تۆخێل لۆمەی یاریزانێکی دەکات و بەهۆکاری لێکرانی هەردوو گۆڵەکەی ریال مەدریدی دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
تۆماس تۆخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن لۆمەی یاریزانێکی یانەکەی دەکات و بەهۆکاری لێکرانی هەردوو گۆڵەکەی ریال مەدریدی دادەنێت.
 
لە میانی یارییەکانی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی بایرن میونشن لە نێو یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری ریال مەدریدی کرد و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتایی هات. بەشێکی زۆری میدیاکان و هاندەران، کیم مین جایی بەرگریکاری یانە باڤارییەکە بە هۆکاری نەبردنەوەی یارییەکە لەلایەن بایرن میونشنەوە دەزانن، بەشێوەیەک کە لە گۆڵی یەکەمدا کیم بۆشایی دەدات بە ڤینیسیۆس جونیۆر و ئەویش گۆڵی یەکەمی لۆس بلانکۆس تۆماردەکات، دواتریش لە خولەکی 83ـی یارییەکەدا، کیم هەڵەیەکی دیکە دەکات و لە نێو هێڵی سزای یانەکەیدا رۆدریگۆ بەردەداتەوە و بەوهۆیەوە لێدانی سزای لەسەر هەژماردەکرێت، ڤینیسیۆسیش توانی بەسەرکەوتووی لێدانە سزاکە جێبەجێ بکات و گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی پێتۆماربکات.
 
تۆماس تۆخێل لەبارەی هەڵەکانی کیم مین جایەوە دەڵێت "ئەو دوو جار پەلەی کرد. لە گۆڵی یەکەمی ریال مەدریددا کیم پەلەیکرد لە بڕیارداندا و تۆنی کرووسیش ئەو هەلەی قۆستەوە و پاسی بە ڤینیسیۆسدا."
 
تۆخێل زیاتر دەڵێت "بەداخەوە دواتر کیم هەڵەیەکی دیکەی کرد و بووە هۆی گۆڵی دووەمی ریال مەدرید. لە کاتی هێرشەکەیاندا، ئێمە پێنج یاریزانمان لە نێو هێڵی سزابوو، لەبەرامبەردا ئەوان تەنیا دوو یاریزانیان لەوێ هەبوو، ئێمە ژمارەمان زیاتربوو و هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد ئاوا شەڕانگێزانە بەرامبەر رۆدریگۆ رەفتاربکات. ئەوان خاوەنی کواڵێتی بەرزن و بەداخەوە کاتێک کە هەڵەی لەم شێوەیەیان بەرامبەر دەکەیت، سزات دەدەن و گۆڵت لێتۆماردەکەن."
 
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، بەرواری 8-5-2024، یاریی گەڕانەوە لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە ریال مەدرید ئەنجامدەدرێت و براوەی یارییەکە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەردەکەوێت.