ئەمڕۆ خولی فەرەنسا گڕدەگرێت

رووداو دیجیتال

یانەی مارسیلیا لە یاری یەکەمی گەڕی 35ـی لیگ وەندا لەسەر یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی ستراسبۆرگ یەکسانبوو، پلەی پێنجەمی ریزبەندی بۆ یانەی لانس بەجێهێشت، کە ئەمڕۆ لە یارییەکی گرنگدا رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە. 

ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی دوو یاری ئاگرین، خولی فەرەنسا گڕدەگرێت، بەو پێیەی هەردوو یانەی لیلی یەکەمی ریزبەندیی و پاریس سانجێرمانی دووەم دوو یاریی زەحمەت ئەنجام دەدەن.

کاژێر 18:00 بە کاتی باشووری کوردستان، پاریس سانجێرمانی دووەمی ریزبەندی بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ، لەسەر یاریگەی پارکی شازادەکان میوانداری لانسی پێنجەم دەکات.

تیپەکەی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ بۆ ئەم یارییە گرنگترین یاریزانی خۆی، کیلیان ئێمباپێی لەدەستداوە، کە لە مەشقەکانی یانەکەدا تووشی پێکان بووە و ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات، سەرەڕای ئەوەش هاوڕێیانی ئێمباپێ باش دەزانن کە بەدەست نەهێنانی 3 خاڵی ئەم یارییە واتە هەنگاوێک کشانەوە بۆ دواوە لە رکابەریکردنیان لەسەر نازناوەکە، کە لە دوایین 3 وەرزدا پاڵەوان بوونە.

ئەم یارییە لە کاتێکدایە، کە یانەی پاریسی دوای 3 رۆژ لەم یارییە گەشتی ئینگلتەرا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە لە یاریی چووندا 1 - 2 بە یانە ئینگلیزییەکە دۆڕاوە.

لە دووەم یارییدا لیلی پێشەنگ، کە تەنیا خاڵێکی لە پاریس سانجێرمان زیاترە، میوانداری نیسی نۆیەمی ریزبەندی دەکات، بەهیوای بەدەستهێانی 3 خاڵی یارییەکە و بەردەوام بوون لە پێشڕویکردن بەرەو نازناوەکە، کە لەوەتەی وەرزی 2010 - 2011ـەوە نەیتوانیوە نازناوەکە بباتەوە.

لیل و راهێنەر و یاریزانەکانی ئەوە باش دەزانن کە لەدەستدانی هەر خاڵێکی دیکە لەوانەیە کۆتایی خەونەکەیان بێت، چونکە رکابەرەکەیان پاریس سانجێرمانە و دەتوانێت هەر دەرفەتێک کە بۆی بڕەخسێت بە باشی و سەرکەوتوویی بقۆزێتەوە.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

پاریس سانجێرمان - لانس 18:00
لیل - نیس 22:00