سەربردەی شانۆنامەكانی چێخۆف

لە جادە گەورەكەدا 

ئەم دراما تاك پەردەییە یەكەمجار ساڵی 1914 بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی مەرگی چێخۆڤ لە گۆڤای سلۆڤۆدا بڵاوكرایەوە و هەر ئەو ساڵەیش لە یەكێك لە هۆڵە شانۆییەكانی دەوری مۆسكۆ نمایش كرا. ئەو نەسكەی كە ئی سەردەمی نووسینەكەیەتی، لەبەرگیراوەی دەستنووسی فەرمانگەی سانسۆرە كە سەربەرگەكەی مۆر كراوە و رێكەوتی رادەستكردنی شانۆنامەكە (29ی ئایاری ساڵی 1885) و رای بەرپرسی پێوەندیداری بە رێكەوتی 20ی سێپتەمبەری 1885 بەسەرەوەیە: "ئەم شانۆنامەیە بۆ نمایشكردن لەسەر سەكۆكانی شانۆی وڵات بە نەگونجاو زانراوە. بەرپرسی سانسۆری نووسراوە دراماتیكەكان، كایزرفێن نیلكهایم". 

هەر ئەو فەرمانبەرە لە راپۆرتێكی جیادا بۆ سەرۆكی ئیدارەكەی خۆی نووسیوە: "شوێن و كاتی رووداوەكە مەیخانەیەكی سەر رێگەیە. لەنێو ئەو خەڵكە جۆراوجۆر و بەرەڵا و رێبوار و زیارەتكەرانەدا كە لە مەیخانەكە كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان گەرم بكەنەوە و شەو بكەنە رۆژ، مڵكدارێكی مایەپووچیشیان لەگەڵە كە لەبەر مەیخانەچییەكە دەپاڕێتەوە بە قەرز مەشرووبی بداتێ... بە رای من ئەم شانۆنامە رەشبینە قێزەونە بۆوەی نابێ بچێتە سەر سەكۆ و نمایش بكرێ." 

لەم چاپەیدا، شانۆنامەكە لە رووی نەسكی دەستنووسی فەرمانگەی سانسۆرەوە چاپ دەكرێ.

بەپێی بەڵگەكان وێدەچێ كە ئەم ئێتۆدراماتیكە لە پاییزی ساڵی 1884ـ دا نووسرابێ. ئانتۆن پاڤلۆڤیچ لە نۆڤەمبەری ئەوێ ساڵێدا ئاوای بۆ لیكین نووسیبوو: "بەپێچەوانەی جاری جاران، ئەم حەفتەیە ناتوانم كۆمەڵێك چیرۆكتان بۆ بنێرم، چونكە بەردەوام نەخۆش بوومە و تا ڕادەیەكیش خەریكی كارێكی دیكە بووم: خەریكم شتێكی زۆر بچووك و بێنرخ بۆ سەرسەكۆی شانۆ دەنووسم..."

چێخۆڤ لەم ئێتۆدەدا، كەڵكی لە ناوەڕۆكی چیرۆكێکی خۆی وەرگرتووە بەناوی "لە بەرهارێدا"  كە لە سێپتەمبەری 1883ـ دا لە گۆڤاری بۆدیلنیكدا بڵاوبووەتەوە. شوێنی رووداوەكە و كێشمەكێشی سەرەكیی چیرۆكەكە یانی سەربردەی مڵكدارێكی بەڵالێدراو و متووی مەشرووبە كە ملوانكە و وێنەی هاوسەرە خۆشەویست و هاوكات خیانەتكارەكەی خۆی لای كابرای مەیخانەچی بە بارمتە دادەنێ و رەعیەتێك ئاغاكەی خۆی دەناسێتەوە و ئینجا رووداوەكە دەگێڕێتەوە. ئەو شانۆیە هەر لە چیرۆكەكەی "لە بەهارێدا" وەرگیراوە و تۆزێك دەستكاری كراوە و لە چاو چیرۆكەكەش چوار هێندەی لێ زیاد كراوە.

كالخاس (دەنگی قوو)

تاكپەردەیەك لە ئاوازی قوو، یەكەمجار ساڵی 1887 لە كەشكۆڵە ئەدەبییەكەی سزۆندا چاپ و بڵاوكرایەوە و رێكەوتی دەرچوونی روخسەتی چاپەكەیشی 11ی جانیوەریی 1887ـە. نەسكی دەستنووسی شانۆنامەكە كە بۆ فەرمانگەی سانسۆر ئامادە كرابوو، ماوە.

ئەم ئێتۆدراماتیكە، لە دوا  رۆژەكانی ساڵی 1886ـ دا یان لە یەكەم رۆژەكانی ساڵی 1887ـ دا دەكرێ بڵێی هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چیرۆكێكی چێخۆڤ كە لە گۆڤارە ئەدەبییەكەی "رۆژنامەی پێترزبۆرگدا (نۆڤەمبەری 1886) بەناوی كاڵخاس نووسراوە.

ئانتۆن پاڤلۆڤیچ لە جانیوەری 1887ـ دا بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی خۆی نووسیبوو: "شانۆنامەیەكی كورتم نووسیوە كە هەر پازدە بیست دەقەیەك دەخایەنێ... بچووكترین درامای دنیا... چونكە قەول وایە كەشكۆڵی سزۆن چاپی بكا و هاوكات لە سەرانسەری وڵاتیشدا بڵاودەبێتەوە. نووسینی بابەتی كورت لە بنێڕا لە خوڵقاندنی بەرهەمی گەورە ئاسانترە، چونكە جگە لەوەی كەمتر رەخنەی دێتە سەر، سەركەوتنیش بەدەستدێنێ. ئیتر پیاو چیی دیكەی دەوێ؟ درامایەكەم نووسیوە، لە سەعاتێك و پێنج دەقەدا".

لە كەشكۆڵی سزۆندا، شانۆنامەیەك بە كورتكراوەیی و وردتر بڵێین، بەبێ بەشی دووەمەكەی كە تێیدا سۆتلۆیدۆڤ دەكەوێتەوە بیر چالاكییە هونەرییەكانی سەردەمی لاوێتیی خۆی و هێندێ بەشی شانۆنامە جۆراوجۆرەكان دەخوێنێتەوە، چاپ كرابوو.

لە كۆتایی ساڵی 1887ـ دا بە بۆنەی ئەوەی كە وا بڕیار بوو "ئاوازی قوو" بچێتە سەر سەكۆی شانۆی "كۆرش"، دوو نەسكیان لەبەر شانۆنامەكە گرتەوە بۆ ئەوەی بنێردرێتە فەرمانگەی سانسۆر. چێخۆڤ هەر ئەو كات لەو پێوەندییەدا بۆ داڤیدۆڤی نووسی: "دوێنێ كە لەلای تۆوە گەڕامەوە ماڵێ، براكانمم دانیشاند لەبەر شانۆنامەكە هەڵگرنەوە و ئێستا دوو نەسكی ئەو شانۆنامەیەت بۆ دەنێرم كە بنێردرێنە فەرمانگەی سانسۆر."

چێخۆڤ زیندوو بوو كە ئاوازی قووەكەی وەرگێڕدرایە سەر زمانەكانی بولگاری و ئەڵمانی و پۆڵۆنی و سێربی و چیكی.