مێژوو و پێوەرەکانی باڵۆندۆر چین؟
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بۆ جاری شەشەم خەڵاتی باڵندۆری وەرگرت. کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان مێسی و ڤیرجیل ڤان دایکی هۆڵەندی هەبوو و لەکۆتاییدا بەجیاوازی حەوت خال مێسی براوە بوو.
باڵندۆر خەڵاتێکە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لە ساڵی 1956ـەوە دەبەخشرێتە باشترین یاریزانی ساڵ، هەموو ساڵێک یاریزانەکان کێبڕکێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرنگە تاکەکەسییە. لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2015، لەڕێگەی رێککەوتنێک لەنێوان گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ و فیفا خەڵاتەکە بەهاوبەشی دابەشدەکرا، بەڵام پاش ئەوەی جیانی ئینفانتینۆ بووە سەرۆکی فیفا، کۆتایی بە رێککەوتنەکە هێنا.
سەرەتا خەڵاتەکە تاوەکو ساڵی 1994 بۆ باشترین یاریزانی ئەوروپی بوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو دیێگۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی و پێلێی بەڕازیلی هەرگیز براوەی ئەم خەڵاتە نەبوون. پاشان لە 1995 تاوەکو 2006 خەڵاتەکە دەدرایە باشترین یاریزان لە خولەکانی ئەوروپا، ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار خەڵاتەکە بووە خەڵاتێکی جیهان و درایە باشترین یاریزانی جیهان.
رۆژنامەنووس، راهێنەر و کاپتنی هەڵبژاردەکان دەتوانن دەنگبدەن و باشترین یاریزان دیاریبکەن. هەر کەسێکیان پێنج یاریزان هەڵدەبژێرن و بەپێی پلەبەندی یاریزانەکان خاڵیان پێدەدرێت، پاشان هەموو خاڵەکان کۆدەکرێنەوە و براوەی باڵندۆر دەستنیشاندەکرێت.
هەندێک لە ئامارەکانی باڵندۆر:
- زۆرترین براوەی خەڵاتی باڵندۆر، لیۆنێڵ مێسی ئەرجەنتینییە، بەبردنەوەی شەش جار
- لاوترین براوەی باڵۆندۆر، رۆناڵدۆ دالیمای بەرازیلی بوو لە تەمەنی 20 ساڵی
- بەتەمەنترین براوەی باڵۆندۆر، ستانلێی ماتیۆی ئینگلیزی بوو لە تەمەنی 41 ساڵی
- تەنها یەکجار گۆڵپارێز براوەی ئەم خەڵاتە بووە ئەویش لێڤ یاشینی رووسی بوو