گێڕانەوە لەنێوان چیرۆک و مێژوودا

فەلسەفەی مێژوو(١)

فەلسەفەی مێژوو بیرکردنەوە لەبارەی مێژووە؛ بەتایبەتی ئەم پرسانەی کە ئایا مێژوو بەرهەمهاتووی ئیرادەیەکی وشیار و ئاوەزمەندە یان مشتێک رووداوی بەهەڵکەوتی بێ مانا و ناوەرۆک و زنجیرەیەک لە هۆکار و هۆکرد کە ئیرادە و ویستێک لە پشتییەوە نییە و غایەت و ئامانجێکیان نییە؟(٢).

بۆ دۆزینەوە یان گەڕان بەدوای وەڵامی ئاوەها پرسیارانێکدا، مرۆڤ ناچارە لە خودی مێژوو کەڵک وەربگرێت یان وەکوو یاسپێرس دەڵێت: دەشێت مرۆڤ مێژوو وەکوو یەکەیەکی تەواو و کامڵ بێنێتە پێش چاو و تێیبگات، بەڵکوو بتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە و لە خۆیشی بگات. لەم رووەوە مێژوو بۆ ئەو بیرەوەرییەکە کە نەتەنها لە یادەوریدایە و دەیناسێت، بەڵکوو سەرچاوەی ژیانیشیەتی و ژیانی بەو کۆڵەکەیەوە بەندە، ئەگەر دەیەوێت لە مێژوودا ون نەبێت و لە مرۆڤبوونی خۆی بەهرەمەند بێت، دەبێت پێوەندی و گرێدراوێتی خۆی لەگەڵ مێژوو (زەمان) بپارێزێت. رەنگە هەر بەم هۆیەوەیە کەوا لە گێڕانەوەیەکی دیرۆکی و ئوستوورەناسانەدا دەگێڕنەوە "کرۆنۆس"؛ خودای زەمان، ئەو بوونەوەرەی بەنێو تونێل و چاڵە زەمانییەکاندا سەفەری دەکرد و بۆ ئەم کارەشی هەندێ جار ناچار بوو هەموو خوێن و جەستە- (رۆح)ی مرۆڤێک بە تایبەتی مرۆڤێکی مێیینە هەڵلووشێت، تاکوو وزە و ئینرژی سەفەری پێبێت، دواتر لێی دەپرسنەوە بۆ وەها دەکەی؟ دەڵێت: ئەگەر وا نەکەم لەنێو بۆشایی "زەمان" دا ون دەبم (٣). 

ئەم گێڕانەوە سەمبوولی و ئوستوورەییە لە یەکێک لە خوداکانی زەمان ئەوەمان پێدەگەیەنێت ئەگەر نەتوانین لەمێژوو و خوێن و رۆحمان تێبگەین، دەکەوینە ناو بۆشایی و نامێژوو و فەزایەکی دەرە مێژووییەوە. ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ وشیاری و بەمەبەستی "وننەبوون لەناو بۆشایی مێژوو" دا بەو هۆیەیە کە "بەشێکی زۆر لە مێژوو لەبیرکراوە" و لە رێگەی تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە تەنها دەتوانین دەستمان بە بەشێکی بچووکی رابگات، واتە مەشخەڵی کەم نووری تۆژینەوەی قووڵایی و ¬توێکانی زەمانی درێژی پێش مێژوومان (کە کۆڵەکەی هەموو مێژووە) بۆ روون نابێتەوە. زانستی ئێمە لەسەر زەمانی ناو مێژوو، واتە ئەو زەمانەی کە سەنەد و بەڵگە (proof) مان لەبارەیەوە لەبەردەستە؛ نیوەچڵ و بەهەڵکەوتە و تەنها لە قۆناغێکی کورتی زەمەنییەوە کە لە سەدەی شازدەهەمەوە دەستپێدەکات، لەم رووەوە بەپیت و زەنگینە، و لەسەر داهاتووش کە فەزا و رووبەرێکی ناکۆتای ئەگەرەکانە، شتێک نازانین. مێژووی پێنج هەزار ساڵە کە ئێمە دەتوانین بیناسین، لە نێوان "پێش مێژوو" (کە لەڕووی درێژییەوە سەد قاتی ئەمەیە) و "داهاتوو"ی ناکۆتادا هەڵکەوتووە و بەشێکی بچووکە لە مێژووی بوونی دەستپێڕانەگەیشتووی ئینسان، ئەم مێژووە لە هەردوو سەر و لایەنەوە هێشتا هەر کراوەیە، نە دەتوانین لەسەر و لایەنێکەوە بیبەستین و نە دەشتوانین وەکوو وێنەیەکی تەواو و کامڵ دەستی پێ بگەیەنین (٤).

ئێمە لەڕێگەی زەمانی "هەنووکە"مان لەنێو مێژووداین، ئەم هەنووکەیە ئەگەر لە ئاسۆ و دووتوێی بچووک و تەنگەبەری ژیانی رۆژانەدا ون ببێت و تەنها وەکوو زەمانی "ئێستاکە" دەرکەوێت ئەوا دەبێت بە هیچ (٥).

ئەگەر مێژووی ئەوروپا بەو هەموو نووسین و دەق و سەنەد و هەڵکۆڵراوەوە وەها لە ژێر گومان و پرسیاری گەورەدا بێت، ئەوا بۆ مێژووی نەتەوەیەکی بچووک و ژێردەستی وەکوو کورد هاوکێشەکە چۆنی لێدێت؟ مێژوویەک کە خۆمانیش تەنها و بەپێی هەندێ پێوەری بچووک توانیومانە چەند لاپەڕەیەکی بنووسینەوە، مێژوویەک کە ئەوەندەی لە دیرۆک و چیرۆک و حەکایەتی گوێ ئاگردان دەچێت، ئەوەندە لە گێڕانەوەی شیکارانە و چیرۆکانە و تەنانەت وتەبێژانەش ناچێت تا بگات بەوەی کە بەراوردی بکەین لەگەڵ مێژووی وڵاتان و نەتەوەکانی تر! هەنووکەش پرسی بوون یان نەبوونی مێژوونووسی کوردی بە تایبەتمەندی و پێوەرە مێژوونووسییەکانەوە (نووسینی مێژوو بە زمانی خودی نەتەوە، مێژوونووسی سەر بە نەتەوە، تایبەتمەندی شیکاریانە و چەمکیانە و زانستی و...) پرسێکی تازە و بەپێی ئەوەش گەرمە (٦).

تاریخ

تاریخ هاوتای وشەی یۆنانی (historia) بە واتای زانست، گوزارشت، گێڕانەوە و مێژووی رووداوەکان بوو. ئەم وشە یۆنانییە لە رێگەی زمانی لاتینەوە هاتە نێو هەموو زمانە ئەوروپییەکانەوە. هاوتای تاریخ لە زمانی فەرەنسی (histoire) و لە زمانی ئیتالی (storia) و لە ئینگلیزی (history) و لە ئاڵمانیدا (historie)یە. لەبارەی ریشە و رەچەڵەکی عەرەبی یان غەیری عەرەبی وشەی تاریخ رایەکی هاوکۆک و یەکدەنگ نییە، وا دەردەکەوێت "تاریخ" وشەی بەعەرەبیکراو یان موعەڕەبی وشەی (yerakh) بێت کە وشەیەکی عیبرییە و لەوێوە هاتووەتە ناو زمانی عەرەبی، لەزمانی کوردیدا وشەی "مێژە" یان "لەمێژە" و مێژوو هاوتای تاریخ دادەنرێت کە لە وشەدانە کوردییە سۆرانی و کورمانجییەکاندا هاوکات بە واتای دوور و لەمێژینە و چیرۆک(راز) و حیکایەت بەکارهاتووە. هەڵبەت وشەی "مێژوو" پێشینەیەکی وەهای نییە، چوون لە وەرگێڕانی شەرەفنامەی بیدلیسی بۆ کوردی (زمانی سەرەکی شەرەفنامە فارسییە کە ئەمەش دواتر مێژوونووسیی کوردی و خشتەبەندی ئەم سەرچاوە مێژووییە لەناو مێژوونووسیی کوردی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانی گەورەوە) لەلایەن مەلا مەحموودی بایەزیدی (1797-1867 ز) وشەی مێژوو بەکارنەهاتووە و هەر تاریخ بەکاربراوە (٧).

رەنگە وشەی "دیرۆک" کە لە "دێرۆک" و "دێریک"ەوە هاتووە لە مێژوو کۆنتر بێت، دیرۆک لە هەنبانە بۆرینەدا بە دوو واتا هاتووە: 1- چیرۆک و رووداوی خەیاڵی، 2- رووداوی مێژوویی. 

واتا و پێناسەی "تاریخ"

لەڕووی ماناناسی زاراوەوە، تا هەنووکەش پێناسەیەکی گشتی و هاوکۆک بۆ تاریخ نییە، بەڵام بە گشتی تاریخ بە زانستێک دەزانرێت کە باسی مرۆڤ دەکات لەناو شوێن- کاتدا. ئەم پێناسەیە لە مێژوو بەردەوام دوو لایەنی تێدا ئامادە بووە، یەکێک تاریخ وەکوو رووداو و ئەویتریان تاریخ وەکوو گێڕانەوە و گوزارشتی رووداو. بۆیە وشەی تاریخ هەم بۆ زنجیرەیەکی پێکەوە گرێدراوی رووداوەکان لە رابردووە دوورەکان تا ئێستاکە بەکاردەچێت و هەم بۆ ئەندێشە و شیکاری و راڤەی ئەم تاریخنووسانەی کە رووداوەکانیان بۆ داهاتووەکان تۆمار کردووە، هەندێک لە تۆژەران بۆ پیشاندانی ئەم دووپاڵی و دوولایەنییە لە زاراوەی تاریخی 1 و تاریخی 2 کەڵکیان وەرگرتووە (٨).

وادێتە پێش چاو کە تاریخ هاوکات هەڵگری دوو رووبەری بوونناسانە (Ontological) و مەعریفەتناسانە (epistemological) یە. رووبەری یەکەم سەربەخۆیە و لە زەینی مرۆڤ و لە جیهانی واقیعدا روودەدات، ئەم رووبەرە بە تاریخ (history) ناوبردە دەکرێت، بەڵام رووبەری دووەم بە زانستی تاریخ (Science of history) ناوبردە کراوە، راستییەکەی ئەوەیە کە تاریخنووس ناتوانێت لە دۆخی شوێن- کاتیانەی خۆی بڕواتە دەرەوە و لەسەرووی دونیا و زەمانەوە چاو ببڕێتە ناو چاوی واقیع.  ئەو زیندانیکراو و گەمارۆدراو لەناو زەمان و شوێن و جیهانی دەوروپشتێتی و کاتێک واقیعی تاریخی دێتە ناو زەینییەوە و لە پاڵاوگە و تونێلی تێڕامان و بیرکردنەوە و مەعریفەی ئەو تێدەپەڕێت، زانستی تاریخ شکڵ دەگرێت. زانستی تاریخ واقیعی کۆمەڵگایە پاش ئامادەیی لە زەینی تاریخنووس و هەڵسەنگاندن و راڤە و شرۆڤەی (٩).

فەلسەفەی مێژوو (Philosophy of history): فام و تێگەیشتنە لە هۆکارێتی(عیلت) و دۆزینەوەی هۆکار یان بۆکاری رووداوەکان و پێناسەیانە لە بەستێنی بیردۆزی و یاسا مێژووییەکانی فەلسەفە، بەشێوەیەکی تایبەتیتر فەلسەفەی مێژوو لەخۆگری قووڵبوونەوەی فەلسەفی لەبارەی سەربووردەی رووداوە مێژووییەکان و چییەتی و میتۆدەکانی راڤە و شرۆڤە و لێکدانەوەیانە (١٠).

مێژوووێناندن(historiography): مێژوووێناندن، زیندووکردنەوەی رابردوو و وێناندنەوەی زمانیی تێگەی دیرۆکییانەی هەر دیرۆکنووسێکە لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا و جیهانێک کە تێیدا دەژی. بە دەربڕینێکی تر، مێژوووێناندن پرۆسێس و فەراگەردی مامەڵە و ئاڵووێری مێژووە وەکوو شتێکی سەربەخۆ و دەرەزەینیانەی مێژوونووس لەگەڵ ئەندێشە و زەین و مەعریفەی مێژوویی ئەو. واتە کاتێک مێژووی رابردوو وەکوو واقیعێکی سەربەخۆ لە زەینی مرۆڤ لەڕێگەی مرۆڤگەلێک بە تێگەیشتن و زەینێکی شوێن- کاتییانەی تایبەت نووسراوە و لەگەڵ مرۆڤانی پاش خۆی (داهاتوو) دەکەوێتە قسە و دوواندن، ئەوە کردەی "مێژوووێناندن" هاتووەتە ئاراوە. لە مێژوووێناندن لەلایەن و رەهەندگەلی بوونناسانە، مرۆڤناسانە و چییەتی (ماهیەت)ی مێژوو لە روانگەی مێژوونووسەوە قسە دەکرێت. 

لەڕاستیدا مێژوووێناندن هەوڵ و کۆششێکە بۆ فام و تێگەیشتن لە ئەندێشە مێژووییەکانی مێژوونووس کە لە نووسراوە مێژووییەکانیدا، بە شێوازی روون و بەرهەست یان لێڵ و نابەرهەست هاتوون. لە لایەکی تریشەوە مێژوووێناندن هەڵگری پێوەرگەلی عەقڵانی و پاساوی ئاوەزمەندانەیە و لەسەودای خستنەڕووی شوناس، باوەڕ و کردارەکانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، رێکخراوەکان، نەتەوەکان و چۆنێتی ئاکار و رەفتاریان لە رابردوو و هەروەها رەوتی بزووتن و جووڵە یان داڕمان و نوشستی و هەرەسیان لە پرۆسێس و ئامێزی زەماندایە. بەشێوەی کورت و کۆتا مێژوووێناندن سەرەڕای تۆماری رووداوەکان، لەخۆگری شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، کەشفی هۆکرد(علت) و گشتاندنی ئەنجامەکان، بەراورد و ئانالۆگی دۆخەکان و فامی دەور و کردە و پێگەی تاکەکان و گرووپەکان لە پرۆسێسی مادی و غەیری مادیی مێژوو بە پشتبەستن بە بیردۆزە باوەکانی زانستە مرۆییەکان و زانستە سرووشتییەکان و فەلسەفەیە. فەلسەفەی مێژوووێناندن بەپلەی یەکەم باسکردنی لۆژیکی، عەقڵانی و مەعریفەناسانەی نووسراوەی مێژوونووسان و کۆششە بۆ کەشف و دۆزینەوەی مانا و چەمک (مفهوم) و رەوتی گشتیی رووداوەکان و هەروەها ماهیەت و چیەتییان. هەرچەند مێژوووێناندن تا رادەیەک هەڵگری توخمگەلێک لە مێژوو، زانستی مێژوو و فەلسەفەی مێژووە لە چوارچێوەیەکی دەستنیشانکراوی شوێن- کاتییانەدا، بەڵام دەبێت بزانین کە مێژوووێناندنی هەر سەردەمێک زانستێکی سەربەخۆیە و وەکوو مەعریفەیەکی مێژووییە لەچەشنی زانستەکانی کەلام، فەلسەفە، فیقهی شەرع و ئەندێشەی دینیی ئەو سەردەمە.  ئەگەرچی مێژوووێناندنی هەنووکە لە زانکۆکانی ئەوروپادا پێگەیەکی دیار و پێناسەکراوی هەیە و وەکوو زانستێک مێژوویەکی دیاری هەیە و رووبەرێکی پان و بەرین لە چالاکی و کارکردن لە هیرۆدۆتەوە تا رۆژگاری ئێستە و لە باڵگەلی زانستی جیاجیا وەکوو (مێژوووێناندنی مێژوویی، مێژووی مێژوووێناندن و...) بۆ خۆی قایلە (١١)، بەڵام بەم حاڵەشەوە شتێک لە رێژەگەرێتی و درزێک لە دەستپێڕانەگەیشتوویی بە کات و شوێن و تێگە و فام لە شوێن- کات لەو رووبەرە بەرینەدا هەیە کە ئێمە فڕێدەداتە ناو روانگەی مێژوونووسە نوێیەکانی ئەمریکا و بیردۆزی پێکهاتەشکێنی و پاش پێکهاتەخوازی و باسەکانی دۆلۆز و فۆکۆ و بودریار و جیهانی ناکۆتای وێناندن و دالی بەتاڵ و وێناندنی ئاوێنەیی و ناکۆتا و گەیشتن بە هەرێمی ئیمکان و ئەگەرە زۆرەکانی ناو مێژوو بەپێچەوانە و لەدژی ئەو رەوتەی مێژووە کە دیسکۆرس و هەژموونی دەسەڵاتەکان نووسیویانە. 

پاشپێکهاتەخوازی و مێژووخوازیی نوێ، بەرلەوەی هەوڵێک بن بۆ تێگەیشتن و دەعیەی فامکردنی حەقیقەت و واقیعی رووداوەکان و مێژوو، هەوڵێکن بۆ گەڕان و خولانەوە و عەوداڵبوون لەناو پیت و وانوێنراوەکان و دژبەرایەتی فەلسەفی لەگەڵ تێگەیشتنی تەواو و راستەقینە بۆ رووداو و مێژوو.

1- لە روانینی پاش پێکهاتەخوازەکانەوە دوو واتا بۆ وشەی مێژوو هەیە: یەکەم، رووداوەکانی رابردوو. دووەم، دەربڕین و گێڕانەوەی چیرۆکییانە لەبارەی رووداوەکانی رابردوو. پاش پێکهاتەخوازی ئەم خاڵە روون دەکاتەوە کە مێژوو بەردەوام دەگێڕدرێتەوە، بۆیە مانای یەکەمی مێژوو پەسەندکراو نییە، رابردوو هیچکات ناتوانێت بەشێوەی تەواو لەبەردەستی ئێمەدا بێت، ئەو شتەی دەیخاتە بەردەستی ئێمە وانوێنراو و نوێنراوەکانێتی.

2- لە روانینی ئەمانەوە سەردەمە مێژووییەکان بوونگەلێکی یەکانگیر نین. هیچ مێژوویەکی یەکە جگە لە مێژووە پچڕاو و دژوازەکان بوونی نییە، هیچ گۆشەنیگایەکی ئیلیزابێتی(١٢)  و چوارچێوەدار بوونی نەبووە، بیرۆکەی هەبوونی کولتوورێکی یەکانگیر و هاوئاهەنگ و هاوتەریب، ئوستوورە و خورافەیەکە لەڕێگەی چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەسەر مێژوودا سەپێنراوە و پروپاگەندەی بۆ کراوە.

3- لەمە بەدواوە مێژوونووسان ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە لێکدانەوەیان بۆ رابردوو بەشێوەیەکی بێلایەنانە و بەرهەستە، ئێمە ناتوانین بەسەر دۆخی مێژوویی و هەلومەرجی شوێن- کاتیانەی خۆماندا باز بدەین، رابردوو شتێک نییە کە وەکوو ئامرازێکی مادی و بەردەست و بەرهەست لەبەردەم ئێمەدا ئامادە بێت، بەڵکوو شتێکە لە رێگەی تەفسیر و خوێندنەوەی چەشنەکانی دەقە نووسراوەکانی پێشوو بۆ هاوتەریبکردن لەگەڵ تێبینی و تێگە مێژووییە تایبەتەکانی خۆمان، بەدی دەهێنین.

4- پێوەندیی ئەدەب و مێژوو دەشێت بکەوێتە بەردەم خوێندنەوە و پێداچوونەوە. هیچ "مێژوو"یەکی جێگیر و نەگۆڕ بوونی نییە کە وەکوو ناوەندێک چاوی لێبکەین یان وێنای بکەین و ئەدەب بکەین بە پاشکۆی. هەموو مێژوو خۆی پاشکۆیە. مێژوو بەردەوام گێڕانەوەی چیرۆکییانەی رابردوو بووە، ئەویش بەکەڵکوەرگرتن لەو دەقانەی کە لە دێڕبەدێڕی گێڕانەوەکانماندا دەیهێنین (١٣).

ئەگەرچی پاش پێکهاتەخوازەکان و مێژووخوازە نوێیەکان بەشێکی زۆر و چەقی کارەکانیان لەسەر دەسەڵات و ئیدارە و ئەرشیڤ (١٤) و رێکخراوەکانی بوو، بەڵام رەهەند و لایەنێکی دیکەیان لە تێگەیشتن و فام بۆ مێژوو لە رۆچنەی ئەدەبەوە زەق کردەوە و ئەو سنوورە رەق و تەقە رواڵەتییە زانستییەی کە لە نێوان مێژوو و ئەدەب و باقی فۆرم و فیگۆرەکانی "پیتداڕێژی" و "وتەتەوەری" بوو رووخاندیان و هاوکێشەیەکی نوێیان بۆ فامی پێوەندیی نێوان دەسەڵات و مێژوو و ئەدەب و باقی فیگۆر و فۆرمەکانی وتە و داڕشتن هێنایە ئاراوە.

مێژوو بەم روانینە گێڕانەوەیەکی رێژەیی و فرەڕەهەند و شیاوە لە دونیای پیت و زمان و وشە کە تانوپۆی هەموو ئەم فیگۆر و زمانداڕێژییانە بە "هیوا" تەنراوە... هیوا بۆ کەشف و گێڕانەوەی نوێ... وتە و پیتەکان تەنها بۆ ئەوەی لاڵیمان لەهەمبەر وجوود لەبیر ببەنەوە داهاتنە یادەوەری و ناوشیاریمانەوە... پیت هیوایە بە واتا و واتا هیوایە لە هەناوی پیت و ئەم گۆی زەوییە پیتاوییە هەر دەسووڕێ و دەسووڕێ لە بۆشایی سەدان کاکێشان و ... هیوایەکی وەهمییە و وەکوو کافکا دەڵێت: تەنها لەبەر رێزی بێهیوایان بووە کە هیوا داهاتووە (١٥).

پەراوێز و سەرچاوەکان: 

1- شوێنگەی لەدایکبوونی فەلسەفەی مێژوو یۆنانە؛ لێکۆڵینەوەکانی هیرۆدۆت و توسیدید لەبارەی ئەو هێزانەی کە مێژوو دەجووڵێنن و دەیخەنە بزاوتن لەسەر ئەم بابەتە و هەروەها تۆژینەوەکانی پلۆتارک و لەوە بەدواوەش بەتایبەتی لە نووسینەکانی ئاگۆستینی قەدیس و لە کتێبی شاری خودا دا دەیبینین، تا دەگاتە لای هیگڵ. یاسپرس، کارل، ێغاز و انجام تاریخ، ترجمە محمد حسن لگفی، چاپ دوم، تهران 1363

2- یاسپرس،کارل، ێ‌غاز و انجام تاریخ، ترجمە محمد حسن لگفی، چاپ دوم، تهران 1363

3- ئەم گێڕانەوەیە لە زنجیرە درامای بانسرووشت (super natural) کە تا ئێستە یازدە سیزنی هاتۆتە بازاڕ بینیومە، کۆمەڵێک نووسەر و دەرهێنەری هەیە و باسی ژیانی دوو برا دەکات کە دایکیان بە منداڵی لە رێگەی شەیتانێکی چاوزەردەوە بە ناوی عەزازیل دەکوژرێت و ئەوانیش دەبن بە بکوژی بوونەوەرە بانسرووشتییەکان هەر لە خوێنمژ(vampire) و گورگینەکانەوە بگرە تا دەگاتە خودا جێماوە کۆنە یۆنانییەکان و شەیتان و فریشتەکان و دواتر تا سەرهەڵدان و رابوونی لوسیفێر.

4- هەمان سەرچاوەی 2

5- سەرچاوەی پێشوو

6- بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی پرسی مێژوونووسی کوردی و بوون و نەبوونیەوە دەتوانن چاو لە گۆڤاری زرێبار، ژمارە81 و82 و مەلەفی تایبەت بە مێژوونووسیی کوردستان، بە تایبەتی وتارەکانی "مقدمەای بە تاریخ نگاری کوردی" نووسینی اسماعیل شمس یان وتاری "مێژوونووسی و پرسی سیاسەت" د.ئازاد حاجی ئاقایی بکەن.

7- گۆڤاری زرێبار، ژمارەی 81 و 82، "مقدمەای بە تاریخ نگاری کوردی" نووسینی د.اسماعیل شمس

8- سەرچاوەی پێشوو

9- هەمان سەرچاوە

10&11- هەمان سەرچاوە وتاری،"مقدمەای بە تاریخ نگاری کوردی" نووسینی د. اسماعیل شمس

12- وێنەی ئیلیزابێتی جیهان یان تصویر الیزابتی جهان(The Elizabethan picture)یەکەمجار لە لایەن و، تیلیاردەوە و بۆ گێڕانەوەیەکی مێژوویی تایبەت لە کەلتووری سەردەمی شیکسپییەر بەکار برا، مەبەست سیستەمێک لە تەکووزی و کۆسمۆس و رێک و پێکی و یەکانگیرییە. رامان سلدن، پیت ویدسون، راهنمای نڤریە ادبی معاصر، ترجمە عباس مخبر، نڤریەهای پساساختارگرا، تاریخ گرایی جدید.

13- رامان سلدن، پیت ویدسون، راهنمای نڤریە ادبی معاصر، ترجمە عباس مخبر، نڤریەهای پساساختارگرا، تاریخ گرایی جدید.ص 206و207

14- ئەرشیڤ بریتییە لە جۆرە نەزم و یاسا و رێسایەک کە بەستێنێکی زەمانی درێژ و لە رێگەی میکانیزمەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات بەسەر تاکی ناو کۆمەڵگایەکدا دەسەپێت و فۆرمی چەشنێک لە ناوشیاریی فێرکراو یان ناوشیاری وەرگیراو وەردەگرێت، بۆ زانیاری زیاتر چاو لە کتێبی (سرگشتگی نشانەها، بودریار، لیوتار، دلوز، فوکو و بارت...نمونەهایی از نقد پسامدرن، گزینش و ویرایش مانی حقیقی) بکەن.

15- احمدی، بابک، خاگرات ڤلمت، دربارەی سە اندیشگر مکتب فرانکفورت، تهران، نشر مرکز 1376 ص61