لە خەڵکەوە بۆ جیهان
لە ناوچەیەکدا کە دابەشبوون و ململانێ تێیدا زۆرە، تۆڕی میدیایی رووداو وەک چرایەکی نایابی رۆژنامەڤانی دەرکەوتووە. بەربژیربوونی یەک لە دوای یەکی ئەم دواییەی رووداو بۆ خەڵاتەکان و بردنەوەی چەند خەڵاتێکی گرنگی جیهانی، لەوانە خەڵاتی زۆر بەنێوبانگی وێبی کە هەموو میدیا جیهانییەکان ساڵانە کێبڕکێی بۆ دەکەن و خەڵاتکردنی ئەم دواییەی بەڵگەفیلمی (کۆرۆوای)، نیشانەی بەرزی ئاست و کوالێتیی ریپۆرتکردن و گێڕانەوەی بەهێزی چیرۆکەکانە لەلایەن رووداوەوە. ئەم خەڵاتانە نەک تەنیا دەستکەوتن بۆ رووداو، بەڵکو دەستکەوتن بۆ هەموو میدیای کوردستان.
بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی بۆ یەکەم جار لەلایەن دەزگایەکی میدیایی لە کوردستان و عێراق، و بۆ دووەمین جار لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (دوای جەزیرە) وەرچەرخانە بەهێزەکەی رووداو لە میدیای ناوچەکەدا زەقتر نیشان دەدات. هەروەها، سەرکەوتنی بەڵگەفیلمی (هەنگوینی هۆشبەر) کە نەریت و کولتووری نیپاڵ ئاشکرا دەکات و دواتر بەربژێرکردنی بۆ فیستیڤاڵێکی دیکەی ناسراو لە هیندستان، پیشەییبوونی رووداو و توانای تێپەڕاندنی سنوورەکان لە گێڕانەوەی چیرۆکە جیاوازەکان پیشاندەدات. رووداو تەنیا پلاتفۆرمێکی هەواڵی نییە؛ بەڵکو بووەتە شوێنێکی ئاست بەرزی گێڕانەوەی راستەقینەی هەموو چیرۆکەکانی مرۆڤ.
نزیکبوونی رووداو لە پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان، وەک کەمپەینی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوبەشی یەک ساڵەی رووداو و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بە راهێنانی ژنان لە بواری رۆژنامەڤانی دا لەسەر ئاستی هەموو عێراق، نموونەی پابەندبوون رووداوە بە خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
کەمپەینە یەک هەفتەییەکەی رووداو بۆ ئۆتیزم توانی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێك دا گرنگترین خەڵات بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبێنێ لە رێگەی خەڵاتی ستیڤییەوە، کەمپەینەکە بووە یەکێک لە پێنج کەمپەینە بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی باشترین کەمپەینی قازانج نەویست لەلایەن خەڵاتی جیهانی سۆشیاڵمیدیا بۆ ساڵی 2024 ، کە ساڵانە لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەش ئەمە یەکەم جارە سندووقی نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ئاستی جیهان، هاوبەشییەکی بەوشێوەیە دەکات بۆ راهێنانی کچان لە بواری رۆژنامەڤانی دا.
رووداو تەنیا راپۆرت و هەواڵ پێشکەش ناکات ، بەڵکو چالاکانە کار بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی بە توانا و شارەزا دەکات کە بتوانن بەردەوام کاری میدیایی لە کوردستان و ناوچەکەدا پێشبخەن. ئەمەش بووەتە جێگەی پێزانین و دەستخۆشی لەلایەن خەڵکی کوردستان و رێکخراوە جیهانییەکان.
سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان دا هەن، رووداو بە چەقبەستوویی نامێنێتەوە، بەڵکو رۆژانە هەنگاو نوێتر دەهاوێژێت. پابەندبوونی رووداو بە راپۆرتکردنی بێلایەنانە و خزمەتکردنی خەڵک بووەتە جێگەی دەستخۆشییەکی فراوان، بەڵام بێگومان ئەو کارەش هەمیشە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەن و دەزگاکان نییە. لەگەڵ ئەوەش دا رووداو بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە رێبازی کاری رووداو پیشەییانەیە و ئامانجی کاری رووداو بریتییە لە گواستنەوەی هەواڵ وەک خۆی. ئەمەش کلیلی سەرکەوتن و بوونی بە یەکەمی بێ رکابەرە هەر لە دەستپێکییەوە!
رووداو زیاترە لە تەنیا پلاتفۆرمێکی میدیایی؛ بەڵکو دامەزراوەیەکی نیشتمانییە. کاریگەرییەکانی زۆر لەوە زیاترن کە تەنیا رۆژنامەڤانی، گواستنەوەی چیرۆکەکان، بەرزکردنەوەی تێگەیشتن و پێشکەوتنی بەردەوام لەخۆ بگرێت. لە ناوچەیەکی تینووی راستییەکان و پێشکەوتن، رووداو وەک رووناکییەکی رێگە پیشاندەر دەدرەوشێتەوە بە لێهاتوویی کارمەندەکانی و پاراستنی متمانەکەی . بەوشێوەیە رووداو رێگە بۆ پێشکەوتنێکی هەمەلایەنە دەکاتەوە.