نۆرەی پێكهێنانی حكومەتە

 
پێش ئەوەی باسی حكومەتی ئایندە بكەین پێویستە چەند خاڵێكی راست و پشتڕاستكراوە بڵێین:  
 
یەكەم: هەموو حیزب و لایەنەكان پێش هەڵبژاردن رایانگەیاند ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و یەكلاكەرەوەیە، قسەكانیان راست دەرچوون، ئینجا هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتەوە بە خۆیدا بزانێت بۆ وایگوت؟ چۆن وادەرچوو؟
 
دووەم: هەموو لایەنێك رایگەیاند ئەم هەڵبژاردنە دوور دەبێت لە ساختەکاری و دیزاین، تەنانەت پارتیش وازی لە باسی دیزاین هێنا.
 
سێیەم: خەڵكی كوردستان دەنگی دا و هات بەدەم بانگەشەی لایەكانەوە، ئیدی هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە گلەیی و گازندە لە هاووڵاتیان و دەنگدەران بكات.
 
چوارەم: یەكەم هەڵبژاردن بوو لەو سی ساڵەدا ئۆپۆزیسیۆن چی زانی و چی توانی گوتی و كردی بە دەسەڵات و دەسەڵاتیش ئەوەی پێیكرا كردی بۆ پاراستنی پێگە و قورسایی و مانەوەی لە دەسەڵات و، رەوتی هەڵبژاردنیش زۆر ئارام و دوور لە تووندوتیژی و چاوسووركردنەوە و فڕاندنی سندووق بوو.
 
لە كۆتاییدا كەس نكۆڵی لەو چوار خاڵە ناكات، كەواتە ئیدی نۆرەی ئەوەیە هاووڵاتیان و دەنگدەران پاداشت بكرێن و هەرچی زووتر حكومەت پێكبهێنرێت.
 
پێكهێنانی حكومەت: بۆچی پێویستە زوو حكومەت پێكبهێندرێت؟
 
لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەوانە:
 
یەكەم: پەیمانی زۆریان بە دەنگدەر و خەڵك داوە.
 
دووەم: قەیرانی مووچە و بودجە هێشتا چارەسەر نەبووە و ناجێگیرە، ئەگەر حكومەتێكی نوێ و گەرموگوڕ دەست بەكار نەبێت زیاتر ناجێگیر دەبێت.
 
سێیەم: دۆخی ناوچەكە ناسەقامگیرە و ئەگەری رووداو و پێشهاتی قورس هەیە و ئەوەش پێویست دەكات حكومەتێكی نوێ و تۆكمە هەبێت و خۆی ئامادە بكات بۆ هەر ئەگەرێكی باش و خراپ.
 
شێوازی حكومەتی كابینەی 10 چۆن دەبێت؟
 
ئەگەر و بژاردەی یەكەم پارتی و یەكێتی كابینەكە پێكدەهێنن و توركمان و ئاشووری بەشداری دەكەن.
 
بژاردە و ئەگەری دووەم ئەوەیە پارتی و یەكێتی حكومەت پێكدەهێنن و لایەنی دیكەش قەناعەت پێدەكەن و بە ئیمتیازی گونجاوەوە حكومەتێكی ئیئتیلافی دروست دەكەن.
 
ئەگەری سێیەم پارتی و یەكێتی و هەموو لایەنە براوەكان حكومەتی بنكە فراوان پێكدەهێنن، جگە لە نەوەی نوێ، لەبەرئەوەی نەوەی نوێ دەنگەكانی بەستراوە بە ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە و ئەگەر بەشداری بكات چارەنووسی وەك گۆڕان دەبێت.
 
مەرجەكانی حكومەتێكی تۆكمە و یەكدەست و سەركەوتوو چین؟
 
یەكەم: پێویستە پارتی بە هەندێك لە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە، بەتایبەت چەمكی هاوبەشی وەكو خۆی بەرجەستە بكات.
 
دووەم: بابەتی داهات و نەوت و بودجە نابێت هیچ گومان و تەمومژێكی تێدا بمێنێت.
 
سێیەم: ئەگەر حكومەت بنكە فراوان بوو نابێت پارتی و یەكێتی بە پلان و هۆشمەندی فیفتی بە فیفتی حكومەت پێكبێنن.
 
چوارەم: پێویستە وەزیر و وەزارەت خاوەنی ستاف و بودجە و دەسەڵاتی تەواوبێت و، كار و ئەركەكانی لەژێر چاودێریی پەرلەمان دا بێت.
 
پێنجەم: پێویستە مانگی یانزەی هەموو ساڵێك بودجە تەخمین بكرێت و بخرێتە بەردەستی پەرلەمان.
 
شەشەم: كاركردن لەسەر كرانەوەی بازاڕ و سوككردنی بارگرانیی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران لەپێشینەی ستراتیجی حكومەت بێت.
 
حەوتەم: بودجەی خزمەتگوزاریی شارەكان تەواو شەفاف و دادپەروەرانە بێت.
 
هەشتەم: دابەشكردنی وەزارەتەكان بیانوو بڕ بێت بۆ هاوبەشانی حكومەت.