تۆپی پێ.. كولتوور، شەریعەت و فەلسەفە
خەسرەو ناقد
وەرگێڕانی: مەریوان هەڵەبجەیی
لەم رۆژانەدا كە هەراو زەنای پێشبڕكێی جامی جیهانیی تۆپی پێ گەرمە، ئەگەر دزەنیگایەكی لاپەڕەكانی كولتوور و هونەر و ئەندێشەی ڕۆژنامەكان و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەكان و میدیاكانی تر بكەین، پەی دەبەین بە ڕەهەندی سارد و وەستاوی بازاڕی بێ كڕیاری كولتوور و فەلسەفە. كەسانی بواری كولتوور و خاوەن ئەندێشە سەردەمانێكی زۆرە گۆڕەپانی میدیایان چۆڵ كردووە و فەزای گشتییان دۆڕاندووە بە تۆپی پێ. لەڕاستیدا ئەو سەرنجڕاكێشییەی كە ئەمڕۆ تۆپی پێ و بەتایبەتی یارییەكانی جامی جیهانی لەناو خەڵكدا بەگشتی و بەتایبەتی لاوان هەیەتی و هەروەها ئەو خۆشەویستییەی كە یاریزانەكان هەیانە لای خەڵك، لەسەردەمی زێڕینی فەلەسەفەدا لە ئەسینا هی فەلسەفە و فەیلەسووفەكان بوو. لاوانی ئارەزوومەندی حیكمەت و ئارەزوومەندی ئاگایی لە بۆچی و چییەتی ئەم جیهانە، لە گۆڕەپانی شاردا لە دەوری سوكرات كۆدەبوونەوە و بە پرسیارەكانیان دەربارەی خوڵقاندنی مرۆڤ، دادپەروەری، فەزیلەت و مەرگ، زەمینەی گفتوگۆی فەلەسەفی و مشتومڕیان دروست دەكرد. دواجاریش هەر ئەم كۆبوونەوانە بوو لە گۆڕەپانەكانی شاردا كە بووە هۆی ئەوەی سوكرات ببەنە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی لاوان فریو دەدات و جامی ژەهرەكەش بدەن بە دەستییەوە.
دیارە لە قۆناغی هاوچەرخیشدا كەم نین ئەو نووسەر و فەیلەسووفانەی كە بە ئاشكرا و بە نهێنی دادەنیشن و سەیری یاریی تۆپی پێ دەكەن و تەنانەت لایەنگری ئەم یان ئەو یانە دەكەن.
بۆ نموونە واڵتەر یەنس، مامۆستای مێژووی ئەدەبیات و هونەری دەربڕین لە زانكۆی (توبینگن)ی ئەڵمانیا، یەكێك بوو لە لایەنگرانی زۆر پڕ لە جۆش و خرۆشی تۆپی پێ. ئەو خۆی كە لە سەردەمی لاوێتیدا گۆڵپارێزی یەكێك لە یانە سوورپۆشەكانی تۆپی پێی ئەڵمانیا بوو، دەڵێت: "تۆپی پێ، وەرزشێكی دەسەڵاتنیشاندەر و دەسەڵاتباوەڕە كە دەتوانرێت هەر سات دەسەڵاتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. نزیكایەتی یاریزانەكان و نائارامبوون لەژێر گوشاری ڕۆحی و ناچاریی دەرەكیدا، یەكێك لە مەرجە سەرەتاییەكانی یارییەكی جوان و سەرنجڕاكێشە. من لە سنوورەكانی وەرزش و هونەردا، خەون و واقیعییەت بەتایبەت لەسەردەمی ئەستەم و ڕۆژانی دژواری ژیاندا، زۆر لە سوورپۆشەكانی یانەكەمەوە فێر بووم و بەردەوام خۆم بە قەرزاری ئەوان دەزانم".
لە شۆپنهاوەرەوە تا سارتەر .. لە بۆرخیسەوە تا كامۆ
ژان پۆل سارتەر، فەیلەسووفی ئیگزستانسیالیستی فەڕەنسی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە دەڵێ "تۆپی پێ چییە؟" دەڵێت: "تۆپی پێ یارییەكی سادەیە، دیارە بە ئامادەبوونی تیپی بەرامبەر هەموو شتێك ئاڵۆز و دژوار دەبێ".
بەڵام ئەو وتەیەی ئەلبێر كامۆ كەمێك سەیر دێتە بەرچاو لەوێدا كە دەڵێت: "من هەر ئەو بڕە كەمە بنەما ئەخلاقیەی كە دەیناسم، لە گۆڕەپانی تۆپی پێ و سەرتەختەی شانۆدا فێری بووم كە بۆ من وەك زانكۆیەكی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە".
لەوە گەڕێین تەمەنی كورتی هەندێك لە فەیلەسووفەكان هێندە نەبوو، تا دیاردەی تۆپی پێ ئەزموون بكەن و لەبارەیەوە فەلسەفیانە بیربكەنەوە، بۆ نموونە ئارتۆر شۆپنهاوەر، لەبارەی تایبەتمەندیی فەیلەسووفەكانەوە دەڵێ: "كێشەی فەیلەسووفەكان ئەوەیە، بۆ دۆزینەوەی ئەوەی لەبەردەمیاندایە، لەناو ئاسمان و هەورەكاندا دەگەڕێن".
ڕەنگە ئەگەر شۆپنهاوەر ئاشنا بووایە بە وەرزشی تۆپی پێ، لەدرێژەی وتەكەی خۆیدا بیگوتایە: "كێشەی یاریزانانی تۆپی پێش ئەوەیە كە لەڕادەبەدەر سەرنج دەدەنە ئەوەی لەبەر پێیاندایە و كەمتر سەرنج و بایەخیان بۆ ئەوەیە كە لە فیكر و زەینی ركابەرەكەیاندایە".
جۆرج ئۆروێل لەبارەی بەریەككەوتنی توندوتیژانەی یاریزانەكانەوە بەتایبەت لە ئینگلتەرای سەدەی نۆزدەیەمدا كە بە بەشێكی جیانەبووەوەی یاریی تۆپی پێ دادەنرێ، دەیگوت: "یاری تۆپی پێ شەڕە بەبێ تەقەكردن. گرێدراوە بە نەفرەت و ئیرەیی و خۆدەرخستنەوە بەبێ گوێدانە هەموو یاسا و چوارچێوەكان"، بەڵام لە ئەمڕۆدا توندوتیژی لە گۆڕەپانی یارییەوە چووەتە سەر سەكۆی هاندەران و لایەنگرانی یانەكان.
خۆرخی لویس بۆرخیس، كەسایەتی دیاری ئەدەبیاتی ئیسپانیایی، لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت: "تۆپی پێ بە گەورەترین تاوانی ئینگلتەرا دادەنرێت". بۆرخیس بڕوای وایە تۆپی پێ پەیوەندی بە پیاوەتی و لێهاتووییەوە نییە و خۆشەویستبوونی تۆپی پێ لەناو خەڵكدا وا لێكدەداتەوە كە لەبەر ئەوەیە خەڵك حەزیان لە گەمژەییە.
بەڵام فاتو دیومە، نووسەری سەنیگالی و دانەری كتێبی "لە دڵی ئۆقیانووس"دا، تۆپی پێ بە دەركەوتنی هیوای ملیۆنان مێرمنداڵی ئەفریقایی و وڵاتانی هەژاری تر دەزانێت كە خەون بە دونیایەكی باشترەوە دەبینن. ئەم نووسەرە ژنە سەنیگالی-یە، لە ڕۆمانەكەی خۆیدا چیرۆكی ژیانی گەنجانێكی وێنا كردووە كە هەموو توانا و كۆششی خۆیان دەخەنەگەڕ تا بگەنە دونیای پیشەگەریی تۆپی پێ و بتوانن لە یەكێ لە یانەكانی وڵاتانی ئەوروپادا یاری بكەن.
تۆپی پێ، ئایین و ئاكارێكی نوێ
سەیركردنی تۆپی پێ و لایەنگری و دەمارگیری لە ئاستی شێتیدا بۆ هەڵبژاردەی وڵاتێك یان یانەیەك، بۆ مێرمنداڵانی كۆمەڵگە جۆراوجۆرەكان و بەتایبەت بۆ لاوانی كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و ئەوانەی كە بەشێكیان هەژارن، بووەتە شوناسێكی نوێ و ئاكارێكی تازە و بە جۆرێك بووە بە "دینێكی سێكولار". ئەوان ئایندەیەكی ناڕوون و تاریك لەبەرامبەر خۆیاندا دەبینن، چونكە نە گوێیەك پەیدا دەبێ بۆ بیستنی قسەكانیان و پێویستییەكانیان، نە دەرفەت و مۆڵەتی دەربڕینی ناڕەزاییان هەیە و نە جێگایەك كە ئازادانە هاوار بكەن تێیدا و داواكارییەكانیان ڕابگەیەنن. بە ناچاری، وەرزشگاكان و گۆڕەپانەكانی تۆپی پێ شوێنێكی گونجاوە بۆ خۆبەتاڵكردنەوەی دەروونیی ئەم گەنجە یاخی و تووڕانە. ئایا بەڕاستی تۆپی پێ دەتوانێت كاركردێكی وای هەبێت؟ یان تۆپی پێیش وەك ئایین كە فەلسەفە وجوودیەكەی لە هێنانەدی پێویستییە مەعنەوییەكانی مرۆڤەكاندایە، ئێستا نەك تەنیا لە ئامانجە سەرەتاییەكانی خۆی دووركەوتووەتەوە، بەڵكو نامۆ بووە بەدونیای واقیعی، تا ئەو جێگایەی كە لەمڕۆدا لە كاكڵە سەرەكییەكەی تەنیا رووكەشێكی لـێ بەجێماوە كە خۆی تەنیا لە مەراسیم و ڕێوڕەسمی ئایینی و جەژنەكان و پرسەكاندا دەبینێتەوە.
خۆشەویستی و سەرسامیی هەوادارانی تۆپی پێ بۆ یاریزانە ئەفسانەییەكان، دەركەوتن و پەیدابوونی ئەو ئاین و مەراسیم و ڕێوڕەسمە دینی و سرووتانە بەبیر دێنێتەوە كە تائێستا تەنیا لە ئایندا هەبووە. لەم ڕووەوە مایەی سەرسوڕمان نییە كاتێ لە زمانی باوكی ڕۆحانی شاری سان خۆزەی پایتەختی كۆستاریكاوە دەبیستی كە دەڵێت: "تۆپی پێ نەك تەنیا ئایین و ئاكارە، بەڵكو بووەتە گرنگترین مەزهەبی ئەمریكای لاتین".
ئایا عیشق و خۆشەویستی و هەندێكجار ئاڵوودەبوون بە تۆپی پێ و هەستكردن بە خۆشەویستی و نزیكایەتی لەیانەكان و یاریزانەكان، بووەتە جێگرەوەی بیروباوەڕ و سرووتە ئاینییەكان، كە باوەڕ بەوانە رۆژ بە رۆژ ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات؟
فیلم و فیقه و تۆپی پێ
فیقهی ئیسلامیش بە چەشنێك پەیوەندی لەگەڵ فەلسەفەی مافدا هەیە، لەم نێوانەدا سەروكاری لەگەڵ تۆپی پێشدا پەیدا كردووە. ناڕەزایی دەربڕین و فتوادانی چەند كەسێك لە فەقیهەكان و حوكمدان لەسەر ئازادیی ئامادەبوونی ژنان لە وەرزشگاكاندا و سەیركردنی تۆپی پێ، هێشتا كەم تا زۆر لە یادەوەریدا ماون. ئەو ڕووداوەی كە جەنجاڵیی دروستكرد، دوابەدوای "تای فێمینیستی تۆپی پێ" لەئێراندا، یەكێكە لەو نموونانەی كە نیشانی دەدا، تۆپی پێ هەموو سنوورەكانی بڕیوە و هەموو رەهەندەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتووریی ئێمەی گرتووەتەوە و بەناچاری، ڕێگای دەربازبوون نییە لێی. لەم نێوەشدا هونەری حەوتەمیش پارێزراو نەبووە لە پاشهات و زیانەكانی تای تۆپی پێ لە ئێراندا و بێگومان هێشتا لەبیردا ماوە كە دەرهێنەرێك خۆی ڕووبەڕووی مەترسی كردەوە و هەڵوێستی نیشاندا و فیلمێكی سینەمایی ئامادەكرد.
(ئۆفساید)، كاری لەبارەی قەدەغەبوونی ئامادەبوونی ژنان لە یارییەكانی تۆپی پێدا كرد. زۆر پێشتر لەوەش فیلمی سینەمایی (پەرجووی بێرن) كاری لەسەر ئامادەبوونی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا كرد لە یارییەكانی تۆپی پێی جیهانیی ساڵی 1954 لە سویسرا و سەركەوتنی پەرجووئاسای هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی. جان هیوستن، فیلمسازی بەناوبانگی ئەمریكیش، فیلمێكی بەناونیشانی (ڕاكردن بەرەو سەركەوتن) دروستكرد كە یاریزانانی وەك بیلێ، ئیردیلیس بابی مۆر لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی وەك مایكڵ كین و سلڤستەر ستالۆن ڕۆڵیان تێدا بینی.
میسی، رۆناڵدۆ، ئۆزێل، شەڕی گلادیاتۆرە مۆدێرنەكان
ئایا تۆپی پێ نمایشێكی سیحرییە كە لەسەر زەوییەكی سەوز و بەرین و تەنیا بەمەبەستی ئەفسوونكردنی خەڵك دێتە بەرهەم و پێشكەش دەكرێت؟ نمایشێك كە بەتاڵە لە ناوەڕۆكە وەرزش دۆستانەكانی داهێنەرانی ئەو وەرزشە؟
ئایا تۆپی پێ ئیدی ئەو پاڵنەرانەی بەدوای چێژدا دەگەڕێن، تێر ناكات و تەنیا بووەتە داردەست و ئامرازی دەستی دەسەڵاتداران، یان ئامرازێكە بەدەست باند و گرووپە مافیا ئابوورییەكانەوە؟ سەیر نییە كە ناوی هەندێ لە نەتەوەكان و وڵاتەكان، تەنیا چوار ساڵ جارێك و ئەویش لە پەیوەندی لەگەڵ تۆپی پێدا لە یادی مرۆڤەكاندا زیندوو دەبێتەوە. بەڕاست دوایین جار كە ناوی ئیكوادۆر، كامیرۆن یان كۆستاریكات لە پەیوەندیی بەدەر لە تۆپی پێ بیست، كەی بوو؟
ئایا تۆپی پێ هەمان شەڕی گلادیاتۆرە مۆدێرنەكانی سەردەمی ئێمەیە؟ جۆش و خرۆشی هاندەران و دەرچوون ئیختیار لە دەست خود و كێشە و بارگرژی "ئەو هاندەر و لایەنگرانەی بۆ تۆپی پێ گیانی خۆیان خستووەتە لاوە" لە هەندێك لە وڵاتە هەژارەكاندا، بەبیرهێنەری ساڵانی كۆتایی و كەوتنی ئیمپراتۆری ڕۆمایە كە خەڵكی بە "نان و شەڕی گلادیاتۆرەكان" سەرگەرم دەكرد و بەبێ مەترسی دروستكردن ڕایدەگرتن. ئایا ئەمڕۆ لە "وەرزشی جەماوەری" تۆپی پێدا مەترسییەك بۆ دەوڵەتەكان هەیە یان خۆی ڕێگر و لەمپەرێكە لەبەردەم دەركەوتنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكاندا؟ سەرنجڕاكێشبوون و كاریگەریی تۆپی پێ و ورووژاندن و جوڵاندنی تووڕەیی ئەو وەرزشە لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا تۆپی پێ دەتوانێت ڕێگاچارەیەكی گونجاو بێت بۆ دەرمانی دۆخی نەگونجاو و نالەباری دەروونی مرۆڤی تاك شوناسی سەردەمی ئێمە؟ وا دێتە بەرچاو كە فەیلەسووفەكان و كۆمەڵناسان و دەروونشیكاران بۆ وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە ناچارن بەشێوەیەكی جددی خۆیان بە دیاردەی تۆپی پێوە خەریك بكەن. ئەوان دەبێت لەبورجی عاجی لێكۆڵینەوەی زانكۆیی خۆیان بێنە خوارەوە و بەمەبەستی توێژینەوەی مەیدانی، بڕۆنە ناو یاریگاكان و ناو هاندەرانی تۆپی پێ. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایا لە بنەمادا دەكرێ بەئامرازێكی وەك فەلسەفە و كۆمەڵناسی و دەروونشیكاری، بچیت بەدوای دیاردەی تۆپی پێدا و ڕاڤەی بكەیت و لێكدانەوە و شیكردنەوەی بۆ بكەیت و لە دەروونی عاشقانی تۆپی پێ بكۆڵیتەوە؟ ئەم پرسیارە و ئەو پرسیارانەی تر كە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆپی پێدا دەخرێنە ڕوو، لانیكەم لەجۆش و خرۆش و ئەو ئاڵۆزی و بارگرژیانەی كە لە یارییەكانی جامی جیهانی تۆپی پێدا هەیە، كڕیارێكی ئەوتۆیان نییە. بەناچار دەبێت چاوەڕوانی ئەو ڕۆژانە بین كە تای جامی جیهانی تۆپی پێ نامێنێت. تا ئەوكاتە، ئێمەش هاوڕەنگ و هاوشێوەی جەماعەت هاوار دەكەین: گۆۆۆۆڵ ڵ ڵ ڵ ڵ!