چۆمان هەردی "دەربەندی پەپولە"ی شێركۆ بێکەس دەكاتە ئینگلیزی

رووداو - هەولێر

د.چۆمان هەردی، خانمە نووسەر و وەرگێڕی كورد، كتێبێكی شیعریی شێركۆ بێكەسی بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە و بەو كارەشی خەڵاتی (PEN) ی بەریتانی وەرگرت كە تایبەتە بە وەرگێڕان.

چۆمان هەردی بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، كتێبی دەربەندی پەپوولەی شێركۆ بێكەس كە وەرمگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی، بەهۆیەوە خەڵاتی (PEN)ـی بەریتانیم وەرگرت و خەڵاتەكەش بە 16 وەرگێڕ بەخشرا.

خەڵاتەكە، لەلایەن دەزگای (PEN) بۆ وەرگێڕان هەر شەش مانگ جارێك دەبەخشرێت و تایبەتە بەو بەرهەمە ئەدەبیانەی كە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراون و دەبێت بەرهەمەكە بەر لە چاپكردنی، بۆ رێكخەرانی خەڵاتەكە بنێردرێت.

ئەو خانمە وەرگێڕە، سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەی شێركۆ، دەڵێت بەرهەمەكە لەلای ئەو زۆر خۆشەویستە، چونكە جگە لە گێڕانەوەی چیرۆكی كورد، لە هەمان كاتدا لاواندنەوە و حەیرانی تێدایە. گوتیشی "ماوەی حەوت ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بووم".

كتێبەكە لە یادی 30 ساڵەی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە 16 ئاداری 2018 لەلایەن چاپخانەی (ARS) لە بەریتانیا چاپ و بڵاودەكرێتەوە. چۆمان هەردی دەڵێت بریا لە كاتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكە، شێركۆ بێكەس لەژیاندا بووایە، چونكە زۆر بە پەرۆش بوو بۆ چاپكردنی.

د.چۆمان هەردی، ساڵی 1974 لە سلێمانی لەدایكبووە، وەك شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، چیڕۆكنووس و وتارنووس و وێنەكێش ناسراوە، ساڵی 1993 چووەتە بەریتانیا و لە بەشی فەلسەفە و دەروونناسی لە زانكۆكانی لەندەن و ئۆكسفۆرد خوێندوویەتی و دكتۆرای بەدەستهێناوە.