ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ هۆکاری دەمەقاڵێکەی نێوان سەڵاح و کڵۆپ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ، هۆکاری کێشە و دەمەقاڵێکەی نێوان محەممەد سەڵاح، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەکە ئاشکرا دەکات. 
 
لە گەڕی 35ـی یارییەکانی پرێمەرلیگ، وێستهام رووبەڕووی لیڤەرپوول بووەوە و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتایی هات. لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، کێشە و دەمەقاڵێ کەوتە نێوان یۆرگن کڵۆپ و محەممەد سەڵاحی هێرشبەری یانەکە. هەرچەندە دوای یارییەکە کڵۆپ رایگەیاند کە لە ژووری جلگۆڕین قسەی لەگەڵ هێرشبەرە میسرییەکە کردووە و کێشەکان کۆتایی هاتوون، بەڵام سەڵاح رەتی کردەوە باسی رووداوەکە بکات و گوتی "ئەگەر قسە بکەم، ئەوا ئاگر هەڵدەگیرسێت."
 
لای خۆیەوە میكێل ئەنتۆنیۆ، هێرشبەری یانەی وێستهام رایگەیاند کە لە نێو یاریزانانی یانەکەیدا باس لە دەمەقاڵێکەی نێوان کڵۆپ و سەڵاح کراوە، ئەو دەڵێت "من هیچ زانیارییەکی تەواوم لەبارەی رووداوەکەوە نییە، بەڵام هاوتیپەکانم باسی دەکەن و منیش ئەوە دەڵێم کە لەوانم گوێ لێبووە."
 
ئەنتۆنیۆ زیاتر دەڵێت "هەمیشە کاتێک یاریزانێکی لیڤەرپوول لەسەر کورسی یەدەگ هەڵدەستێت و خۆی ئامادەدەکات بێتە ناو یاریگەوە، کڵۆپ دەچێتە لای و باوەشی پێدادەکات و هیوای بەختێکی باشی بۆ دەخوازێت، بەڵام ئەمجارەیان سەڵاح بە ئاراستەیەکی دیکەدا رۆشت و خۆی سەرقاڵ کرد. کڵۆپ دەستی درێژکرد و ویستی تەوقەی لەگەڵدا بکات، سەڵاحیش تەنیا بەدەستیدا کێشا."
 
هێرشبەرەکەی وێستهام زیاتر دەڵێت "کڵۆپ بەو رەفتارەی سەڵاح تووڕە دەبێت و پێی دەڵێت "دەتەوێت داتنیشێنمەوە؟"، بەڵام کەس پێی نەگوتم کە وەڵامی سەڵاح چیبووە."
 
کێشەکەی نێوان سەڵاح و کڵۆپ لە کاتێکدایە، کە هاوینی داهاتوو راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە لیڤەرپوول دەڕوات و واز لە پۆستەکەی دەهێنێت. بەپێی هەواڵەکان، رەنگە بەهەمان شێوەی کڵۆپ، ئەمە دوایین وەرزی سەڵاحیش بێت لە لیڤەرپوول و دوای ئەم وەرزە یاریزانەکە رەنگە پەیوەندی بە خولی سعودییەوە بکات.