ئەمڕۆ یاری کلاسیکۆی کوردستان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕی بیست و یەکی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی هەولێر دەکات.
یانەی هەولێر لە بارودۆخێکی باشدا نییە، لە 7 یاری رابردوویدا نەیتوانیووە سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام لوئەی سەڵاحی راهێنەری یانەکە دوای وەرگرتنی ئەرکەکەی ژمارەیەک یاریزانی بەهێزی هێناوە و هیوای گەڕاندووەتەوە دڵی هاندەرانی یانەکە.
تەها قادر، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەلێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەموو یارییەک بۆ ئێمە گرنگە و لە دوو رۆژی رابردوودا کارمان لەسەر زۆر لایەنی تەکتیکی تیپەکەمان کردووە، ئێمە هەوڵی بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکە دەدەین، لە یارییەکانی رابردووش بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی دۆڕاوین".
یانەی پایتەخت بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە یاریزانان محەممەد حەسەن، محەممەد عەدنان واژۆکرد، بەڵام لەم یارییەدا هەردی سیامەندی کاپتنی تیپەکە بەهۆی وەرگرتنی 3 کارتی زەرد و نەوزاد عەبدولحەمید بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانن یاری بکەن.
شوان مامۆ، یاریزانی ناسراوی یانەی هەولێر لەبارەی ئاستی تیپەکەیان، گوتی "بەداخەوە هێرشبەرێکی سەرەڕم لە تیپەکەمان نییە، بەڵام بەڵێن بە هاندەران دەدەین لەدوای هاتنی ژمارەیەک یاریزان دەگەڕێینەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆمان".
سامی بەحت، راهێنەری نوێی یانەی زاخۆش، لەبارەی ئەو یارییەوە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاری کلاسیکۆی کوردستان دووپاتکردەوە و داوای لە هاندەرانی زاخۆ کرد، پشتگیری یانەکەیان بکەن و گوتی "ئێمە پێویستیمان بە کاتە، بۆ ئەوەی ببینە تیپێکی باشتر".
بەر لە یاری کلاسیکۆی کوردستان، یانەی هەولێر 20 خاڵی هەیە و لە پلەی چواردەی ریزبەندیی خولی عێراقە، یانەی زاخۆش بە وەرگرتنی 30 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە.