كتێبێكی دیكەی عارف قوربانی دەكرێتە فەڕەنسی

رووداو - هەولێر

كتێبی "ئەو سایەق شۆفڵە عەرەبەی بەشێك لە ئەنفالەكانی داپۆشی" دوای ئەوەی بە زمانەكانی عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی چاپ و بڵاوكرایەوە، ئێستا وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی فەڕەنسی و بەم نزیكانە چاپ دەكرێت.

عارف قوربانی، نووسەری كێبەكە بە (ئەدەب و كولتوور)ی رووداوی راگەیاند: "كتێبەكە لە 100 لاپەڕە پێكهاتووە و چاوپێكەوتنێكە لەگەڵ بەرپرسێكی پێشووی حیزبی بەعس كە بەدەستی خۆی چاڵی بۆ ئەنفالكردنی كورد هەڵكەندووە و كەسێكی نزیكی عەلی حەسەن مەجید بووە".

عارف قوربانی كە لە ساڵی 2003 ئەو چاوپێكەوتنەی لەگەڵ بەرپرسەكەی حیزبی بەعس تۆمار كردووە، دەڵێت "پێشتریش یەكەمین كتێبم بەناوی "تەیمووری ئەنفال" كراوەتە فەڕەنسی كە یەكەمین كتێبیش بوو لەبارەی جینۆسایدی كورد وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانە، كتێبی (ئەو سایەق شۆفڵە عەرەبەی بەشێك لە ئەنفالەكانی داپۆشی) دەبێتە دووەم كتێبی ئەو بوارە بە زمانی فەرەنسی كە هەردووكیان لەلایەن شوكر بایزەوە وەرگێڕدراون".

عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەنووس، ساڵی 1970 لە سنووری كەركووك لەدایك بووە. بڕوانامەی بكالۆریۆسی لە راگەیاندن هەیە، پێشتر ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە. ئێستا وەكو نووسەری بێلایەن لە بواری جینۆساید دەنووسێت. تاوەكو ئێستا 40 كتێبی چاپ و بڵاوكردوونەتەوە.