شاعیرێك لەنێو شیعرە ونبووەكانیدا

گەڕان بەنێو شیعر و غەزەلدا

پاش سێ كوچكەی شیعری بابان (نالی، سالم و كوردی) و مەحویی مەزن، كورد شاعیرێكی بێ ناز و ونبووی هەیە كە تا بەدوای شیعر و بەیت و غەزەلەكانیدا بڕۆی، دونیای تازە و نهێنی و جیهانبینیی گەورەت لە شیعردا بۆ دەردەكەوێت. ئەوەی مایەی نیگەرانییە لە دونیا فراوانەكەی ئەم شاعیرەدا، بەشی زۆری شیعرەكانی ون بوون و تەنیا كەمێكیان ماونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆر جار هەندێ شیعری تری هەڵبەستراو كە پڕن لە گومان و جیاواز لە دونیای شیعرەكانی ئەم شاعیرە، تێكەڵ بە شیعرەكانی كراون و بەناوی ئەوەوە بڵاوكراونەتەوە.

رەنگە ساغكردنەوە و پەراوێز نووسین بۆ شیعرە راستەكانی هەوڵ و كۆششی زۆری بوێت، بەڵام من تا ئێستا هیچ هەوڵێكم لەو بوارەدا نەبینیوە كە شایانی باس بێت. تەنها ئەوە نەبێت لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا، مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و كوڕەكانی هەوڵێكیان دا بۆ ساغكردنەوەی بەشێك لە شیعرەكانی، دواتریش كاكەی فەلاح بە چاپكردنی دیوانەكەی و پێشەكی و لێكۆڵینەوەیەكی فراوان و هەندێ زانیاری لەسەر دونیای شیعرەكانی، پەنجەرەیەكی بە ڕووی ئەم شاعیرە فەرامۆشكراوە مەزنەی كورددا كردەوە. لەم هەوڵانە بترازێت، تا ئێستا بێدەنگییەكی گەورە لەسەر شیعر و جیهانبینی و خوێندنەوەی شیعرەكانی (مەلا كاكە حەمەی بێلو) ناسراو بە (ناری) هەیە.

كەم شاعیری كلاسیكی كوردی هەیە هێندەی (ناری) شیعری نووسیبێت، باس لەوە دەكرێت زۆر كەسایەتی سەردەمەكەی داوای شیعریان لێ كردبێت و ئەمیش لەسەر زۆر بۆنە و یادی تایبەت شیعر و چوارینە و بەیت و غەزەلی نووسیوە. ئەگەر هەموو شیعرەكانی یان زۆرینەی شیعرەكانی كۆبكرێنەوە، ئێستا دیوانی شیعریی (ناری) لەبری دیوانێكی 150 لاپەڕەیی، رەنگە چەند بەرگێك بووایە. 

ناریی شاعیر، بەهۆی رەوانبێژیی زمان و زانینی زمانی فارسی و عەرەبی و مەلایەتییەوە، ئاستێكی زۆر بەرزی لە زمانی وەسف و وێنەی شیعریدا هەبووە. ئەم رەوانبێژییە لە زمان و نووسینی شیعردا تەنیا لای مەحوی و نالی بەدی دەكرێت.

لەو دیوانە شیعرییەشیدا یەك دوو شیعری هەجووشی هەیە، نزیكە لە ریتمی شیعریی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، لەبەر ئەوەی هاوسەردەم بوون و حەزی بەو شێوازە هەجووە هەبووە كە لە شیعری شێخ رەزادا هەبووە.

ئاستی هونەریی شیعرەكانی ناری، هیچی كەمتر نییە لە مستەفا بەگی كوردی و سالمی ساحێبقڕان، بەڵام بەهۆی فەوتانی زۆرێك لە شیعرەكانی و فەرامۆشكردنی لە ئەدەبی كوردیدا، رەنگە وەكو پێویست نەخوێنرابێتەوە.

 لە ڕیتمی شیعریدا زۆر كاریگەر بووە بە شاعیرانی پێشووی ئەدەبیاتی فارسی، بەتایبەتیش حافزی شیرازی، چەندین شیعریشی لەسەر پێنج خشتەكی شیعری حافز داناوە، بەڵام تەنیا سێ لەو شیعرە پێنج خشتەكییانەی پارێزراون و لە دیوانەكەیدا بڵاوكراونەتەوە. كە ئەو سێ شیعرەش دەخوێنیتەوە، بە تایبەتی لە دەستپێكی شیعرە پێنج خشتەكییەكەیدا زۆر لە فەزا و دونیای شیعری حافزەوە نزیكەو لە شیعرەكانیشدا دێڕە شیعری حافز و شیعری خۆشی بە فارسی تێكەڵ بە شیعرەكە كردووە:

مەشهووری عامە ئیمڕۆ كە شۆخی جیلوە ئارا
دڵی بردم بە جارێ، مەنفیم ئەكا لە شارا
ساچۆن نەكەم لە بۆخۆم شیوەن بەبێ مودارا
دل میرود زدستم صاحب دلان خدارا
دردا كە راز پنهان خواهد شد اشكارا


***
لەداخی تۆیە چاوم، كە بوو بەڕوودی جەیجون
بە تەرزی تۆ لە دڵما نەمدی لە ڕوبعی مەسكون
غروری شەڕ فرۆشی تاكەی ئەكەی بە قانون
دە روزە مهر گردون افسانە ایست و افسون
نیكی بجای یاران فرصت شمار بارا


........................

خەیاڵی شیعر، لە دوو یادەوەریی جیاوازدا

بەدەر لە هەندێ كەشكۆڵ و سەرچاوەی شیعر و غەزەلی شاعیرانی كلاسیكی كوردی، شیعرەكانی (ناری)م لە دوو دیوانی شیعریی جیاوازدا خوێندووەتەوە. یەكەمیان دیوانێكە كە (كاكەی فەلاح) ساغی كردووەتەوە و پێشەكییەكی لەسەر جیهانی شیعریی ناری نووسیوە و لە هەشتاكاندا چاپی كردووە. لەم دیوانەدا نزیكەی 90 شیعری ئەو شاعیرە و چەند پێنج خشتەكییەكی شیعری بڵاوكراونەتەوە. لەگەڵ دوو نامەی شاعیر كە بۆ شێخ مەحموودی حەفید و شێخ بابە عەلی كوڕی شێخ مەحموودی نووسیون.

دووەم دیوانی (ناری) كتێبێكی گەورە و لاپەڕە زەردی كۆنە كە پێش زیاتر لە پەنجا ساڵ لە كوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن (سەیدیان) خاوەنی چاپخانەی مەهاباد چاپكراوە. دیوانەكە كۆمەڵێكی زۆر شیعری تێدایە كە زیاترە لە دیوانەكەی كاكەی فەلاح. بۆیە گومانی ئەوە دەكرێت بەشێكیان شیعری ناری نەبن. تەنانەت شیعری تێدایە پێچەوانەی بیری نیشتمانپەروەری و ئاینیی (ناری) یە.

كاكەی فەلاح، لە پێشەكیی چاپی دیوانەكەی (ناری)دا وەڵامی ئەو دیوانە و ئەو شیعرە وەهمییانە دەداتەوە. بە تایبەتیش ئەو دێڕە شیعرەی بەناوی (ناری) بڵاوكراوەتەوە و دەڵێت:

با نەمێنێ كورد و دەسبگرن بەیەك
بێنە نێو ئێرانی پڕ فەتح و زەفەر
خۆ قوربانی ڕەزا شاكەن هەموو
پادشایەكە ڕەشید و دادگەر
تا شكستی پێ بدات و هەڵبڕێ
دوژمنی كوردی هەتا موڵكی تەتەر

جگە لەم نموونەیە، ئەو دیوانە شیعرییەی ناری، شیعری تێدایە كە لە خەیاڵی شیعریی (ناری)یەوە دوورە، چونكە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم شاعیرە ئەوەیە كە زۆر شیعری هەیە لەسەر كەسایەتییەكانی كورد نووسراون. كەچی هەندێ شیعر خراونەتە نێو ئەو دیوانەی (ناری) كە شیعرە بەسەر رەزاشای پەهلەوی و چەند كەسایەتییەكی تری ئەو سەردەمە. زمانی وەسفی شیعریی (ناری) زمانێكی دەوڵەمەند بووە، بەڵام هەندێ لەو شیعرانە بە خوێندنەوەیان دەزانیت زۆر دوورن لە شیعری ئەو شاعیرە، دیارە ئەمەش بۆ پەرشوبڵاویی ئەو سەروەتە مەزنەی ئەدەبیات و دەستنووسی كوردی دەگەڕێتەوە لە كۆتایی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20 كە بەشێكی زۆری بەرهەمی دەستنووس و مێژووی كورد، لە شاڵاوی داگیركەراندا سووتێنران و لەناوچوون. 

نامەیەكی دەستنووس بە گوڵاوی وشەی كوردی 

لەسەر ڕووپەڕی دوو لاپەڕەی زەردباوی نێو كتێبخانەكەیدا، بە خەتێكی جوان، پاش رازاندنەوەی لاپەڕەكە بە وشە و دێڕە شیعر، خۆشەویستیی خۆی بۆ میری كوردان شێخ مەحموودی حەفید دەردەبڕێت و بەم چوارینەی پیاهەڵدان و ستایشكردنە، لە نامەكەدا دەست بە ناردنی سڵاو بۆ مەلیكی دوورخراوە لە زێدی لەدایكبوونی خۆی دەنێرێت و دەڵێت:

رۆح و دڵ قوربانی ناڵی كەوشەكەت
سەر بەسەر گەردی حەساری حەوشەكەت
دائیما موحتاج و موشتاقم لە بۆ
گەنجی یادی خاتری بێ خەوشەكەت

پاشتر دڵی شاعیر سوكنا نابێت، بەو پێشەكییە شیعرییە، دیسان ناری بۆ مەلیك دەبێژێ: "ئەگەر لەڕێگەی مەرحەمەتەوە حاڵی ئەم پیرەی غوڵامی خۆتان مەنزوور بفەرموون، بە كوردی و بە كورتی ئەمەیە عەرزم":

بەتیغی میحنەت و دەرد و جەفا جەرگی مەلالەت بوو
بەڵێ مەعلومی ئافاتە، مەلا نیوەی مەلالەت بوو


دوور لە تۆ چاوم بێ بینین ماوە، قوەی بیستنم بۆ ناڵە و گرمەی هەوری بەهاری نەماوە، حەواسم سەراسەر فەوتاوە، دڵم بە ئاگری مەحروومی وەك كەبابی سلێمانی برژاوە، جەرگم لە قازانی سینەدا بە بڵێسەی دووری وەك سڵقی كەركوكی، هەمیشە چاوەڕێگەی حافزم بۆ یاسین، موحتاجی هاتنی مەلام بۆ تەڵقین، مائیلی شەش گەز چاو و دوو گەز خاكم بۆ تەكین. وەلێ ئەگەر بەشارەتی مژدەی سروور و سەلامەتی زاتی موبارەكتم زوو پێ بگا، كە بۆ من ئەمە مژدەی ئاوی حەیاتە، یەقینم وایە چاوم ببێ بە دووربین و زەڕەبین، لەگەڵ حەزرەتی –خدر- لە حەیاتا مساوی بین...... هتد
ئیتر هەرچی بڵێم زیادەیە، غوڵامی دەرگای خۆتانە.... ناری

ئەم نامەیە كاتێك دەگات بە شێخ مەحموود كە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دوورخراوەتەوە بۆ ناوچەی مەریوان. لەو كاتەدا كۆمەڵێكی زۆر كەسایەتی كورد و شاعیر و نووسەر نامەی پشتیوانی بۆ شێخ دەنێرن، هەموو نامەكان بە فارسی دەبێت، تەنیا ئەم نامەیەی (ناری) بە كوردی نووسراوە. دواتر شێخ مەحموودیش بە (ئەحمەد خواجە) كە نووسەری تایبەتی شێخ دەبێت، دەڵێت وەڵامی هەموو نامەكان بە كوردی بدەرەوە، بەڵام وەڵامی نامەكەی (ناری) بەفارسی بنووسە. كە پاشتر ناری دێت بۆ لای شێخ مەحموود، شێخ پێی دەڵێت: "مامۆستا ئەم ئەحمەدە زۆر بێ گوێیە، من دەڵێم وەڵامی مەلا كاكە حەمەی ناری بە كوردی بدەرەوە، ئەو هەر بە فارسی وەڵامی نامەكەی تۆی دایەوە تا تۆ تووڕە بكات". (ناری)یش دەڵێت: "ڕاست دەكەی ئەگەر بە قسەی تۆ نەكات لای تۆ جێی نابێتەوە".

بەدەر لەو نامەیە، تایبەتمەندیی دیار لە شیعری ناری-دا ڕەگەزی پێداهەڵدانە. تەنیا لەم دیوانەیدا چەندین شیعری بەسەر شێخ مەحموود و شێخانی تەریقەت و مەلا عەزیزی بالیكەدەر و شێخ عوسمانی سیراجەدین و مەلا عەبدوڵڵای مەریوانی و تەنانەت بۆ كوڕانی شێخ مەحموود نووسیوە. بەشی زۆری ئەو شیعرانە بە ئاستێكی بەرزی وشەسازی و ڕەوانبێژی نووسراون. پرسیاری بەردەوام لە شیعر ئەوەیە، ئایا ناوەڕۆك و بابەت بنەمای شیعر دیاری دەكات، یان ئاستی شیعر و زمان و تەكنیكی شیعری، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە لە شیعرەكانی (ناری) لابەریت بەشێكی زۆری شیعرەكانی نامێنێت، ناری چەند شیعرێكی پێداهەڵدانی بەسەر شێخ مەحموود-دا نووسیوە كە ئەمە چەند دێڕێكە لە یەكێك لەو شیعرانە.

من بە ئەمری تۆ، لە بۆ تۆ تەحقیقی فەرمانم قەدیم
دامە بەر میزانی عەقڵ و عاقیبەت وا تێگەییم
مەتڵەبێ دایر بووە ئیسمەن، وەلێ ڕەسمەن نییە
نوكتەیە مەخفی لە بنیایە وەكو ئیكسیری سیم
موختەسەر پیرانە سەر بە حسم لەگەڵ هێنایە پێش
ئەو بە توندی من بەنەرمی، ئەو بە سەختی من سەلیم
من وتم پیرانە جێگە و تەكییەگای ئەولیا
حەیف بۆ تۆ بێ جێگەی عوشرەت و عەیشی عەزیم


شیعر و گومان و پرسیار لە بوون

چ لە دیوانەكەی تایەر بەگی جاف، چ لەم دیوانەی ناری، چەند شیعرێك هەن كە وەك پرسیار و وەڵامن لەنێوان ئەم دوو شاعیرە هاوچەرخەدا، دیارترین ئەو شیعرانەش پرسیار و گومانی تایەر بەگی جافە لە ژیان و بوون، ئەو بە شیعر پرسیار دەكات و مەلا كاكە حەمەی ناری بە شیعر وەڵامی گومانەكانی دەداتەوە. تایەر بەگ دەپرسێ لە ناری:

ئەگەر خەلقە لە بۆمان ئیختیارێ
لەبەر چی یەك بچووك و یەك كەڵانە
یەكێ بۆ پارە نانێ جان فرۆشە
یەكێ حەقی نییە شاهی جیهانە
یەكێ سوڵتانی قەسری زەڕ نیگارە
یەكێ بێ جێگە و بەبێ خان و مانە
یەكێ دایم خەریكی عەیش و نۆشە
یەكێ كوژراوی شمشێری دەبانە
یەكێ قاروونی دەوڵەت، هەم عینانە
یەكێ موحتاجی سككەی یەك قڕانە


ناری لە وەڵامدا دەڵێت:

كەسێ عارف بە حوكمی پادشایە!
كە مەحرەم بێ بە ڕازی خوسرەوانە!
وەلێ مەجبورە فیكرم بۆ جەوابت
ئەگەر چی عاجزی دەوری زەمانە!


               ****     
كەسێ لادا لە جیلوەی حوسنی عیشقی
ئەكێشێ نێشی نەشتەر بولبولانە
نیە نەقس و زەلیلی دەستی ڕووسی
جەزای زیللەت كە قەسری حۆریانە
تەماشاكە لە بۆ تەعلیمی عیرفان
فەلاقەی كوڕ ئەكەن، ئەم ڕۆمیانە
چە بیمێ بۆ گرۆهی موئمینانە
جەهەننەم با لە جۆشا بێ جەهەننەم
بە موئمین چی سەقەر، دۆزەخ، جەهەننەم
مەقامی روسیان و ڕوو سیانە!


ئەمە جگە لەوەی لە هەندێ كەشكۆڵی كۆنی كوردیدا باس لەوە دەكرێت تایەر بەگ و ناری پێكەوە چەندین شیعریان نووسیوە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە هەردوو دیوانی ئەم دوو شاعیرەدا ماوەتەوە، تەنیا غەزەلێكی چەند دێڕییە كە بەم شێوەیە دەست پێدەكات:

بە غەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی مەستی مەی كردین
بە ماچی لێی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی كردین
ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من
كەچی دەستی لەسەر دانا، لەسەیری باغی بەی كردین


لەم شیعرەدا بە كۆ قسە دەكرێ كە ئەمەش بەڵگەی شیعری دووانەیی ئەو دوو شاعیرەیە، وەك بابەت و وێنە و زمانی شیعریی شێوازی هەردوو شاعیرەكەی بەسەرەوە دیارە. جگە لە تایەر بەگ، ناری پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ قانع هەبووە و تەنانەت شیعریان بۆ یەكتر نووسیوە و وەڵام و وەڵامكاریی شیعرییان هەبووە. شیعرەكانی كۆتایی ناری لەسەر ئاستی ساكاربوونەوەی زمان و بابەتی شیعری نزیك بووە لە شیعرەكانی قانع. بەدەر لەم شاعیرانەش، چەندین شاعیری تری كورد سەرسام بوون بە شیعرەكانی ناری، شاعیرێكی وەك (كەمالی عەلی باپیر-كەمالی) شانازی بە كاریگەربوون و لێكچوونی شیعرەكانی خۆی بە شیعری (ناری) دەكات و دەڵێت:

بەیادی تەبعی شەككەر باری (ناری) توتی تەبعم
غەزەلخوانە (كەمالی) بۆیە وا شیرینە ئەشعارم
بێ ئەدەب نابم لەلام وایە ئەگەر بێت و بڵێم
ئەی (كەمالی) شیعرەكانی من لە شیعری (ناری) ئەكا