غەزەلێك، هەمیشە بۆنی ئێستای لێ دێت

-1-

 پیاوێكی كورتەباڵای سوور و سپیی چاو گەورە، ریش تاشراوی سمێڵ درێژكۆلە هەمیشە بە جلوبەرگی كوردی و كەواو سەڵتەی جافی و قنج و قیت و دڵتەڕ و روخسار سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت. لەو پیاوە تەنیا چەند وێنەیەكی كەم ماون كە لە ژمارەی پەنجەكانی یەك دەست تێناپەڕن. ئەم پیاوە، شاعیرێكی ناوداری كوردە كە هۆز و ماڵباتەكەیان رۆڵێكی گەورەیان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی كوردی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا بینیوە. ئەم شاعیرە، لەسەر شێوازی پێنج خشتەكیی شاعیرانی وەكو: زێوەر، ناری، سافی هیرانی و شێخ رەزای تاڵەبانی شیعر و غەزەلی سەرنجڕاكێشی نووسیوە و غەزەلەكانی هەرچەندە كۆن بن، بەڵام بۆنی ئێستا و ئێرەیان لێ دێت. زمانی عەرەبی و فارسی و توركی زانیوە و چەندین شیعری بەو زمانە نووسیوە و سەدان پارچە شیعریشی لە كەشكۆڵ و لاپەڕە دەستنووسەكاندا ون بوون. لەماوەی 43 ساڵ ژیانیدا سەدان شیعری فارسی و كوردیی جوانی نووسین كە بەداخەوە زۆرینەیان كۆنەكراونەتەوە و فەوتاون.

كاتێك عوسمانییەكان بە فەرمی بنەماڵەی جاف لە هەڵەبجە و شارەزوور و گەرمیان دەكەنە بەرپرسی یەكەمی ناوچەكە، وەسمان پاشای جاف و عادیلە خانم زۆر هەوڵ دەدەن هەردوو كوڕەكەیان (تاهیر بەگ، ئەحمەد موختار) بەشێك لەو بەرپرسیارێتییە بخەنە سەرشانیان و هاوكاریان بن لەو كارەدا. ئەحمەد موختار هاوكارییان دەكات، بەڵام تاهیر بەگی جاف بە نابەدڵی یەك دوو ساڵ كاروباری ناوچەكە دەگرێتە دەست و هەر زوو واز دەهێنێت و خۆی بۆ شیعر و غەزەل و كۆڕ و كۆبوونەوە و میوانداریی دیوەخان یەكلایی دەكاتەوە. ساڵێك لەكاتی كۆكردنەوەی بەروبوومی دانەوێڵەی جووتیارانی ناوچەكەدا، وەسمان پاشا پێی دەڵێت: "كوڕم بڕۆ بۆ دەشتی شارەزوور تا سنووری گەرمیان باجی بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیاران كۆبكەرەوە". 

پاش چەند رۆژێك لە پشتگوێخستنی ئەم داواكارییە(تایەر بەگ) بە شیعرێك وەڵام دەداتەوە كە ئەوە كاری ئەو نییە و ئەو نایەوێت ئەو كارانە بكات، ئەو دەیەوێت شاعیر بێت و بەس:

سەد كە پاشای، حەز بكەی هەر جۆر موكافاتم ئەدەی
من قسەی حەق هەر ئەكەم سا چۆن موجازاتم ئەدەی
من بە تەختی خوسرەو و جامی جیهانی تێ ئەگەم
تۆ بە مەئموور و ئیعانەی دۆم و خەڕاتم ئەكەی
من بە سەد مننەت، لە نەخلی لێوی یاری خۆم ئەخۆم
تۆ بە شاگردی دوكانی مەروەقە و نانم ئەكەی
من ڕەزا نابم، بە نانی گەندومی ئادەم فەریب
تۆ ئومێدی كوورەخانەی نانەواخانەم ئەكەی
من لە شاهی خاوەنی فێڵ و عەلەم پەروام نییە
تۆ بە ژێر دەستی پیادە و ئەسپەوە ماتم ئەكەی


-2-

تاهیر بەگی جاف، لەپاش مردنی لەساڵی 1918 چەندین جار دیوانە شیعرییەكەی چاپ كراوەتەوە. بەڵام هەرجارەی بە كۆمەڵێك كەموكورتییەوە، باسكردن لە چاپی دیوانێكی شیعری كە سەرجەم شیعرەكانی تایەر بەگی تێدا كۆكرابێتەوە جۆرێكە لە مەحاڵ، ئەمە جگە لەوەی دەبێت لە دووتوێی چەند بەرگێكدا كۆبكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەك ئاماژەمان پێدا بەشی هەرە زۆریان لە كاتی خۆیدا و پاش مردنی فەوتان و كۆنەكرانەوە. لەنێو چەندین كەشكۆڵی كۆنی كوردیدا، شیعری تایەر بەگ هەیە، بەڵام بە خەتێكی هێندە ناشیرین شیعرەكانی نووسراونەتەوە، كە پسپۆڕی خۆی دەوێت بتوانێت بیخوێنێتەوە.

یەكەم چاپی دیوانی شیعریی تایەر بەگی جاف لە ساڵی 1936 بوو كە لە چاپخانەی (ژین) لە سلێمانی چاپ كراوە و لەلایەن گیو موكریانییەوە كۆكراوەتەوە. پاش دوو ساڵ جارێكی دیكە ئەم دیوانە چاپ كرایەوە و دواتریش لەساڵی 1966 جارێكی دیكە مامۆستا گیو موكریانی لە چاپخانەكەی خۆی لە هەولێر دیوانەكەی چاپ كردەوە. بەشێوەیەكی گشتی ئەم دیوانەی كە گیو موكریانی چاپی كردووە، كەموكورتی و هەڵەی چاپی زۆرە. دیارە بۆ ئەم دیوانە شیعرییەی تایەر بەگی جاف سوودی زۆر لە كەشكۆڵ و دەستنووسەكانی (عەلی كەمال باپیر ئاغا) بینراوە كە خۆی لە ژیاندا بەشی زۆری شیعرەكانی تایەر بەگ و ئەحمەد موختاری بە خەتی خۆی نووسیوەتەوە. 

 ئەوەی كە من لەم ماوەیەدا كارم لەسەر شیعرەكانی تایەر بەگی جاف كردووە و بەدواداچوونم بۆ هەندێ لە شیعرەكانی كردووە، بە بۆچوونی خۆم پاكترین و كۆكراوەترین دیوانی تایەر بەگی جاف تا ئێستا، دیوانێكی دەستنووسی (300) لاپەڕەییە كە هەردوو نووسەر و توێژەر (محەممەد رەشید ئەمینی –پاوە و كاروان عوسمان خەیات-رێبین) بە هاوبەشی كۆیانكردووەتەوە و پەراوێزیان بۆ نووسیوە و پێداچوونەوە و بەراوردكارییان بۆ شیعرە كوردی و فارسییەكانی كردووە. ئەم دیوانە كە هێشتا چاپ نەبووە، دەكرێت بە یەكێك لە پوختترین و كۆكراوەترین دیوانی تایەر بەگی جاف ئەژمار بكرێت. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین كە رەنگە تایەر بەگ بەشی سێ كتێبی گەورە شیعری بە زمانی فارسی نووسیبێت، بەڵام بەداخەوە لەو دیوانە شیعرییانەی كە تائێستا چاپ كراون، كۆمەڵێكی كەم لە شیعرە فارسییەكانی تێدایە.

-3-

شێخ رەزای تاڵەبانی و مەلا كاكە حەمەی مەلا ئەحمەد ناسراو بە (ناری) كە دوو شاعیری كوردن، بەبێ باسكردنی ئەم دوو شاعیرە و ئەزموونی شیعری و شێوازی نووسینیان مەحاڵە بتوانین وەك خۆی تایەر بەگی جاف بخوێنینەوە. تایەر بەگ لە شیعرە فارسییەكانیدا زۆر سەرسام بووە بە شێوازی نووسینی شێخ رەزای تاڵەبانی، هەر جارێكیش شێخ رەزا سەردانی عادیلە خانمی كردبێت لە هەڵەبجە، داوای لە تایەر بەگ كردووە شیعرە نوێیەكانی خۆی بۆ بخوێنێتەوە. لەم پەیوەندییەوە تایەر بەگ زۆر سەرسام دەبێت بە شیعری شێخ رەزا، یەكێك لەو شیعرە پێنج خشتەكییانەی تایەر بەگ كە لەسەر غەزەلێكی شێخ رەزا نووسراوە، غەزەلێكە لە هەشت بەشی پێنج خشتەكی پێكهاتووە. لەڕووی وشەسازی و زمانی شیعری و وێنە و رێكخستنی وشەوە بە یەكێك لە غەزەل و شیعرە ئاست بەرزەكانی تایەر بەگ دادەنرێت:

نەمدی كەڕەتێك تاكە نیگاهێكی عەتا كا 
بەم شاهی و واڵاییە لوتفێ بە گەدا كا
لێی دوورە كە یەك رەسمی موسڵمانی ئەدا كا
(ڕۆژێ نەبوو ئەو دوولبەرە بێ ڕەحمە وەفا كا
جارێ نەبوو ئەو كافرە شەرمێ لە خودا كا)

****         ****
كاتێك كە پێی نایە ركێف، تاو لە خەمی مرد
رۆیشت و خەم و فیكرمی با دڵ لە گەڵی برد
ئێسكی لەشی من گشتی لە ژێر باری فیراق ورد
(كارێ كە غەم و دەردی فیراقی بە منی كرد
سەرما بە هەتیو، با بە دەواری شڕی ناكا)


زمانی ئەم غەزەلەی تایەر بەگی جاف بەراورد بە ئاستی زمانی نووسینی پەخشان و شیعری كوردی لەو قۆناغەدا، لە ئاستێكی بەرز و پڕ لە وێنە و مانادایە. ئەمەش تایبەتمەندییەكی دیاری شیعرەكانی تایەر بەگە.

 هەر لەو كاتانەی كە شێخ رەزا سەردانی ماڵی وەسمان پاشای جاف دەكات، جارێك شێخ رەزا دەبێتە میوانی ماڵی وەسمان پاشا، بەڵام وەسمان پاشا خۆی لە ماڵ نابێت، كوڕانی وەسمان پاشا و عادیلە خان زۆر رێز لە شێخ رەزا دەگرن، ئەویش لەپای ئەو هەموو رێز و جوامێرییەی ماڵی وەسمان پاشا لەگەڵیدا نواندوویانە، ئەم دێڕە شیعرە بەسەر عادیلە خاندا دەڵێت: 

قامەتت بێشك نەمامی عەرعەرە، یا سووسەنە
دەك فیدای ناز و گیشمەت بم، پەریزادەی سنە


عادیلە خان بەوە زۆر خۆشحاڵ دەبێت، بۆیە لەبری ئەوە، پاڵتۆیەكی بە قیمەت و 200 قڕان دیاری دەبەخشێتە شێخ رەزا. لەو سەردەمەدا باو بووە شاعیران لەبری شیعرەكانیان دیارییان لە كەسایەتییە ناودارەكان وەرگرتووە. بەو پێیەی تایەر بەگیش زۆر شارەزای زمانی شیعریی شێخ رەزا دەبێت، داوا لە دایكی دەكات لەبری ئەوەی خەڵاتی شێخ رەزا بكات سزای بدات، چونكە ئەو پێیوابووە كە (پەریزادەی سنە) تەشەر و جنێوە نەك ستایش.

هاوكات لەنێوان (ناری) و (تایەر بەگی جاف)یشدا، چەندین غەزەل و چوارینە و شیعری هاوبەش و پرسیار و وەڵام بە زمانی شیعر هەن. ئەمە جگە لە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی ئەدەبی و دۆستانە لەنێوانیاندا. لە ئەزموونی شیعرنووسیندا، لە نێوان (تایەر بەگ و ناری)دا چەند شیعرێك هەبوون وەكو پرسیار و وەڵام. تایەر بەگ گومان و پرسیاری هەبووە لەسەر رەفتاری موسوڵمان و ئاین و بیروباوەڕ، بەشیعر نووسیویەتی و (ناری) وەك شاعیر و مەلایەك وەڵامی داوەتەوە، بەیتی یەكەمی پرسیار و وەڵامە شیعرییەكەی تایەر بەگ و ناری بەم شێوەیە بووە:

خودا عەدلی لەلای عارف عەیانە
بەحەققەت ئێمە گەلین، ئەو شوانە
لەبەر چی وا مەڕی خۆی مەردی چوپان
بەدەستی خۆی ئەخاتە بەر نیشانە؟

          ***       ******
ئەگەر موئمین بە حەققەت دۆستی حەقن؟
چییە حیكمەتی زەلیلی رووسیانە؟
موقەددەر بوو كە گەندووم بێ بە رزقی
لە ئادەم بۆ دەبێ بگرێ بەهانە؟

 (وەڵامی ناری بۆ تایەر بەگ)

سوئالت ئەی سوخەن سەنجی زەمانە
ئەساسی عیجز و تەشویشی مەلانە
حەقیقەت قسمەتی ئەحواڵی عالەم
دەلیلی زەبت و ئەحكامی نیهانە

        ****     *****
كەسێ عارف بە حوكمی پادشایە!
كە مەحرەم بێ بە ڕازی خوسرەوانە!
وەلێ مەجبورە فیكرم بۆ جەوابت
ئەگەر چی عاجزی دەوری زەمانە!


-4-

هەموو بەیانییەك زوو، پێش دەركەوتنی تیشكی خۆر لە بەرزاییەكانی پشتی عەبابەیلێ و شاخی شنروێ، بەشێك لە ژنانی گەڕەكی (جوولەكان، پاشا، كانی عاشقان) بە خۆیان و گۆزەكانیانەوە روویان لە (كانی نواڵە) دەكرد كە كانییەك بوو بەرامبەر ماڵی وەسمان پاشای جاف. (تایەر بەگ)یش لە بانێژە بەرزەكەی ماڵی خۆیانەوە، رووەو خۆرهەڵاتی شار و بە دامێنی كانییەكەدا، چاوی دەبڕییە دیمەنی ژنانی شار. رۆژێك لەو رۆژانە، دڵی شاعیر بە كیژێكی جوولەكەی شارەوە دەنیشێ و ئەو كیژە دواتر دەبێتە مایەی تەقینی كانیاوی شیعری تایەر بەگ.

 (شێوە)ی كچی شاوڵە كەڕی زێڕینگەر، سەرەڕای جیاوازیی ئاین، شەیدای بەگزادە دەبێت و شاعیریش بۆ ئەو عیشقە چەندین شیعر و غەزەل دەنووسێ كە دیارترینیان (بە غەمزەی چاوی مەخمووری) بوو:

بە غەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی، مەستی مەی كردین
بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی كردین
ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من
كەچی دەستی لەسەر دانا، لە سەیری باخی بەی كردین
بە هەوری پەرچەم و زوڵفی، روخ و ئەبرۆی كە داپۆشی
لە شەوقی روئیەتی بەدر و هیلالی یەك شەوەی كردین


لە رۆژی ئاهەنگی گواستنەوەدا، موسوڵمان و جووەكانی هەڵەبجە ئاهەنگێكی گەورە دەگێڕن، وەك دەڵێن سێ شەو و سێ رۆژ ئاهەنگ و هەڵپەڕكێ و شادی بەردەوام بووە. بەرهەمی ئەم هاوسەرێتییەش كوڕ و كچێك دەبێت بەناوەكانی (ئەكرەم و بەهییە). پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل كە جووەكان بۆ ئیسرائیل كۆچ دەكەن، شێوە و هەردوو منداڵەكەی هەڵەبجە بەجێدێڵن و لەوساوە هیچ كەسێك هەواڵێك لەبارەی هاوسەر و دوو منداڵەكەی تایەر بەگ نابیستێ و ئەوانیش وەك بەشێكی زۆری شیعرەكانی، ون بوون.
 
-5-

(تایەر بەگ و ئەحمەد موختار و وەسمان پاشا و عادیلە خانم) ئەم خێزانە چوار كەسییە، ئێستا پێكەوە لە گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێ، لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە، لە شوێنێكی چەپەك و  فەرامۆشكراودا نێژراون. ئەمە لەكاتێكدا ئەوان رۆژگارێك سەردار و دەستڕۆیشتووی ناوچەكە بوون، ئەمە جگە لەوەی تایەر بەگ و ئەحمەد موختار دوو شاعیری گەورە بوون كە رۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی زمان و شیعر و ئەدەبیاتی كوردیدا. دەبووایە ئێستا مەزارگەی ئەمان شوێنێكی تایبەت و گەشتیاری بێت و نەوە دوای نەوەی ئەم نەتەوەیە لەسەر گۆڕەكانیان یادی ئەو خزمەتەیان بكەنەوە كە ئەوان بە زمان و شیعری كوردییان كرد.

زۆر جار كە دەچمە هەڵەبجە، سەر لە گۆڕی ئەم دوو شاعیرە دەدەم و هەموو جارێكیش ئەو كۆپلە شیعرەی ئەحمەد موختار جاف لەسەر كێلی گۆڕەكەی چەند جارێك لەسەر یەك  بەبێ دەنگی دەخوێنمەوە و بە نیگەرانییەكی قووڵەوە ماڵئاوایی لەو ئازیزانە دەكەم.
تا چەند رۆژێك دوای ئەو سەردانە، بیر لە شیعرەكانی ئەو دوو شاعیرە و بێ منەتی و بێ باكیی ئینسانی كورد دەكەمەوە لە فەرهەنگ و مێژووی پڕ لە گەوهەری رابردووی: 

وەختی تێكۆشانە خەڵكینە غەفڵەت تابەكەی
واخەزانی كردووە ئێستاكە گوڵزاری وەتەن
خۆ وەتەن ئەمڕۆ نەخۆشە ئەم تەبیـبی حازیـقە
چی ئەبێ بیـكا موداوا قەلبی بیماری وەتەن
كوانێ خەڵكینە لە كوێن فیرقەی مونەووەر تینە تان
چونكە ئەو فیرقە ئەزانن دەرد و ئازاری وەتەن