کێشەیەکی گەورە بەرۆکی ریال مەدرید دەگرێت

رووداو هەولێر 

پێشبینی دەکرێت کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید، بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە، کە پەیوەندی بە لونینی گۆڵپارێزی ئۆکراینیی یانەکەوە هەیە.
 
ئەگەر گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە سەرکردایەتی تیپی شاهانە بکات بۆ بردنەوەی هەردوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ، ئەوا وەرزی داهاتوو رۆڵی یەدەگ قبوڵ ناکات، ئەمەش هەڕەشە لە تیبۆ کۆرتوا دەکات.
 
ئاندرێ لۆنین تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە لونین بیر لە رۆیشتن لە یانەکە لە هاوینی داهاتوو دەکاتەوە، یان لە هاوینی 2025 بەبێ بەرامبەر دەڕوات، ئەگەر گۆڵپارێزی سەرەکی مێرێنگێ نەبێت.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە لونین 3 دەستەوارەی گەورەی لە 3 یانەی گەورەوە بۆ هاتووە، لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی.
 
ئاندرێ لونین ئێستا لە دۆخێکی درەوشاوەدا دەژیت، دوای ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر سێیەم گۆڵپارێز بوو لە ریزەکانی مێرێنگێ.
 
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو تیبۆ کۆرتوای بەلجیکی تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو، هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دەستیان خستە سەر دڵیان، ترسیان لە داڕمانی ئەم وەرزە هەبوو، بەتایبەتی دوای گواستنەوەی کێپا ئاریزابالاگای گۆڵپارێزی چێڵسی بەشێوەی خواستن، کە هیچ متمانەیان بەتواناکانی نەبوو.
 
گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە متمانەی هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی بەدەستهێنا، دوای ئەو ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکێشی کرد، بەتایبەتی کە رۆڵی سەرەکی بینی لە یارییەکەی مانچێستەر سیتیدا.
 
گۆڵپارێزە تەمەن 25 ساڵەکە دوو لێدانی سزا، بێرناردۆ سیلڤا و ماتیو کۆڤاسیچ گەڕاندەوە، جگە لەوەی لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا درەوشایەوە، و ریالی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی، هەروەها دڵی هاندەرانی مێرێنگێی بەدەستهێنا.