ڤان دی بیک خۆی لە دۆزەخی مان یونایتد رزگارکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر یونایتد پەیوەندی بە بوندێسلیگاوە دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە بدرەوشێتەوە.
 
دۆنی ڤان دی بیک، یاریزانی هۆڵەندی و یانەی مانچێستەر یونایتد بە خواستن پەیوەندی بە یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتەوە دەکات، بەپێی گرێبەستەکە فرانکفۆرت جگە لە پارەی خواستنەکە، بەشێکی زۆری مووچەی یاریزانەکە دەدات و مەرجێکی گرێبەستەکە ئەوەیە یانە ئەڵمانییەکە دەتوانێت لە هاوینی ئەمساڵدا بە بڕی 9.5 ملیۆن پاوەند و 2.6 ملیۆن پاوەند گۆڕانکاری، گرێبەستی یاریزانەکە بکاتە هەمیشەیی. 
 
ڤان دی بیکی تەمەن 26 ساڵ، لە ساڵی 2019 توانی لەگەڵ یانەی ئایاکس ئەمستەردام ئاستێکی نایاب پێشکێش بکات و یارمەتی یانەکەی بدات لە گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئاستە ناوازەکەی ناوەڕاستکارە هۆڵەندییەکە وایکرد وەک یەکێک لە پاڵێوراوانی باڵۆن دۆر دەستنیشانبکرێت و سەرنجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا بۆ لای خۆی رابکێشێت، لە کۆتاییدا مانچێستەر یونایتد گرەوەکەی لە یانەکانی دیکە بردەوە و ڤان دی بیکی گواستەوە یانەکە. 
 
یاریزانەکە لەو کاتەوەی هاتووەتە یانە ئینگلیزییەکە، نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە لێی چاوەڕێ دەکرا و لەم وەرزەدا تەنیا 21 خولەک بەشداری یارییەکانی کردووە، لە پێناو یاریکردنی زیاتر تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە یانەی فرانکفۆرتەوە دەکات.
 
ڤان دی بیک لە ساڵی 2020 بە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئایاکسەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکەدا بەشداری لە 62 یاری کردووە و تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە.