لەژێر بەزەیى ویژدانى دادگاى فیدراڵیدا

رۆژى 24-5-2023 دانیشتنى دادگاى فیدراڵیی عێراق لەسەر شەرعیەتى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانى کوردستان، بە بانگهێشتکردنى کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەکرێت. هەفتەى رابردوو کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرۆکێکى دیکەى دانا کە لە برادەرانى یەکێتیی نیشتیمانى کوردستانە، لێرەدا پێویستیمان بە راوەستانێکە، کە "بۆچی یەکێتى بێت؟" بۆ زانیاریتان لە 2004ـەوە سەرۆکى کۆمیسیۆن پارتى بووە، بەڵام لە دواى گشتپرسی و دژایەتیکردنى پارتى دیموکراتى کوردستان، پۆستەکە درایە سوننەکان.
 
کەواتە یاریکەرە سەرەکییەکانى ئەم دانیشتنە بریتین لە دادگاى فیدراڵى و کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بەرامبەر شەرعیەتى پەرلەمانى کوردستان و حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان. هەر بڕیارێک لەم دانیشتنەدا بدرێت، کاریگەریى تەواوى لەسەر چارەنووسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا دەبێت، کە بڕیارە رۆژی 18-11-2023 ئەنجام بدرێت.
 
لێرەدا پێویستە هەرسێ دەسەڵاتەکەى هەرێمی کوردستان و پارتەکان و هاووڵاتییانى کوردستان، ئاشنابکەینەوە لەگەڵ ئەگەرەکانى جۆرى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیى عێراق و کاریگەرییەکانى.
 
1- داننان بە شەرعیەتى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانى کوردستان.
 
ئەو بڕیارە بە دوور دەزانم، لەبەر مێژووى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیى عێراق بەرامبەر هەرێمى کوردستان.
کاریگەرییەکانى ئەم بڕیارە بەم شێوەیە دەبێت: 
 
أ‌- گفتوگۆ و دانیشتنى نێوان حیزبەکان لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژادن و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بەرهەمى دەبێت.
 
ب‌- پەرلەمانى کوردستان دەتوانێت یاساى هەڵبژاردنى نوێ دەربکات.
 
ت‌- پەرلەمانى کوردستان دەتوانێت کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى کوردستان کارا بکاتەوە و هەڵبژاردنى پەرلەمان لە 18-11-2023 بەڕێوەببات.
 
2- نەدانى شەرعییەت بە درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانى کوردستان.
 
کاریگەرییەکانى: 
 
أ‌- پەرلەمانى کوردستان ناتوانێت یاساى هەڵبژاردن دەربکات و ناتوانێت کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى کوردستان کارا بکاتەوە و، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى کوردستان ناتوانێت هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدات.
 
ب‌- ئەگەرى زۆرە پڕۆژەیاسا نوێیەکە بدرێتە دەنگدان لە پەرلەمانى عێراق.
 
ت‌- لەم دانیشتنەدا پرسیار لە کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت لەبەر کارانەکردنەوەى کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى کوردستان، ئایا دەتوانێت هەڵبژاردنى کوردستان بەڕێوەببات، دڵنیام کە وەڵامەکەى بە ئەرێنى دەبێت، بەڵام ئەویش چەند مەرجێکى خۆى دەبێت، لەوانە ئەگەر هەیە هەڵبژاردن دوابخرێت و بودجەى هەڵبژاردنەکە بخرێتە ئەستۆى حکومەتى هەرێمی کوردستان و بەپێى بەرنامە و کاتى ئەوان دەبێت.
 
3- شەرعیەت بدرێتە پەرلەمانى کوردستان، بە مەرج و تەنیا بۆ پەسەندکردنى یاساى هەڵبژادن و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
کاریگەرییەکانى بەم شێوەیە دەبێت:
 
أ‌- هەڵبژاردن لە 18-11-2023 ئەنجامدەدرێت لەژێر دەسەڵاتى کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەرێمی کوردستان و بە هاوئاهەنگى لەگەڵ کۆمسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
 
ب‌- حکومەتى کوردستان تەنیا وەک حکومەتى کاربەڕێکردن (تصریف الاعمال) دەبێت.
 
هەرکاتێک نزیکبوونەوەیەکی باش لەنێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبووبێت، ئەم دادگایە بڕیارى خراپى داوە کە کاریگەرى نەرێنى هەبووە، ئەگەر ئەم جارە نەبێتە بکەرێکى خراپ و دوور لە خزمەتکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، ئەوا زۆر باش دەبێت.  
 
 
کاوە گەردی، نووسەری ئەم وتارە کارگێڕى بەشى هەڵبژاردنى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستانە