ئەرجەنتین نایەوێت کەس شوێنی مارادۆنا و مێسی بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، بڕیاریدا رێز لە ئەفسانەی خۆی، لیۆنێل مێسی بگرێت، بەهەمان شێوەی دیێگۆ مارادۆنا، کە فیدراسیۆنەکە پێش زیاتر لە 20 ساڵ رێزی لێگرت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، رێزی لە دیێگۆ مارادۆنا گرت بە لابردنی درێسی ژمارە 10 بۆ ماوەیەک، کە ئاریێل ئۆرتیگا وەک دوا یاریزان هەڵبژێردرا کە ئەو درێسە لەبەر بکات، چونکە خولیۆ گرۆندۆنای سەرۆکی ئەوکاتی فیدراسیۆنەکە سووربوو لەسەر لابردنی درێسەکە.
فیفا داواکاری ئەرجەنتین بۆ لابردنی درێسی ژمارە 10 لە مۆندیالی 2002 رەتکردەوە، بەڵام ئەرجەنتین هیوادارە لە کاتی وازهێنانی لیۆنێل مێسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ژمارەکە لاببات.
کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاند "کاتێک مێسی واز لە یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەهێنێت، رێگە بەهیچ یاریزانێکی دیکە نادەین لە دوای ئەو درێسی ژمارە 10 لەبەربکات، ئەم ژمارەیە بۆ هەتا هەتایە لادەبرێت وەک رێزێک بۆ مێسی، ئەمە کەمترین شتە کە دەتوانین بۆی بکەین.
لیۆنێل مێسی هێشتا پابەندە بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، تەنانەت دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە قەتەر مۆندیالی بردەوە و هەشت تۆپی زێڕینی بەدەستهێنا.
کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئینتەرمەیامی دەیەوێت بۆ جاری دووەم نازناوی کۆپا ئەمریکا بەرزبکاتەوە، کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بەهۆی پابەندبوونی نێودەوڵەتییەوە لە حەوت یاریی خولی ئەمریکیدا بەشداری نەکات.
لیۆنێل مێسی، لە 180 یارییدا 106 گۆڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکردووە، و هەرگیز کەسێکی دیکەی هاوشێوەی ئەو نابێت، کە بڕیارە ئەرجەنتین وەک دیێگۆ مارادۆنا ئاهەنگ بگێڕێت بۆ دەستکەوتە سەرسوڕهێنەرەکانی.