خودا لە گوتاری سەلەفیانەی کورددا
ئایین پێناسه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ و ئه‌مه شتێکی تایبه‌ت نه‌بووه که له جیهانی مۆدێرن و ساتی ته‌قینه‌وه‌ی زانست و شۆڕشه پیشه‌ییه‌کاندا مرۆڤ پێیبگات، به‌ڵکوو ئایین وه‌کوو پێکهاتێکی کولتووری له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رده‌م و ڕووداوێک‌دا مانا و فۆرمه‌که‌ی گۆڕاوه.
تەنها ئاستی هۆشیاری ئەم گۆڕانکارییانە ماهییەتی تێڕوانین و پێناسەی ئێمەی بۆ ئایین دەستنیشان کردووە، یانی کاتێک مرۆڤی ئاوەزمەند لەسەر ئاوەزداربوون و بیرکردنەوەی خۆی هۆشیار بووەوە و خۆهۆشیاری شکڵی گرت.
وه‌کوو پێکهات هه‌موو ئایینه‌کان ناوه‌ندێکی قودسی و جه‌وهه‌رییان هه‌بووه و شه‌ڕه‌کانی مێژووش به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م ناوه‌نده قودسییانه بووه. به‌ڵام شه‌ڕی ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان له سه‌ر ئه‌م شته ناوه‌ندییانه نه‌بووه، به‌ڵکوو له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی جیایان بۆ کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی کولتووری و له هه‌مووی گرینگتر فۆرمی ده‌سه‌ڵات بووه بۆ جێبەجێکردن و پیادەکردنی ئەو فامە لە ئایین کە پێیان درووستە.
له چاخی ڕینیسانسدا گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ر که به‌رده‌وام ده‌هاته به‌رده‌م نۆژه‌نکردنه‌وه و گۆڕانی کۆمه‌ڵگا هه‌ر باوه‌ڕداره بناژۆخوازه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بوون، به‌ڵام ڕێنیسانس ڕێگای خۆی بەناو ڕیفۆرمی ئایینی و چاکسازیدا دۆزییه‌وه و له ئیتالیا و فه‌رانسه و دواتر سەرتاپای ئەوروپای ڕۆژئاوا گه‌یشته ته‌شقی خۆی تا سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری لێکه‌وته‌وه و مرۆڤی بیرمه‌ند و سووژه‌ی درووست کرد که به‌رپرسیارێتی خۆی وه‌کوو کائینێکی بیرمه‌ند وه ئه‌ستۆ بگرێت.
ئێستا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه لێره‌دا مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و داکه‌وتن و ڕیفۆرم و لێدان و خوێندنه‌وه‌ی ئایین له ڕۆژئاوادا شی بکه‌مه‌وه، مه‌به‌ستمه له‌سه‌ر بابه‌تێک بوه‌ستم که ماهیەتی مێژوویی ئایین و ده‌رکه‌وته ئاینییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیمان بۆ دەنهخشێنێ.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی لە مێژووی زەینییەت و تێڕوانینی ئایینی کوردی‌دا که‌سانی وه‌کوو مه‌لا هه‌ڵۆ و مه‌لا عه‌بدولله‌تیف و ته‌نانه‌ت زۆر ڕوخساری دیکه‌ش باوه‌ڕیان وایه خودا ته‌نها یەک مانای هەیە و ئەویش هەر ئەو مانا تایبەتی و فەردییەیە کە لای ئه‌وان هه‌یه؟ واتە بۆچی ئەوان ناتوانن قایل بەوە بن کە خودا مانا و ڕۆڵ و ماهییەتی جیاجیای لای مرۆڤەکان هەیە؟ لە پشت ئەم تێڕوانینەدا یەک گریمانە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە "مرۆڤ مافی نییە بیر بکاتەوە" بەو واتەیەی ئێمە دەبێ ملکەچی تێڕوانینێک بین کە بەناو بەرداشی مێژوودا هاتووە و دەبێ ئەم مێژووەش یەک فۆرم لە ئینسان و بیرکردنەوە بەرهەم بێنێت! ئێمه ده‌توانین بڵێین کێشه‌ی مرۆڤی ئێمە لە بنەمادا له‌گەڵ بوونی خودا نییه، بەڵکوو کێشەی له‌گه‌ڵ بوونی یه‌ک مانا لە خودا هه‌یه که ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر زه‌وی کورسی و پله‌یه‌کی بۆ دانێن و ده‌سه‌ڵاتێکی بێ‌سنوور و تۆقێنه‌ری بۆ ده‌ستنیشان بکه‌ن و ئەمە ڕاست پێچەوانەی کرۆکی هەندێ ئایەت و کۆنتێکستی مێژوویی ئاینییشە (هەڵبەت بە تەئویلی من وەکوو گومانکەر و پرسیارکەر و تەئویلگەر! مرۆڤ بوونەوەرێکی تەئویلگەرە!) خودا لای مه‌لا هه‌ڵۆ وەها وێنای بۆ کێشراوە: "خودایه‌که به زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ی کردووه و له‌ناو زه‌مه‌ن و زمانێکی تایبه‌تدا قه‌تیس ماوه، خودایەکە هیچ توێ و توێژاڵێک لە قسەکانیدا نییە و هەموو شتێکی بە ڕوونی گوتووە".
سەرەڕای ئەوەی کە لە دیدی زمانناسییەوە شتی وا هەر نابێ، واتە ئێمە ناتوانین هیچ دەلالەت و میتافۆڕ و مەجازێک ببینینەوە کە یەک واتای بۆ هەموو مرۆڤەکانی گۆی زەوی بەو هەموو کو‌لتوور و پێکهاتە زمانی و ئایینی و مێژووییە جیاجیایەوە، هەبێت.
به‌ڵام مه‌رجیش نییه مه‌لا هه‌ڵۆ له‌سه‌ر ئه‌مه هۆشیار بێت کە وەها گریمانەگەل و تێڕوانینێکی هەیە، چوون ئیمان و باوەڕی ئایینی وەکوو چاوبەستکەرییەکە هۆشیاری ڕۆڵی تێدا ناگێڕێت، بەڵکوو ئەفسون و توانەوە عەقڵ بە قازانجی ئیمان شل دەکەن، هەرچەند نابێت وەها بڕیارێکی ڕەهاش قبووڵ بکەین کە ئیمان لە بەردەم عەقڵدا قوربانی بکەین یان بە پێچەوانەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بنه‌مای تێگه‌یشتنی ئه‌و بۆ خودا ئیمان و باوه‌ڕه نه‌ک پرسیار و گومان.
له مێژووی ئایینه‌کانی دیکه‌دا و ته‌نانه‌ت لە ئیسلامیشدا باوهڕبهخودابوون قه‌ت به‌مانای ئه‌وه نه‌بووه گومان و پرسیارت نه‌بێ، قه‌ت به‌و واتایه نه‌بووه که تۆ ناتوانی "نازانمخواز" و ئاگنۆستیک بی و لە هەمان کاتیش‌دا ڕێز له باوه‌ڕه‌کانی دیکه بگریت. مانای خودا به‌و شێوه‌یه‌ی که له خیتاب و گوتاری زاره‌کی مه‌لایانی وه‌ک هه‌ڵۆ و عه‌بدولله‌تیف و... ده‌رده‌که‌وێت به‌تاڵه له‌و خودا لامه‌کان و لازهمانهی که له جه‌وهه‌ری دیندا هەندێک لە موتەکەلیم و بیریارە ئیسلامییەکان باسیان کردووە.
مەلایانی وەک ئەمان باسی واتای تاقانەی خودایه‌ک ده‌که‌ن که 1400ساڵ پێش ئێستا و به‌پێی زهروریاتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری، سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابووری پێناسه کراوه نەک باسی خودایەکی تاقانە و تاک، ئەوان باسی تێڕوانینی خودا بۆ مرۆڤ ده‌که‌ن که له ئه‌زه‌له‌وه بۆ ئه‌به‌د هیچ گۆڕانکارییه‌کی به‌سه‌ردا نایه‌ت. دەبێ بیر لەوە بکەینەوە خودا وه‌کوو بته‌کانی پێش هاتنی ئیسلام شتێکی کۆنکرێت و به‌رهه‌ست نییه که مه‌لاکان وا به‌ری ده‌که‌ون و وای تێده‌گه‌ن ئه‌وان پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یە و باقی خەڵک بەرین لێی و ته‌نها ئه‌وان لێی تێده‌گه‌ن.
کێشه‌ی سه‌ره‌کی لەم هاوکێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌وان واده‌زانن ڕێک به‌و واته و ده‌لاله‌ته‌ی خودا باسی مرۆڤ و دونیای کردووه سەیری دونیا ده‌که‌ن، واته ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی ناهۆشیار خۆیان له پله و زاری خوداوه مانیفێست ده‌که‌ن، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا خودای لامه‌کان و لازه‌مان به زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ی کردووه؟ ئایا خودا وەکوو بوونێکی موتڵەق و بەدەر لە زەمان و شوێن، هەر ده‌توانێ قسه بکات؟ ئه‌گه‌ر توانی و به زمانێکی تایبه‌ت قسه‌ی کرد چۆنچۆنی تۆ ده‌لاله‌ته‌کانی ڕێک وەکوو "ئەو" تێده‌گه‌ی وا مه‌به‌ستی بووه؟ ئه‌م پرسیارانه بۆ یه‌ک مه‌به‌ست ده‌خرێنه ڕوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که بڵێم کۆمه‌ڵگای ئێمه و تاقمی مه‌لایانی سه‌له‌فی، وه‌ها که به هه‌موو هێزی ڕق و نه‌فره‌ته‌وه ڕووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌بنه‌وه، بۆچی نه‌یانتوانیوه و ناتوانن بگه‌ن به‌م تێگه‌یشتنه که خودا مانای جۆراوجۆری هه‌یه؟ که خودا وه‌کوو ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌د و لامەکان و لازەمان واتای فره‌ڕه‌نگی هه‌یه؟ له‌ڕاستیدا ده‌رکه‌وتنی ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه‌ی که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا هه‌یه و به زۆری چه‌قی کاره‌سات و جینۆسایدهکهش جوگرافیایەکی کوردییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێناسه‌ی خوا لای ئێمە، ئێزیدییه‌کان، ئه‌نفال، بارزانییه‌کان، هه‌ڵه‌بجه و ...ئه‌وه‌یه که خودا وه‌کوو میتافۆڕ و دالێکی سه‌ییال ده‌بێ به دارده‌ست و شمشێر و تۆپ و چه‌کی ده‌ست ناوه‌نده گه‌وره و بچووکه‌کانی هێز و ده‌سه‌ڵاتێکی دیاریکراو کە ناوەندی بڕیاری لە ئارەزووی کەسێکی وەکوو خەلیفە، خەتیب، مەلا و ئەمیرەوە سەرچاوە دەگرێ نەک ئەو خودای بێ شوێن و زەمانە. بناژۆخوازی و ڕق و سزای دینی لەم تێکەڵکردنەی ئاسمان و زەوین و ئینسان و خوداوە دەستپێدەکات.
پێش ئەم کەیسەی ماریا هه‌ورامی، ئێمه ده‌یان که‌یسی دیکه‌مان هه‌یه تێڕوانینی بناژۆخواز و دژهزهمین و دژه‌مرۆڤی مه‌لاکان ده‌رده‌خه‌ن که به‌رئه‌نجامی به‌ریه‌ککه‌وتنی دوو درک و فامه له خودا و بەپێی ئەوەش لە جیهان، لەلایەک فامێک له جیهان که دونیا وه‌کوو شتێکی کراوه و جێگه‌ی ئه‌گه‌ر و ئه‌زموون و ئیمکان ده‌بینێ و لەلایەکی دیکە نیگایه‌ک که پێیوایه شه‌رع بۆ ئه‌وه هاتووه هیچ کاتێک ئەو هه‌ڵه‌یه‌ی له به‌هه‌شت ڕوویداوه دووباره نه‌بێته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر جۆره ئیجتیهاد و جیهاد و شمشێرێک له‌به‌رده‌سته تاکوو خودا ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه بسەپێنێ.
کێشه‌که له‌وه‌دایه ئه‌مانه له‌بیریان ده‌چێت که خۆیانیش ئینسانن و هه‌رچه‌نده ئه‌هلی شه‌رع و ته‌قوا و ئیمان بن، له دواجاردا مرۆڤن و شمولی ئایه‌تی خلق الانسان ضعیفا (النساء 28) یان خلق الانسان هلوعا (معارج 19) ده‌کەن، کێشه‌ی جه‌وهه‌ری ئه‌م تێگه‌یشتنه ئه‌وه‌یه که واده‌زانن ده‌توانن وه‌ک خودا چاو له وشه و ده‌لاله‌ت و ناکۆتایی دیارده و ده‌رکه‌وته‌کانی جیهان بکه‌ن. بێ هۆ نییه که له سه‌ره‌تای ته‌وراتدا ده‌ڵێ "سه‌ره‌تا وشه بوو"، ئه‌گه‌رچی مه‌لایانی ئیسلامی قه‌ت دان به‌وه‌دا نانێن که ئه‌م ته‌ورات و ئینجیله هه‌مان ته‌ورات و ئینجیلێکه قورئان باسی ده‌کات به‌ڵکوو هه‌رچی له‌گه‌ڵ ته‌فسیری ئه‌وان وێکهاتهوه ئه‌وا درووسته و هه‌رچیش وانه‌بوو ئه‌وا جووله‌که و گاور ده‌ستکارییان کردووه.
ئه‌مه ئه‌و سیاسه‌ته بادپهرستهی باوه‌ڕمه‌ندانی سەلەفی ئایینه له کوردستان که عه‌قڵ نه واتای ئاوه‌زی هه‌یه نه واتای ژیری و هزر و نه واتای بیرکردنه‌وه، لای ئه‌مان عه‌قڵ واته باوه‌ڕهێنان به‌و خودایه‌ی که ئه‌وان باسی ده‌که‌ن، ئه‌وان کێن؟ ئه‌وانه‌ن که دووگیان و بارگاوین به خوێندنه‌وه‌یه‌ک له ئایین که له جه‌مسه‌ر و ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی کولتوورییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه و به ئاره‌زووی ئیمپراتۆرییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتخوازی هێنراوه‌ته وڵاتانی دیکه، ئه‌مه‌یان له‌ناو مێژووی دێرینی ئایینه‌کاندا نموونه‌ی زۆره.
که‌یسی ماریا هه‌ورامی له بنی شتێک ده‌دا و خودای کۆمه‌ڵێک تاقم و توێژێکی به‌رین له موفه‌سیرانی بناژۆخوازی ئایینی ده‌تۆقێنێ که تووشی هیستریای زمانی و شتێک ده‌بن له شه‌ریعه‌تی خۆیاندا مه‌نع کراوه: جنێو. ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌شیمانبوونه‌وه‌ی مه‌لا هه‌ڵۆ پاش ده‌ربڕینی ئه‌م "ده‌ڵه هه‌ورامییه" یان ئه‌م "داوێن پیسه"...په‌شیمانییه‌کی شەرعییە بۆ ئەو مانا تەسکەی کە لە خودا هەیەتی و ئەم پەشیمانییە دوای بەڕۆژەڤبوونی قسەکانی دوو ڕه‌هه‌ندی تێدا ده‌بینرێته‌وه.
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌ڵێ: "به‌پێی شه‌رع نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌م بگوتبایه و به‌و پێیه په‌شیمانم" ئه‌گه‌رچی له ئاستی شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتکردنی بنه‌ماڵه‌ی ماریا (وەکوو بینیمان باوکی ماریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بە هێمنی و نەرمونیانییەوە لەسەر بابەتەکە قسەی کرد و پاشخانێکی ڕۆشنبیری و هێورییەکی مەدەنی پێوە دیاربوو) شه‌رم و بچووکبوونهوهیهکی تێدا دیاره، چوون کاتێ ڕۆیشتووه بۆ داوای لێبووردن به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه برا و خوشک و باوکه‌که‌ی له‌گه‌ڵیدا جووڵاونه‌ته‌وه، جیا له‌وه‌ی که دایکیشی نه‌خۆش بووه هه‌ر به شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و شارستانییانه ره‌فتاری کردووه، به‌ڵام غرووری ئایینی مەلا هه‌ڵۆ و که‌سایه‌تیی فه‌ردی هه‌ڵۆ که به وته‌ی خۆی یه‌که‌م کۆنگفۆکاری عێراق و هه‌رێمی کوردستانه و ئه‌و ئه‌م یارییه‌ی هێناوه‌ته هه‌موو عێراق و کوردستان (ڕەنگدانەوەی ئایدیای پاڵەوانێتی و رزگارکەرانەی ئایین لەسەر ژیانی تاکەکەسی)، ناهێڵێت دان به‌وه‌دا بنێت و ئه‌و شه‌رمه‌ی خۆی له‌و بێ ئه‌ده‌بییه‌ی کردوویەتی ده‌رببرێ و ڕۆحێکی ڕاسته‌قینه بداته لێبوردنه‌که‌ی که ئه‌کتێکی شارستانی و ڕه‌فتارێکی پێشکهوتنئامێزی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ڕه‌هه‌ندی دووه‌می پهشیمانبوونهکهی مه‌لا هه‌ڵۆ ئاماژه به به‌راوردێکه له نێوان سۆزانی و هونه‌رمه‌ند، ئه‌و له دیدی خۆیەوە بۆ شه‌ریعه‌ت، سۆزانی و له‌شفرۆشێک که به نهێنی خۆی ده‌فرۆشێت، به شیاوی به‌زه‌یی و لێبووردنی خودا ده‌زانێت، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێک که دێته سه‌ر شه‌قامێکی گشتی و گۆرانی "دڵه‌که‌م" ده‌ڵێته‌وه، وه‌کوو که‌سێک وێنا ده‌کات که سۆزانیگهرێتی و له‌شفرۆشیی گشتی کردووەته‌وه و ئەوەش لای خودا له کوفر خراپتره! ئا به‌م پێ و پێناسه‌یه ئه‌و په‌شیمانبوونه‌وه‌یه جگه له شانۆ و نومایشکردنێکی لاواز و قێزه‌ون و شەرمنۆکانە و فێڵبازانە هیچی دیکه نییه کە لە پشتییەوە کۆمەڵێک گرێی فەردی و ئایینی بەڕێوەی دەبەن.
ئه‌گه‌ر ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌می پهشیمانبوونهکه به درووست دابنێین له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه، ئه‌و له شه‌رع لایداوه و دینی کردووه به فۆرمی حه‌ز و وێنا و باوه‌ڕه‌کانی خۆی وه‌کوو ئینسانێک. واته به شێوه‌یه‌کی ناهۆشیار و لە کاتی دەربڕینی ڕق یان تووڕەییدا کۆنترۆڵی خۆی نه‌کردووه کاتێ ئه‌و کلیپه‌ی بینیوه و هیستریای ده‌روونی و فۆرمی ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی باوه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه کراس زه‌رده‌دا به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ڕاكێشاوه که له شه‌رعه‌که‌ی خۆیشی لابدات، ئه‌مه ئه‌گه‌ر سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه نییه که به وته‌ی ئیریک فرۆم دین ڕووداوێکی فه‌ردییه ئه‌ی چییه؟ ئەم فەرد و تاکانە دەیانەوێت هەموو فەرد و تاکەکانی دیکە بە مێ و نێرەوە وەکوو ئەوان بن، شتێک کە نە قورئان قبووڵی دەکا و نە عەقڵ و نە زانست و نە مێژووش!
سەرچاوەکان:
1- نوذری، حسینعلی، صورت‌بندی مدرنیتە و پست مدرنیتە، تهران،نقش جهان، 1379
2- فرون اریک، روانکاوی و دین، مترجم آرسن نظریان، مروارید 1397