شەمە هێستر

جووتێك برۆی وەك كلووی بەفر بەسەر دوو چاوە پرووشەكەیدا كەپرۆكەیان كردبوو. كە قسەی دەكرد، جگەرەكەی لە لێوی نەدەكردەوە، لایەكی سمێڵە سپییەكەی بە دووكەڵی جگەرەكە زەرد و بۆز ببوو. هەر مژێكی لە جگەرەكەی دەدا، دەتگوت رۆژەڕێیەك بە قاقڕدا هاتووە و لە تینوان سیوشكەی هەڵاتووە و ئەوەی هەڵیدەمژێ دووكەڵ نییە، بەڵكو ئاوێكی روون و ساردە. 

لەو هەمووە دووكەڵەی بە حەژمەتەوە هەڵیدەمژت، تۆزێكی نەبێ نەدەهاتەوە دەرێ، وەك بڵێی پێی حەیف بێ بەفیڕۆی بدا. كوتە كاغەزێكی بەدەستەوە بوو. ژمارە تەلەفۆنێكی لەسەر نووسرابوو كە بە زەحمەت حەوت و چوارەكەی دەخوێنرانەوە. جگەرەكەی تەواویش ببوو هەر بە لێوییەوە بوو. رووی لە من كرد، قونچكی جگەرەكەی لەگەڵ تفێك تووڕ هەڵدا و، پێش ئەوەی قسە بكا، جگەرەیەكی دیكەی خستە نێوان لێوی و دایگیرساند و بە دەم یەكەم قوملێدانەوە گوتی: بابی بابم، ئەو ژمارەیەت پێ دەخوێنرێتەوە؟
گوتم: كام ژمارە مامە؟

كوتە كاغەزەكەی بۆ ڕاداشتم و گوتی: ئەوەی لەم كاغەزە نووسراوە كوڕم، خۆ نەخوێندەوار وەك كوێر وایە؟ هەر لەبەر خۆشیەوە وەك كفرێكی گەورەی كردبێ، گوتی: خوایە بە ناشكوری ناڵێم... چاوی لە نێوچاوم بڕیبوو، تا پێش ئەوەی زمانم بگەڕێ لە جووڵەی چاومەوە هەست بكا ئاخۆ پێم دەخوێنرێتەوە یان نا.
گوتم: بەڵێ مامە... ئەوەش ژمارەكەی.. بۆم خوێندەوە.
روخساری گەش بووەوە. گوتی: ئەوەیان پێداوم، لێرەوە تەلەفۆن بۆ كوڕەكەم بكەم. لێرە دەخوێنێ... 
گوتم: ناوی چییە؟
گوتی: شەماڵ ئیبڕاهیم...
زەردەخەنەیەكم هاتێ و لەبەرخۆمەوە گوتم: ئەها، شەمە هێستر... ئەی لەو خوێڕییە، ئەدی بۆچی قەت ناوی باوكی نەهێنا و سەرەڕای ئەو هەمووە گاڵتەیەی پێی كرا، قەت نەیگوت باوكم ماوە...؟ سەیرە.
ئەوەم وەسەر خۆم نەهێنا، بەڵام هەستم كرد زانیویەتی دەیناسم و هیچ ناڵێم. 
گوتی: لێرە دەخوێنێ، لێرە. ئەمساڵ تەواو دەبێ. هاتووم دەستێك جلوبەرگی جوانم بۆ هێناوە.

هەر ئەو جارە دیتم، هەتا رۆژێك شەماڵ، یان هەر شەمەكەی خۆمان، بە مات و خەمباری هاتەوە پۆل. قەتم ئاوا نەدیتبوو. هەر سەیری چاوی كەسی نەكرد. رێك هاتە سەر جێیەكەی دانیشت. من كە لە تەنیشتی دادەنیشتم، وەك جاران سیخورمەیەكم لە لاكەلەكەی كوتا، هیچ ئاوڕی نەداوە. خۆی تێكنەدا. بێدەنگ دانیشت و سەری بەردابووەوە. كە مامۆستا پێیگوت هەستە وەڵام بدەوە، ئەو گوتی مامۆستا بمبوورە ئەمڕۆ ناتوانم وەڵامی هیچ شتێك بدەمەوە و ئیدی گریا. 

بە كوڵ گریا و ئێمە هەموو سەرمان سوڕمابوو ئاخۆ شەمە بۆچی دەگری؟ یەكێك لە پشتەوەڕا گوتی: هێسترەكەی هەڵاتووە... بە پێچەوانەی جاران كە هەر یەكێك گوتبای هێستر، هەموو پێدەكەنین و چاومان دەبڕییە شەمە، ئەمجارە كەس پێنەكەنی. گوتی مامۆستا باوكم... باوكم... لەبەر هەنیسكان قسەی پێ نەكرا و ئیدی مامۆستا بردییە دەرەوە و هەتا حەفتەیەك نەماندیتەوە.... بەڵام ئیتر كە هاتەوە پۆل، ئەمجارە كەس بە گاڵتەش وشەی هێستری بەسەر زاردا نەهاتەوە و بۆ تاهەتایە وازمان لەو وشەیە هێنا و لە بوخچەی فەرامۆشیمان ئاخنی. 

دواییش كە كتوپڕ ون بوو، كەس بە سۆراغی نەزانی و یەكێك گوتی ماڵیان لەم شارە رۆیشتووە و چوونەتە شارێكی دیكە و یەكێكی دی گوتی خۆی رۆیشتووە و چووەتە ئەودیو و یەكێ گوتی نەخێر چووەتە ئەورووپا، ئیدی كەس لەبیری نەما. هەر ئەو نەبوو، پێشتریش رۆستەمی قالە بایزاڵ رۆیشتبوو. ئێوارەیەك رادیۆ هەواڵی شەهیدبوونەكەی خوێندەوە. رۆستەمیش هێندەی شەماڵ بزۆز بوو، بەڵام شەماڵ شتێكی تایبەت بوو. ئەو بەیانییەی مامۆستا یەك بە یەك ناومانی خوێندەوە و گەیشتە ناوی شەماڵ و ئیدی وەك جاران نەیگوت بەڵێ لێرەم، هەموو ئاوڕیان دایەوە. چونكە لە دوا كورسیی پشت پشتەوە دادەنیشت. لەوێڕا زۆر جار كاغەزی گڵۆڵە دەكرد و لە كاتی وانەگوتنەوەی مامۆستادا گرم بە پشتەملی یەكێكی رادەكێشا. 

یەك دوو جاریش بە منی گوتبوو دەڕۆم، دەڕۆم و ئیدی تاقەتی ئەو دەرس و دەورەم نەماوە. دەڕۆم تۆڵەی مامم دەستێنمەوە. دەیگوت مامم دوو شەو بوو ژنی گواستبووەوە كوشتیان. لەخۆوە، هیچیشی نەكردبوو. پاسدار كە هاتن لەسەر رێ كەوتبوونە بۆسەوە و زۆریان لێ كوژرابوو، ئیدی كاتێك دەگەنە ئاوایی، دەست لەكەس ناپارێزن. ئەوە قسەی خۆی بوو. جا دەیگوت كە دەگەنە نێو دێیەكە، هەر كەسە و لەجێیەک خۆی دەشارێتەوە. حەوشەكەی ماڵی باپیرم بیرێكی لێ دەبێ، مامم دەچێتە نێو بیرەكە، بیرەكە دەڵێن زۆر قووڵ بووە. نەنكم سێ چوار باقە گیا لەسەر بیرەكە دادەنێ و رێك لەو دەمەدا پاسدار دەگەنە بەر دەگا و ئیدی دەیهێننە دەرێ. نەنكم خۆی بەسەردا دەكێشێ. كەچی لە باوەشی ئەودا لێی دەدەن. نەنكم كە خۆی بەسەردا كێشابوو، پاسدارێك لوولەی تفەنگەكەی دەباتە بن زگی نەنكم و تەقە دەكا و مامم دەكوژێ. نەنكم هەتا مردیش قسەی پێ نەكرا. 

وەك شێتان هەر سەروقژی خۆی دەڕنی. شەوانە یەكبەخۆی هاواری دەكرد. هەر جارنەجارێك هاواری دەكرد، رەشید، لەو خوێنەدا مەلە مەكە دەخنكێی. دوای ئەوە مامە سمكۆم دەبێتە پێشمەرگە. من زۆر منداڵ بووم. تاقە جارێك دیتم، وەك خەونێك دێتەوە بیرم، شەو بوو. هاتە ماڵمان چەكێكی لەشان و فیشەكدانی بە قەدەوە. رۆژانێك دواتریش من و هاوەڵەكانم لاسایی ئەو قەد و قەڵافەتەی ئەوانمان دەكردەوە. كە لەگەڵ منداڵانی گەڕەك شەڕە گەڕەكمان دەكرد، من خۆم لێ دەبووە یەكێك لەو پیاوانەی ئەو شەوە دیتمن و پێموابوو گوللە نایانبڕێ. ئیدی مامە سمكۆشم هەر نەهاتەوە و چەند ساڵێك دواتر كە گەورە ببووم، بەسەر شینێكی دیكەی ماڵەوەماندا چوومەوە و باسی شەهیدبوونی مامم بوو. نەشیانهێشت پرسەی بۆ دابنێین. منیش لەسەری داوم دەڕۆم، تاقەتی دەرسم نییە. دەڕۆم. بەڵام لای كەس باسی مەكە. ئیدی من باسم نەكرد. تەنانەت ئەو رۆژەی كە لەسەر ئەوەی پێمگوتبوو هێستر مستێكی لێدام لووتم پڕ بوو لە خوێن، ئەو ڕۆژەش نەمدركاند. یەك دوو جار گوتیشم با پێی بڵێم تڕحێو هێستر بەتەمایە ببێتە پێشمەرگە، بەڵام دانم بەخۆمدا گرت و وەبیرم هاتەوە کە سوێندم بۆ خواردووە. 

لەمێژ بوو بە ناوی ئێستر تووڕە دەبوو. جا تۆ لەبری ئێستر گوتبایەت هێستر، نەخێر گوتبایەت ئەو ئاژەڵەی بەرهەمی جووتبوونی نێرەكەر و ماینە، ئەو تووڕە دەبوو. نەقڵەكەی دوورە. رۆژێك لە پۆلەكەیان مامۆستا لێی پرسیبوو، باوكت ناوی چییە؟ ئەو یەكسەر گوتبووی خاڵم ناوی حەسۆیە. مامۆستا گوتبووی هەتیو، خۆ تۆ هێستر نی، من ناوی باوكتم پرسی نەك خاڵت. لەو رۆژەوە هەتیوە قۆشمەی قوتابخانە شەمەهێستریان بەستۆدا بڕی. شەمە بە ئێستای نەبێ، بزۆزی وەك خۆی نەبوو. هێلكەی لە قەل دەدزی. دەتگوت شەیتان دەرسی داداوە. هەمیشەی سەرئەژنۆی پانتۆڵەكەی دڕابوو. دەیگوت كچێكی مامم خۆشدەوێ. رۆژی وابوو لەسەر پۆل هەر نامە و شیعری بۆ كچە ئامۆزاكەی دەنووسی. ئاگای لە دەرس و دەور نەدەما. 

رۆژ نەبوو مامۆستا تەمبێی نەكا. ئەو گوێی لە تەمبێ و شتی وا نەبوو. مامۆستای مێژوو جارێكیان وەك تەمبێیانە گوتی دەبێ تا دەرس تەواو دەبێ لەسەر یەك پێ راوەستی. گوتی مامۆستا من سێ پێم هەیە، لەسەر كامیان؟ مامۆستا هەڵچوو. گوتی پێی سێیەمت بۆ خۆت كوڕم. وەرە دەرێ با پێت بڵێم. لەسەر پێی راستی رایگرت. ئارەقەی لە نێوچاوانی دەتكا، سوور سوور هەڵگەڕابوو، جاروبار لاقی چەپەی كە هەڵیهێنابوو، شۆڕ دەبووەوە و دەهات بگاتە عەرزی، مامۆستا تێی دەخوڕی.... بەرزی بكەوە دەی، داینەنێی ها. بەرزی دەكردەوە، بەلادا دەهات و خۆی دەگرتەوە. هەر مامۆستا پشتی تێدەكرد، زمانێكی لە مامۆستا دەردەكێشا و بە چاو هەڕەشەی لە من دەكرد. دەمزانی دەڵێ چی. من لە بنەوە پێی پێدەكەنیم. دەمزانی دەڵێ راوەستە، خۆ تا قیامەت لەسەر ئەو پێیە راناوەستم. با دەرسمان تەواو بێ پێتدەڵێم. لێی تۆقیبووم. دەمزانی چەندە دەستوەشێنە. یەكەم حەفتەی خوێندنمان بوو. من ئەوكات باشم نەدەناسی. دیتم سێ چوارێك دەوریان گرتووە و دەیانەوێ لێی بدەن. 

ئەویش كۆڵی نەدەدا، نەیدەهێشت بیگرن. لەو شەڕەدا بوو كە گوێچكەی شاهۆ میرانی گەست و تا خوێنی لێ نەهات بەری نەدا. گوێچكەی شاهۆی بە ددان گرتبوو، بە شەق و پێلەقەش لە ئەوانی دیكەی دەدا. لەو رۆژەوە هەم لێی ترسام و هەم بەردڵم كەوت. ئیدی ئەوجار كەس نەیدەوێرا شەڕی پێ بفرۆشێ. هەڵبەت نەمزانی ئەو رۆژەش خەتای ئەو بووە یان ئەوانی دی. بە قسەی خۆی دەیگوت ئەوان گاڵتەیان بە پێڵاوەكانم كردووە و گوتوویانە پێڵاوەكانت دێهاتیانەن. دێهاتیانە نازانم یانی چی، بەڵام ئەوەندەی من دیتم هەر جووتێك پێڵاوی ئادیداسی لەپێدا بوو. 

لە دوو كراسیش زیاتر لەبەریدا نەمدی. هەڵبەت زۆربەمان وابووین. دەگمەن بوون ئەوانەی هەموو رۆژێ یان لانیكەم بە چەند رۆژ جارێك جلوبەرگی جیاوازیان لەبەردا بێ. شەمە لە وانەكانیشی زیرەك بوو. زیاد لە هەموومان ئەو وانەكانی مامۆستای نەدەنووسیەوە. مامۆستا دەیگوت بۆ ناینووسی؟ دەیگوت ئاوا باشتر لێت فێر دەبم مامۆستا. هۆشم یەكسەر بەسەر تۆوە دەبێ، وەكی دی دەبێ زەین بدەمە نووسینەكە. مامۆستا دەمودەست لێی دەپرسیەوە، دەقاو دەق وەڵامی دەداوە، بۆیە ئیدی مامۆستا زۆری بۆ نەدەهێنا. ئێمەش ئەوەمان پێناخۆش بوو. ئیرەییمان پێ دەبرد. ئەویش بەوەی دەزانی. زۆر جار گاڵتەی پێ دەكردین و قەڵسەی لێ دەگێڕاین. بەو دواییانە بە هێسترەكەیش تووڕە نەدەبوو. دەتگوت لەگەڵی راهاتووە. چونكە جاری وابوو ئیدی ناوی خۆیمان هەر نەدێنا. یەكسەر بانگمان دەكرد، هێستر، هێستر، ئەویش بەبێ ئەوەی خۆی تێكبدا دەیگوت ها سەگبابینە چیتان دەوێ... ئیتر ئەو رۆژە كە ئاوا مات و خەمبار هاتەوە پۆل، زانیم نابێ گاڵتەی پێ بكەین، زانیم لەخۆوە نییە وا تێكچووە. كە مامۆستا لەگەڵ خۆی بردییە دەرێ و هاتەوە، گوتی، شەماڵ باوكی مردووە. دەبێ ئاگاتان لێی بێ. لە دڵی خۆمدا گوتم: ئێستا دڵنیام جگەرە و پەڕ و تووتنەكەیش هێندەی شەمە خەمی ئەو پیاوەیانە...