شوێن وەکو توخمێکی سەرەکیی ڕۆمان، ڕۆڵی گەورەی لە بە هونەریکردنی ڕۆماندا هەیە. هیچ ڕۆمانێك نییە ڕووداوەکانی لە دەرەوەی شوێن ڕووبدەن. شوێن دەتوانێ ببێتە هوشیارییەکی فیکری، دەروونی، ویژدانی و کۆمەڵایەتی. بەردەوام لەگەڵ خود و کۆمەڵ بەریەک دەکەون و کارلێک دەکەن.
واتە شوێن ڕۆڵی لە خولقاندنی ڕووداودا هەیە. دەمەوێ بڵێم هێندەی شوێن ڕۆڵی لە خولقاندنی ڕووداودا هەیە، هێندە ڕووداو ڕۆڵی لە خولقاندنی شوێندا نییە. هاوکات لەڕێی شوێنەوە دەتوانین ڕاڤەی دەروونی بۆ کارەکتەرەکان بکەین. چونکە کاتێک کارەکتەرەکان بەر شوێنێک دەکەون، ڕاستەوخۆ شوێنەکە بە کۆی پێکهاتەکانیەوە کاریگەری لەسەر دەروونی دروست دەکەن. تەنانەت لەڕێی شوێنەوە هەوڵی ناساندنی خود و ناسنامەی دەدات.
بونیادگەرەکان پێداگری لەسەر جوایەزیی نێوان شوێنی واقیعی و شوێنی ناو ڕۆمان دەکەن. شوێنی واقیعی ئەو شوێنەیە، لە دەرەوەی فەزا و جیهانی ڕۆماندا هەیە. ڕەخنەگران هێندێ جار بە شوێنی بابەتی، شوێنی دەرەوە و شوێنی سروشتیش ناوی دەبەن. واتە ئەو شوێنەیە لە دەرەوەی گوتاری ڕۆماندا هەیە. بەڵام شوێنی خەیاڵکرد، ئەو شوێنەیە لەناو ڕۆماندا هەیە، شوێنێکە لەڕێی زمانەوە خەلق دەکرێت. ((لە دەقی ڕۆماندا شوێنی خەیاڵکرد لەڕێی وشەوە خەلق دەکرێت، کە تایبەتمەندی و ڕەهەندی جوایەزی هەیە.)) [احمد: ٢٠٠٨: ١٢٢] لێرەوە توێژینەوە لە شوێن بۆ توێژینەوە لە جوایەزیی نێوان شوێن و فەزامان دەبات. هەرچەندە لەم وتارەدا نامەوێ باسی بکەم، بەڵام ناچار لە هێندێ شوێن بۆ ڕوونکردنەوەی شوێن و چەمکی دیکە دەبێ پەنای بۆ ببەم.
ڕۆمانی (ماڵی پشیلەکان)ی هیوا قادر ڕۆمانێکە کۆی ڕووداوەکان شوێن بەڕێوەی دەبەن. دەمەوێ بڵێم ئەوە شوێنەکانن ڕووداوەکان دەخولقێنن. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە ڕێکەوتی شەشی مانگی یەکەوە تاکوو پێنجی مانگی دوو دەخایەنێت. واتە یەک مانگ. ڕۆژەکان بە دوای یەکدا دێن بە شێوەی زنجیرەیی، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە شێوازی گێڕانەوەی کۆن و هەقایەتی بەکارهێنابێت، نا، چونکە ڕووداوەکان لە ئێستای گێڕانەوەدا ڕوودەدەن، نەك لە ڕابردوو. لە هێندێک شوێندا نەبێت بۆ ئەوەی دیمەنی تابلۆی کارەکتەرەکان تەواو بکات، بە فلاشباک بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ماڵی پشیلەکان وەکوو شوێن، شوێنی سەرەکییە بۆ کۆی ڕووداوەکان. کاتێک گێڕانەوە دەکەوێتە دەست کارەکتەری سەرەکی، ئەوا شوێنی ڕووداوەکان دەبێتە ماڵی پشیلەکان. بەڵام کاتێک وەگێری هەمووشتزان ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، ئەوا شوێنی ڕووداوەکان پەرت دەبێت و شوێنی دیکە دێنە ناوەوە.
ماڵی پشیلەکان لەم ڕۆمانەدا هێندە کاریگەرە، هەموو شوێنەکانی دیکە قووت دەدات. دەمەوێ بڵێم شوێنەکانی دیکە ڕۆڵیان لە بەرهەمهێنانی ڕووداودا نییە. بۆ نموونە کاتێک یوسف و کارینا دەیانەوێت یەکدی ببینن، ژوانێک لە دەرەوەی ماڵی پشیلەکان دادەنێن. ((کاتژمێر شەشی ئێوارە تەلەفۆنی بۆ کردم. سەرەتا پێموابوو ئەڵێت بمبوورە! یەکتر بینینەکەمان ئەخەینە ڕۆژێکی تر، یاخود یەکتری هەر نابینین. کەچی بە تەنیا دێڕێك پێی وتم: یوسف، دوو کاتژمێری تر لە سەنتەری شار یەکتری ئەبینین.)) [قادر: ٢٠١٨: ٨٠] دەبینین شوێنەکە بۆ دەرەوەی ماڵی پشیلەکان دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەمە ڕوونادات. لەو دەمەدا کە باوەش بە یەکدیدا دەکەن، تەلەفۆنێک لە لایەن شاشتینی هاوڕێیانەوە دەکرێت و دەڵێت: وەرنە ماڵی پشیلەکان، چونکە ڕووداوێک لەوێ ڕوویداوە.
دەبینین چۆن شوێن گۆڕانکاری لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دروست دەکات. بە بڕوای من گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان لە دەرەوەی ماڵی پشیلەکان بۆ ناوەوەی ئەم ماڵە هۆکاری خۆی هەیە. ئەویش ئەوەیە لۆژیکێک لەم ڕۆمانەدا هەیە کە نابێ لە دەرەوەی ئەم ماڵە هیچ ڕووداوێک ڕووبدات، بە بەڵگەی ئەوەی خوێنەر نازانێت کارەکتەری سەرەکی (یوسف) لە دوای تەواوبوونی کار لەم شوێنە چی دەکات؟ شەوەکانی چۆن دەگوزەرێنێ؟ شەو لە کوێ دەخەوێ؟ ماڵی لە کوێیە؟ ئایا کە بەیانیان دێت بە کوێدا دێت؟ لە کام وێستگەوە سواری شەمەندەفەر دەبێت؟ ئەم شوێنانە هەمووی نادیارن.
هەموو ڕۆژێکی نوێ، کاتێک دێت بۆ ماڵی پشیلەکان قیچەک وەسفی کەشوهەوا دەکات، خوێنەر یەکسەر بۆی دەردەکەوێ نێزیکە لە ماڵی پشیلەکان. کەواتە وەگێڕەکان هەرگیز نایانەوێ ئەم لۆژیکە بشکێنن. کەواتە ماڵی پشیلەکان لە شوێنێکی جوگرافی و ئەندازەییەوە دەردەچێت. لێرەوە شوێن ((دەبێتە بوونەوەرێکی زیندوو، گوتاری خۆی بەگەڕدەخات، کاریگەری دەبێت و کاریگەر بە کۆی توخمەکانی دیکە بەتایبەت کارەکتەر دەبێت.)) [حبیلە: ٢٠١٠: ١٩٠] شوێن توخمێک نییە لە چوارچێوەیەکی جوگرافی و چوار دیواردا کورتی بکەینەوە، شتێکە کاریگەری گەورەی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان هەیە. بۆ نموونە ئەو دیوارەی هەموو ڕۆژ کارینا هەر جارەی وێنەی پشیلەیەک و وتەیەک لەبارەی پشیلەوەی لەسەر هەڵدەواسێ، هەموو بەیانییەک یەکەم شوێنێکە یوسف بەری بکەوێت و ڕۆژانە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی کارەکتەر دادەنێت.
ماڵی پشیلەکان وەکوو شوێن جووڵێنەری گێڕانەوەیە لەم ڕۆمانەدا. لەوێوە گێڕانەوەکان زۆر دەبن، هەر کەسێک سەردانی ئەوێ دەکات خاوەن گێڕانەوەی خۆیەتی، هەڵگری چیرۆکێکە. لێرەوە هەیمەنەی شوێنمان بۆ دەردەکەوێت. دەمەوێ بڵێم بنیادی گێڕانەوە لەم ڕۆمانە لەسەر شوێن و دەسەڵاتی شوێن هەڵچنراوە. ئەم دەسەڵاتەیش بە ئاشکرا لەسەر زاری وەگێڕەکان دیارە، بۆیەیش دەڵێم وەگێڕەکان، چونکە هەر کارەکتەرە بە ئازادی چیرۆکی خۆی، یان کەسانی نێزیک لە خۆی دەگێڕێتەوە. لە ڕۆمانی نوێدا شوێن چوارچێوەیەکی جوانکاری و ڕازاندنەوەیی نییە، بەڵکوو شتێکە مرۆڤ داگیر دەکات. مرۆڤ لەناویدا شوناس و خود و ئینتیمای خۆی ون دەکات. کارینا لە ماڵی پشیلەکان بە شێوەیەک خۆی ون کردووە، ناسنامە و خودی وەک مرۆڤ لەناوەوە بۆ پشیلە گۆڕدراوە.
دەمێک کچێکی ڕەق و مۆنە و دەمێک کچێکی میهرەبان. بۆیەش بەردەوام دەیەوێ لەڕێی یوسفەوە بۆ خود وەک مرۆڤ بگەڕێتەوە. ئەم ماڵی پشیلانە خودی کارینای گۆڕیوە. ئەوە ماڵی پشیلەکانە. ئەوە گۆنیللای کارەکتەرە خودی خۆی ون کردووە و بەردەوام لە ڕێی خەونێکەوە ئاراستە دەکرێت و دێت لە ماڵی پشیلەکان ئارامی بۆ دەروونی دەبینێتەوە. هەر لەو شوێنەوە خوێنەر ناسنامەی کۆی کارەکتەرەکان دەناسێت و ئاشکرایان دەکات.
شوێن لەم ڕۆمانەدا پنتی چالاککردنی زۆر ڕووداوە. زۆرێك لە کارەکتەرەکان لەم شوێنەوە چیرۆکەکانی خۆیان دەگێڕنەوە. ئەم شوێنە دەبێتە زەمینەیەک بۆ ئەوەی کارەکتەرەکان وەک بەهانەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان پەنای بۆ ببەن. دەمەوی بڵێم ئەم شوێنە ئەم کارەکتەرانەی ناچار بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی خۆیان کردووە. بۆ نموونە زیباخانم و مێردەکەی، پیا و کاللێی خۆشەویستی...تاد. هەموو ئەوانە لەم شوێنەوە چیرۆکی ژیانیان دەگێڕنەوە. واتە چیرۆکەکەیان هەیە و ڕوویداوە، بەڵام بەهانەیەکیان بۆ گێڕانەوە نییە، ناچار هەموویان ماڵی پشیلەکان دەکەنە بەهانە. کەواتە ماڵی پشیلەکان سەنتەری گێڕانەوەیە، لەوێوە کارەکتەرەکان جووڵە دەخەنە چیرۆکەکانیان. هەموو ئەمانە وایکردووە ڕەوتی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا هێمن و لەسەرخۆ بێت، هیچیەک لە کارەکتەرەکان پەلەپەلی گێڕانەوەیان نییە، هەریەکەیان لە کات و شوێنی خۆیدا چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە. هیچکات خوێنەر حەز ناکات بگاتە کۆتایی ڕۆمانەکە، چونکە کۆتاییەکی دیاریکراوی نییە. کاتێك ماڵی پشیلەکانیش دەسووتێ، من وەک خوێنەرێک دەڵێم دوای نۆژەنکردنەوەی دەبێ چەند چیرۆکی دیکە لەوێوە چالاک بکرێتەوە.
پەراوێزەکان:
- قادر (هیوا): ٢٠١٨: ماڵی پشیلەکان، ڕۆمان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
- احمد (حفیڤە): ٢٠٠٨: بنیە الخگاب فی الروایە النسائیە الفلسگینیە: مرکز اوغاریت الپقافی.
- حبیلە (الشریف): ٢٠١٠: بنیە الخگاب الروائی (دراسات فی روایات نجیب الگیلانی، عالم الکتب الحدیپ، الاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ