یاریگەی پاڵەوانێتییەکە لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبن، چوار یاریگە لە جەدە، یاریگەیەکیش لە هەریەک لە شارەکانی نیۆم، خوبەر و ئەبها دەبن.
یاریگەی شا سەلمان گەورەترین یاریگە دەبێت کە 92000 هاندەر لەخۆ دەگرێت و پێشبینیکراوە یاریی کردنەوە و کۆتایی مۆندیالەکەی تێدا بەڕێوەبچێت و ببێت بە یاریگای سەرەکی هەڵبژاردەی سعودیە.
سعودیە 132 بنکەی راهێنانی ئامادە کردووە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردە بەشداربووەکان کە دابەشدەبن بەسەر 15 شاری جیاوازدا، 72 یاریگەی تایبەت بە کەمپی مەشقکردنی هەڵبژاردەکان دەبێت و 2 یاریگە بۆ مەشقکردنی ناوبژیوانان ئامادە دەکرێت.
هەروەها لە دۆسێیەکەدا، سعودیە 10 شوێنی تایبەت بە کۆبوونەوەی هاندەران ئامادە دەکات کە تێیاندا فێستیڤاڵی هاندەران بەڕێوەدەچێت.
سعودیە دەبێت بە یەکەم وڵات لە مێژوودا، مۆندیالێکی 48 هەڵبژاردەیی بەتەنیا بەڕێوەببات. لە کاتێکدا مۆندیالی 2026 لە سێ وڵات بەڕێوەدەچێت کە ئەوانیش 'ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک'دەبن.
هەرچی مۆندیالی 2030ە لە شەش وڵاتی جیاواز بەڕێوەدەبرێن، کە ئەوانیش 'مەغریب، ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئەرجەنتین، ئۆرۆگوای و پاراگوای'دەبن.
لەگەڵ ئاشکراکردنی دۆسێی مۆندیالی سعودیەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی ئێکس، پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەی بەڕێوەبردنی مۆندیال لە سعودیە راگەیاند و گوتی "سعودیە، جیهان بانگهێشت دەکات تاوەکو لەگەڵمان گەشتێکی ناوازە لەم وەرزشە جیهانییە بکەن".