ڤیدیۆ؛ سێڤییا مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی سێڤییای ئیسپانی مێژووییەکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپا تۆمارکرد و بۆ جاری حەوتەم لە مێژوویدا نازناوی یۆرۆپالیگی بردەوە.
 
لە یاریی کۆتاییدا کە لە یاریگەی پوشکاش ئارێنا لە هەنگاریا بەڕێوەچوو، هەردوو یانەی سێڤییای ئیسپانی و رۆمای ئیتاڵی رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە ئیسپانییەکە بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 35 پاوڵۆ دیبالا گۆڵێکی بۆ یانەی رۆما تۆمارکرد، یانە ئیتاڵییەکە پێشکەوت و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 55 جیانلوکا مانچینی بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ سێڤییا یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە لەنێو بەرگرییەکی زۆری رۆما و ترسی سێڤییادا لە کاتی ئاساییدا بەیەکسانبوون کۆتاییهات و هەردوولا پەنایان بردە بەر 30 خولەکی کاتی زیادکراو.
 
لە کاتی زیادکراودا هیچ گۆڵێکی دیکە نەکرا و لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بووە خاڵی یەکلاکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
سێڤییا لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا باشتر بوو و بە 4-1 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و نازناوەکەی بردەوە.
 
ئەمە جاری حەوتەمە یانە ئیسپانییەکە نازناوی یۆرۆپالیگ بباتەوە، 7 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و هەموو یارییەکانی کۆتایی بردووەتەوە.
 
بەبردنەوەی نازناوەکەش یانەکە راستەوخۆ گەیشتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بەمەش وەرزی داهاتوو 5 یانەی ئیسپانی بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن.
 
جۆزێ مۆرینیۆ یەکەمجارە لە یاریی کۆتاییدا لەسەر ئاستی ئەوروپا بدۆڕێت و نەیتوانی یۆرۆپالیگ بۆ یانەکە بباتەوە.