تێزی دكتۆراكەی عەلی وەردی دەكرێتە كوردی
رووداو - هەولێر
تێزی دكتۆراكەی عەلی وەردی، زانای كۆمەڵناسی عێراقی بەناوی (سەبارەت بە سۆسیۆلۆژیای مەعریفە- شیكردنەوەی سۆسیۆلۆجی بۆ تیۆری ئیبن خەلدون)، لەلایەن نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، نووسەر و وەرگێڕی كورد، دەكرێتە كوردی.
نەوزاد ئەحمەد لەبارەی ئەم بەرهەمە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "د.عەلی وەردی نیو سەدە لەمەوبەر تێزی دكتۆراكەی نووسیوە، بەڵام وەكو خۆی مابووەوە و وەرنەگێڕدرابوو، ئەمەش رەنگە بەهۆی ناوەڕۆكەكەیەوە بووبێ كە رەخنەیەكی راستەوخۆ لە مێژووی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت".
ناوەڕۆكی تێزی دكتۆراكەی وەردی، بە گوتەی نەوزاد ئەحمەد "رەخنەیەكی سۆسیۆلۆژییە لە مێژووی عەرەبیی ئیسلامی كە بەپێی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە ئەو مێژووە دەخوێنێتەوە و رەخنەی لێدەگرێ. هەروەها پێشەكییەكەی ئیبن خەلدون دەكاتە سەرمەشقی تێزەكەی، بەبێ ئەوەی بە تەواوی متمانەی بە تیۆری ئیبن خەلدون هەبێ و بگرە لە چەندین لایەنەوە رەخنەی لێدەگرێ".
نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، باسی گرنگیی وەرگێڕانی بەرهەمەكە بۆ سەر زمانی كوردی دەكات و دەڵێت: "بایەخی ئەم كتێبە لەوەدایە تێزی دكتۆرای سۆسیۆلۆجیست و بیرمەندێكی گرنگی عێراقییە كە بە تێز و بیر و نووسینەكانی نیو سەدە زیاترە خەڵكی بە خوێندنەوە و گفتوگۆوە سەرقاڵ كردووە. عەلی وەردی رەخنە لە كۆمەڵگەی عێراقی دەگرێت كە لە زۆر رووەوە ئەو رەخنانە كۆمەڵگەی كوردیش دەگرێتەوە".
سەبارەت بە كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكە، ئەسوەد گوتی: "رەنگە لە كۆتایی مانگی حەوت كاری وەرگێڕانی كتێبەكە تەواو ببێت و لە كۆتایی مانگی هەشت لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە چاپ بكرێ".