کەوتنە داوی سیاسییەوە
زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1809، وڵاتی سوێد یەکەم یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی خۆی پەسند کرد. لەوکاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ کار بەو یاسا بنەڕەتییانە دەکرێت، هەرچەندە ماوە ماوە هەندێك ماددە و بڕگەی ئەو یاسا بنەڕەتییانە هەموار دەکرێن. دەستووری سوێد ئەم چوار یاسا بنەڕەتییە لەخۆ دەگرێت: یاسای بنەڕەتی مافی رادەربڕین، یاسای بنەڕەتی مافی چاپەمەنی، یاسای بنەڕەتی حوکمڕانی و یاسای بنەڕەتی پادشایەتی.
دامودەزگە سوێدییەکانی وەك پۆلیس، دادگە، حکومەت و هتد.. بەپێی یاساکان کار دەکەن و لە سەرووی هەموویانەوە یاسا بنەڕەتییەکان، جا یاساکان باش بن یان نا.
لە ماددەی یەکەمی دەروازەی دووی یاسای بنەڕەتی حوکمڕانی دا هاتووە کە هەموو کەسێك لە سوێد مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە، ئینجا کەسەکە وڵاتینامە (جنسیە)ی سوێدی هەبێت یان نەبێت. ئەم ئازادی رادەربڕینە: رەخنەگرتن، خۆپێشاندان، مانگرتن، سووکایەتیکردن بە ئاڵا و سووتاندنی، سووکایەتیکردن بە کتێب و سووتاندنیان (جا کتێبەکە قورئان بێت، تەورات بێت، ئینجیل بێت یان کتێبێکی دیکەی ئاسایی بێت) و زۆر هێمای دیکە لەخۆ دەگرێت.
لە کاتی نووسینی ئەم دەستوورە و لەکاتی هەموارکردنەوەکانیش دا کەس بیری لەوە نەکردووەتەوە کە رۆژێك دێت کەسێكی رەگەزپەرست یان نەخۆش یاخود کەسێکی دیکە، کتێبێکی ئایینی بسووتێنێ و سووکایەتی بە ملیۆنان کەس بکات.
لە مێژووی 214 ساڵەی دەستووری سوێد دا، تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا قورئان لە سوێد بەم شێوەیە سووتێنراوە. جاری یەکەم بەر لە چەند ساڵێک بوو لەلایەن کەسێکی رەگەزپەرستی دانیمارکی بە ناوی (راسموس پالودان).
ئێستاش لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقییەوە بە ناوی سەلوان مۆمیکا کە کەسێکی 37 ساڵەی مەسیحی خەڵکی تەلەعفەری دەشتی نەینەوایە، قورئان سووتێندراوە. ئەو کەسە چەند ساڵێك میلیشا بووە و لەگەڵ حەشدی شەعبی بووە. بەر لە چەند ساڵێك ئەم (سەلوان مۆمیکا)یە چووەتە سوێد و داوای پەنابەری کردووە. دوو ساڵ لەمەوبەر مافی نیشتەجێبوونی سێ ساڵیی پێدراوە و نازانرێت ئایا مافەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە یان نا.
جا لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی بێت یان لەبەر رق و کینە بێت، یان لەبەر هەر هۆیەکی دیکەبێ، ئەم کابرا عێراقییە هاتووە و یاسا بنەڕەتییەکانی سوێدی خراپ بەکارهێناوە و قورئانی سووتاندووە و سووکایەتی بە ملیۆنان خەڵک کردووە. پۆلیسی سوێدی بێبەرییە لە کاری ئەم کەسە. بەپێچەوانەوە پۆلیسی سوێدی ویستویەتی مۆڵەتی قورئان سووتاندنی لە شوێنێکی گشتی پێنەدات و داواکەی سەلوان مۆمیکای رەتکردووەتەوە، بەڵام ئەو کابرا عێراقییە چووە بۆ دادگەی سوێدی و تانەی لە بڕیارەکەی پۆلیس داوە. دادگەش کە کار بە یاساکان دەکات نەك بە رای حکومەت و رای گشتی و بۆچوونی تایبەتی، رەتکردنەوەکەی پۆلیسی بە "نایاسایی" داناوە و بە پشتبەست بە ماددەی یەکەمی دەروازەی دووەمی یاسای بنەڕەتی حوکمداری رێگەی بە کەسەکە داوە قورئان یان هەر کتێبێکی دیکە بسووتێنێت.
حکومەتی سوێدی دژی کرداری قورئان سووتاندنەکە بووە و بە کارێکی "قبووڵ نەکراو" پێناسەی کردووە. خەڵکێکی زۆری سوێدیش دژی ئەو جۆرە کردارانە رای خۆیان داوە.
واتە پۆلیس، حکومەت و خەڵکی سوێد بەگشتی دژی قورئان سووتاندن بوون. ئەگەر کەموکوڕییەك هەبێت، لە هەندێك دەقی یاسای بنەڕەتی سوێدە کە دەکرێت لە رێگەی دیالۆگ و لۆبی دروستکردن کار بۆ گونجاندنی ئەو یاسایە بکرێتەوە بە شێوەیەك کە ئازادی رادەربڕین گرێبدرێت بەوەی نابێت ئازادی رادەربڕین بۆ سووکایەتیکردن بە باوەڕدارانی ئایینێك یان نەتەوەیەك یان گرووپێكی دیکە بێت. ئەم کارەش کاری رۆژ و دوو رۆژ نییە.
بۆیەش نەدەبووایە حکومەتی عێراقی بچێتە ژێر کاریگەری ئەجیندای سیاسی و مەزهەبیی موقتەدا سەدرەوە و دەبووایە رێگە بە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد نەدات. جگە لەوە حکومەتی عێراقی کارێکی خراپی کرد کە پەیوەندییە دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتی سوێد تێکدا. حکومەتی عێراق دەبووایە تێبگەیشتبووایە کە کەسێکی عێراقی قورئانی سووتاندووە و پێویست بە شەڕ لەگەڵ حکومەتی سوێد و گەلی سوێد ناکات.
ئەوەیان لەلایەك، با بێینە سەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023 نوێنەرایەتیی خۆی لە سوێد بەکاتی داخست، لەکاتێكتدا قورئان سووتاندنەکە نە خەتای حکومەتی سوێدیە و نە گوناحی گەلی سوێدە.
دەبووایە هاوکاری مەعنەوی 50 ساڵەی سوێد بۆ خەڵکی کوردستان ڕەچاو بکرابووایە.
دەبووایە بیر لەو هەموو هاوکارییە دارایی، چەک و هاوکارییە سەربازییەی سوێد بۆ هەرێمی کوردستان بکرابووایەوە لەکاتی شەڕی داعش دا.
دەبووایە بیر لە هەڵوێستی جوانی پەرلەمانی سوێد لەمەڕ ئەنفال و هەڵەبجە بکرابووایەوە.
دەبووایە بیر لەوە بکرابووایەوە کە سوێد وا بۆ 50 ساڵ دەچێت پەنابەری کورد وەردەگرێت.
دەبووایە بیر لە پشتگیری سوێد بۆ زمان و ئەدەبی کوردی بکرابووایەوە.
دەکرا پێش بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رای چەند کەسێكی پسپۆڕ و بێلایەن وەربگیرێت بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو هەڵەیەوە. بەشێکی دیاری راوێژکار و کاربەدەستەکانی حکومەت سوێدین.
بەڕێزان، نەدەبووایە ئێوە بکەوتنایە داوی ئەجیندای سیاسی و تاکەکەسی کەسی سیاسی - مەزهەبییەوە.