کوردستان براوەی هەڵبژاردنە
لە عێراق بەگشتى و بەتایبەتیش لە هەرێمى کوردستان، دیاردەیەکى مەترسیدار هەیە کە پڕوپاگەندەیەک فڕێدەدرێتە نێو خەڵکەوە، هەر ئەوەندەى زاندرا کۆمەڵگە وەریدەگرێت، ئیدی بێ ئەوەى لە راستى و دروستى دڵنیابن، بە میدیاکار و نوخبەى رۆشنبیر و سیاسی و تەنانەت تا ئاستى بەرپرسە باڵاکانیش، توتى ئاسا دەیڵێنەوە. کەمجار روویداوە ناوەند یاخود دەزگایەکى میدیایى بەدواى حەقیقەتى ئەو زانیارییەدا بڕوات. لە باشترین حاڵەتدا میدیا و میدیاکارێک ناو و ناوبانگى خۆى خۆشویستبێت دواى هەڵاکە نەکەوتووە و نەبووە بە بەشێک لە ماشێنى بڵاوکردنەوەى درۆ.
پێچەوانەى ئەو پەندە کوردییەش کە دەگوترێت، "پەتى درۆ کورتە،" نموونە زۆرن بەبێ بەدواداچوون و بنکۆڵکاریى، پەتى درێژی درۆى دروستکراو وەک بەشێک لە راستی چوونەتە نێو مێژوومانەوە. رەنگە رۆژگارێکى زۆرى بوێت تا زەمەن یاخود توێژەرێک ئەو مێژووە ناڕاستە، راست بکاتەوە.
یەکێک لە حاڵەتەکانى ئەو دیاردەیە کە لێرەدا مەبەستمە لەسەرى بدوێم، پەیوەست بوو بە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانەوە. ساڵانێکى زۆرە بەهۆى ئەو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییانەى لەنێوان هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستاندا هەبوو، بەتایبەتیش ئەو هێزانەى لە هەڵبژاردنەکان نەیاندەتوانى سەرکەوتن بەدەست بهێنن، وەک خەسڵەتێکى باوی کوردەوارى کەموکوڕییان لەخۆیاندا نەدەبینى و بەدواى بیانوودا دەگەڕان کە بیکەنە پاساوى شکستەکانیان.
بە دیاریکراوى لەنێو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە قسەیەک فڕێدرایە نێو کۆمەڵگەى کوردییەوە کە هێزەکانى دەسەڵات بۆیە هەڵبژاردنەکان دەبەنەوە لەبەرئەوەى پرۆسەى هەڵبژاردن لەژێر کۆنترۆڵى خۆیاندا بەڕێوەدەبرێت و بە چەندین شێواز ساختەکارى دەکەن. یەکێک لەو پڕوپاگەندانەى بەسەر پرۆسەى هەڵبژاردنەکاندا سەپێندرا ئەوە بوو کە گوایە ( 400 هەزار کەسى مردوو ناویان لە تۆمارى دەنگدان نەسڕدراوەتەوە و لە هەڵبژاردنەکان لەبرى ئەوانیش دەنگ دەدرێت). هەروەها ئەوەش لەسەر هەرێمی کوردستان کرایە ماڵ کە سەتان هەزار کوردى پارچەکانى دیکەى کوردستان کارتى دەنگدانیان بۆ کراوە و ئەوانیش لە پرۆسەى هەڵبژاردن بەکاردەبرێن. ئەم باسە وەک کراسێک کرایە بەر هەرێمى کوردستان، بە ئەندازەیەکیش رەنگیدابووەوە نەک لەنێو ماڵى کوردى و نەک هەر بە تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە دەرەوەى کوردستانیش کە باس لە پرۆسەى هەڵبژاردنى کوردستان بکرایا، وەک وێنایەکى ئامادە ئەوەت بەڕوودا دەدرا کە ئەوەى مردووەکانیش دەنگ دەدەن.
هیچ ناوەندێکى لێکۆڵینەوە، یان دەزگایەکى میدیایى، بەدواداچوونێکى بۆ ئەم پڕوپاگەندانە نەکرد، کە تەنیا ئەو دەرئەنجامانەى لە پرۆسەى هەڵبژاردن لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بەدەستهاتبوو، بەس بوو بۆ ئەوەى ئەو چەواشەکارییە رابگیرێت، چونکە ئەگەر 400 هەزار مردوو دەنگیان بۆ درابێت و سەتان هەزار کوردى پارچەکانى دیکەى کوردستان بەشدار کرابن لە هەڵبژاردن، ئێ دەبوو ئەمە بە ئەنجامى هەڵبژاردنەوە دیار بووبا. لە کاتێکدا لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پارتى وەک لیستى یەکەم 595 هەزار دەنگى بردبوو، یەکێتیش وەک هێزى دووەم 287 هەزار دەنگى بەدەستهێنابوو. کەس لەخۆى نەدەپرسى ئەى کەواتە دەنگى ئەو 400 هەزار مردووە و دەنگى کوردى پارچەکانى دیکە بۆ کوێ چوو؟
رەتنەکردنەوەى ئەو چەواشەکارییانە، ناو و وێناى هەرێمى کوردستانى زۆر ناشرین کرد. تەنانەت کاتێک دادگەى فیدراڵى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان و راگرتنى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستانیدا. خەڵکێکى زۆر پێیان خۆش بوو. لەوەش زیاتر بەوە دڵخۆش بوون کە ھەڵبژاردنى پەرلەمان لە سایەى کۆمیسیۆنى بەغدا بەڕێوەدەبرێت، تۆمارى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان کارى پێناکرێت و بەغدا کار بەو تۆمارە دەکات کە لە وەزارەتى پلاندانانی عێراق هەیە.
لە دەرەوەى کاریگەریى ئەم پڕوپاگەندەیەش لە پرۆسەیەکى رێکخراودا وەلائییەکانى بەغدا و تاران لەنێو هەرێمى کوردستان، کەوتنە شانامە خوێندنەوە بەسەر بەژن و باڵاى کۆمیسیۆنى عێراقدا، بە ئەندازەیەک وێنایان بۆ نەخشەى سیاسیی دواى هەڵبژاردن دەکێشا و نوقڵانەى ئەوەیان لێدەدا کە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەبێتە پاک و بێگەردترین هەڵبژاردن نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە عێراق و ناوچەکەش. پاساویان بۆ ئەمەش ئەوەبوو کە (تۆمارى دەنگدان پاککراوەتەوە، کار بە لیستى دەنگدەرانى هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەغدا راستەوخۆ سەرپەرشتى دەکات و بوارى هیچ ساختەکارییەک نەماوە، پرۆسەکە بە سیستمى ئەلیکترۆنییە و کەس ناتوانێ سندووق بگۆڕێت، ناتواندرێ کوردى رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بەکارببرێن و دەنگیان پێبدرێت) ئەمانە و دەیان بەیت و بالۆرەى دیکەیان کردبووە وێردى سەر زمانیان. بەجۆرێک کاریگەرییان دروستکردبوو تەنانەت کەسانى دیارى نێو کایەى سیاسیی هەرێمى کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو چەواشەکارییانەوە و لە بانگەشەى هەڵبژاردن وەک موژدەى پێشوەختە بۆ دەرئەنجامەکان حوکمی لەسەر بدات.
20ـی ئۆکتۆبەر پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا، بەو تۆمارى دەنگدانەى بەغدا و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بەو سیستم و یاسایەى دادگەى فیدراڵیی بەغدا بڕیاری لێدابوو. دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان بۆ حیزب و هاوپەیمانێتییەکانى بەشدارى پرۆسەکە هەرچۆنێک بێت، خاڵى گرنگ بۆ کوردستان راستکردنەوەى ئەو شێواوییەیە کە وەک وێنایەکى ناشرین بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى کوردستان دروستکرابوو. بۆیە پێش هەر حیزب و هاوپەیمانێتییەک لەم هەڵبژاردنەدا بەپلەى یەکەم کوردستان بردییەوە.
پارتى و یەکێتى وەک دوو هێزى سەرەکیی حوکمڕان و بەشدار لە پرۆسەى هەڵبژاردنەکان، هەردوولایان رێژەى دەنگەکانیان بەراورد بە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 2018 زۆر دەنگى زیاتریان بەدەستهێناوە. بۆ نموونە پارتى وەک براوەى یەکەم لە هەڵبژاردنى ساڵى 2018، 595 هەزار و 592 دەنگى هێنابوو. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 287 هەزار و 500 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنى 20ـی ئۆکتۆبەرى 2024، پارتى دەنگەکانى بەرزبوونەوە بۆ 809 هەزار و یەکێتیش دەنگەکانى زیاتر بووە بۆ 408 هەزار، ئەوەى لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەگەر راست بووبێت 400 هەزار دەنگى مردوو، 100 هەزار دەنگى کوردى پارچەکانى دیکە سڕابنەوە، کەواتە دەبوو بە پارتى و یەکێتی لە هەڵبژاردنى 2024، نزیکەی 500 هەزار دەنگیان کەم بووبایەتەوە، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە بە هەردوولایان نزیکەی 500 هەزار دەنگیان زیادیکردووە.
ئەم رووداوەى کوردستان رەنگە یەکەم جار بێت لە مێژوودا روویدابێت کە پڕوپاگەندە و درۆى زۆر، دواجار بووبێتە مایەى خێر بۆ راستکردنەوەى شێوێندراوێک، چونکە ئەوانەى لەپشت ناشرینکردنى کوردستان بوون و وێناى هەموو هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستانیان شێواندبوو، ئێستا هەر ئەوان لەبەرئەوەى ئەوەندەیان بە باڵاى سیستم و ئیدارەدانى هەڵبژاردنى 2024دا هەڵدابوو، نەک هەر وێنایەکی جوانیان بەم پرۆسەیە بەخشى، بەڵکو رووى هەڵبژاردنەکانى پێشووتریشیان سپیکردەوە، چونکە ئامار و داتاکانى ئەم هەڵبژاردنەى کە بژارە و دڵخوازى ئەوانە بوو لەپشت ناشرین وێناکردنى کوردستان بوون، ئەوەى دەرخست کە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکانى رابردووش بەم جۆرە بووە کە بەغدا بەڕێوەى بردووە.
نەک لە کوردستان و عێراق، تەنانەت لە ئەمریکاش هیچ هەڵبژاردنێکم پێ بێگەرد نییە، بەڵام ئەوانەی بەغدایان لێکردبووین بە نموونەى دەوڵەتى دامەزراوەیى و نموونەى دیموکراسى و دادپەروەر لە بەڕێوەبردن، پێم وایە بەشى ئەوە بیانوویان بۆ خۆیان نەهێشتەوە ئێستا تانە لەو پرۆسەیە بدەن کە بەغدا بەڕێوەى بردووە، ئەگەرچى ئەنجامەکەشى بۆ ئەوان کوشندەیە.