خولی فەرەنسا هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەرە

رووداو - هەولێر

هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسا یەکەم کاردانەوەی مەترسیداری لێکەوتەوە و بووە هۆی مایەپووچبوونی بەشێک لە یانەکان.

دوای ئەوەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا رایگەیاند، یارییەکانی ئەم وەرزەی سەرجەم خولەکانی وڵاتەکەی هەڵوەشایەوە و پاریس سانجێرمانیشی وەکو پاڵەوانی ئەم وەرزە دیاریکرد، ئێستا بەشێک لە یانانە ناڕازین بەرامبەر ئەم بڕیارە و دەڵێن بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی خولەکە یانەکەمان مایەپووچ دەبێت.

یانەکانی ریزبەندی خوارەی خولەکە 243 ملیۆن یۆرۆ زیانیان بەرکەوتووە تەنیا ئەمەش لە گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارەکەیان بۆ هەردوو کەناڵی پەخشی خولەکە بی ئین سپۆرت و کەناڵ پلەس، ئەمە جگە لە پارەی رێکلامی یانەکە و سپۆنسەرەکانیان.

سەرەڕای هەموو ئەم زیانانە یانەکان ناتوانن مووچەی یاریزانانیان بدەن و تەنانە بەشێک لەو یانانە زۆربەی کارمەندانی یانەکانیان لە کارەکانیان لاداوە و بەهۆی ئەم هەموو زیانەوە یانەکانیان ئیفلاسیان کردووە.