ئاتلێتیكۆ مه‌درید سكاڵا له‌سه‌ر بارسا تۆمار ده‌كات

رووداو ـ هه‌ولێر

چه‌ند راپۆرتێكی رۆژنامه‌ڤانی له‌ ئیسپانیا، رایانگه‌یاند كارگێڕی یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌نیازه‌ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر بارسێلۆنا تۆمار بكات، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نتوان گریزمانی ئه‌ستێره‌ی فه‌ره‌نسی یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌، بارسا ئه‌وه‌ جاری دووه‌مه‌ به‌ نهێنی و بێ ئاگاداری به‌رپرسانی ئاتلێتیكۆ مه‌درید دانوستان له‌گه‌ڵ گریزمان ده‌كات، كه‌ دوای كۆتاییهاتنی وه‌رزی ئه‌مساڵ رۆیشتنی خۆی له‌ یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، بێئه‌وه‌ی رووگه‌ی نوێی خۆی ئاشكرا بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاتلێتیكۆ مه‌درید نوێكردووه‌ته‌وه‌.


به‌ قسه‌ی به‌رپرسانی ئاتلێتیكۆ مه‌درید، بارسا ئه‌وه‌ دووه‌مجاره‌ به‌ نهێنی دانوستان له‌گه‌ڵ گریزمان ده‌كات و ده‌ڵێن "به‌رپرسانی یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ له‌ ئاداری رابردوودا و به‌ دیاریكراویش پێش یاری قۆناخی هه‌شته‌می چامپیۆنزلیگ له‌ نێوان ئاتلێتیكۆ مه‌درید و یوڤێنتوس قسه‌یان له‌گه‌ڵ گریزمان كردووه‌و رازییان كردووه‌ بچێته‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌".


به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئێستا به‌رپرسانی ئاتلێتیكۆ مه‌درید بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی بارسا تۆمار بكه‌ن و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بده‌نه‌ پاڵ كه‌ له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاری وه‌رزدا به‌ نهێنی دانوستانی له‌گه‌ڵ یاریزانێكی كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ سزایان له‌سه‌ره‌.

گریزمان رۆیشتنی خۆی له‌ ریزه‌كانی یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌ خۆی و نه‌ بارسێلۆناش باسیان له‌ هیچ جۆره‌ رێككه‌وتنێك نه‌كردووه‌.