ئاگرکەوتنەوە، لەنێوچوونی دار و سەوزایی لانینا بۆ عێراق دەهێنن
لەنێوچوونی دار و نەمانی رووپۆشی سەوزایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە کەوا ساڵانە 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکەکەی دەبێتە بیابان، ئەویش لەکاتێکدا رێژەی 40% خاکەکەی بۆخۆی بیابانە. ئەم بە بیابانبوون و لەنێوچوونی سەوزایی و کەوتنەوەی ئاگرە جگە لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زەویی کشتوکاڵی لە عێراق لە رێژەی 12.2% بۆ ٪8.3 و زیادبوونی بەهەڵمبوونی ئاو و لەنێوچوونی جۆگە، رووبار و رێڕەوی ئاوی کە هەموو ئەمانەش عێراق دەخاتە دۆخێکی نوێوە لەڕووی کەشوهەواوە.
بەپێی داتاکانی چاودێریی دارستانی جیهانی GFW، لە ماوەی ساڵانی 2000 بۆ 2022 عێراق 137 هێکتار زەویی داپۆشراو بە دار لەنێوچووە و بەتەنیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 22 هێکتار بووە و 115 هێکتارەکەی دیکە بەهۆکاری جیاواز بووە. ئەو ساڵەی زۆرترین لەدەستدانی دار و رووبەری سەوزایی تێدا لەنێوچووە لە 2003دا بووە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 7 هێکتار زەوی رووپۆشراو بە دار لەنێوچووە.
هەروەها، لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ماوەی 2009 بۆ 2022دا "یەک ملیۆن و 224 هەزار دۆنم دارستان، پووش و پاوان سووتاون،" کە بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما، بەردەوامبوونی جەنگ، نەبوونی هۆشیاری و کردنەوەی ئاگری بەئەنقەست بووە.
لەڕوویەکی دیکەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە ساڵی 2000، لە عێراق 9 هەزار و 800 کیلۆمەتر دووجا خاکی بە بیابانبوو هەبووە، بەڵام دوای 14 ساڵ گەیشتووەتە سەروو 14 هەزار و 400 کیلۆمەتر دووجا، ئەمە لەکاتێکدا لە دەیەی رابردوودا لەنێوچوونی دار، وشکبوونی زۆنگاوەکان، کەوتنەوەی ئاگر و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر بووە و پێیناوەتە قۆناخێکی نوێوە.
لە راستیدا نەمانی سەوزایی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەرزیی پلەکانی گەرماوە هەیە، هەر بۆیەش لەم رۆژانەدا شارەکانی عێراق بەرزترین پلەکانی گەرمای لەسەر ئاستی جیهان تێدا تۆمار دەکرێت، لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکانی دەزگای گۆڕانی کەشوهەوای یەکێتیی ئەوروپا، C3S مانگی رابردوو لە جیهان گەرمترین مانگ بووە تاوەکو ئێستا کە ریکۆرد کرابێت، بەشێوەیەک ئەو مانگە بەتێکڕا 0.72 پلەی سیلیزی گەرمتر بووە لە ساڵانی 1991-2020 و، بەتێکڕاش 1.5 پلەی سیلیزی گەرمتر بووبێت لە ساڵانی 1850-1900. ئەگەر پلەکانی گەرمای عێراق بەراورد بکەین بەو دوو ماوەیە ئەوا دوو هێندەی ئەوەیە کە لە جیهان دا روویداوە.
لە بەشی دووەمی ئەم زنجیرە هەڵسەنگاندنەدا، هەڵوەستەیەک لەسەر گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی لەنێوچوونی دار، رێژەی سەوزایی، ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان، کاریگەریی بەردەوامی جەنگ و بە بیابانبوون لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو.
لەنێوچوونی دار و رووپوشی سەوزایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
عێراق 28.6 هەزار هێکتار زەوی رووپۆشکراو بە دار هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا تەنیا 9.46 هەزار هێکتار زەوی رووپۆشکراو بە دار و سەوزایی زیادیکردووە کە دەکاتە رێژەی 0.1% جیهان، لەکاتێکدا ئەو رووبەرەی ساڵانە لەنێودەچێت چەند هێندەی ئەوەیە ساڵانە زیادبووە. بڕوانە گرافیکی یەکەم لەبارەی دار و دارستانی جێگیر و بەدەستهاتوو لەسەر ئاستی عێراق.
تێبینی، ئەم داتایانە ماوەی نێوان ساڵانی 2000-2020، لە سێ ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زیاتر روویداوە
بەپێی داتاکانی GFW لە ماوەی ساڵانی 2001-2019دا بە رێژەی 0.78% یاخود 137 هێکتار دار و زەوی رووپۆشکراو بە دار لە عێراق لەنێوچووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەکانی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام ساڵ بەساڵ و بەتایبەتیش لە 2008وە تاوەکو ساڵی رابردوو لەنێوچوونی دار کەمیکردووە وەکو لە گرافیکی دووەم دا هاتووە.
هەروەها، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕووی دار و دارستانی جێگیر و بەدەستهاتوو پارێزگای هەولێر لە هەموو پارێزگاکان باشترە و پارێزگای کەرکووک لە هەموو پارێزگاکان خراپترە، بەشێوەیەک هەولێر خاوەنی زۆرترین دارستانی جێگیرە، دوای ئەویش پارێزگای دهۆک دێت، لە بەرامبەردا کەرکووک تەنیا 3.14 هێکتار دار و زەوی رووپۆشکراوی بەداری جێگیر و 2.2 هێکتار دار و سەوزایی بەدەستهاتووە کە کەمترینە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان.
کەوتنەوەی ئاگر لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی داتاکان و سیستمی VIIRS لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات وەرزی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق دەستپێدەکات و بۆماوەی 40 هەفتە بەردەوامدەبێت، بەشێوەیەک بەتەنیا لەماوەی نێوان 8ـی ئاب 2022 تاوەکو 7ی ئاب 2023 لە هەموو پارێزگاکانی عێراق 18 هەزار 442 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، بەگشتیش بە بەراورد بەساڵانی پێشووتر ئەم ژمارەیە زۆر زیادیکردووە.
هەروەها، لەماوەی نێوان ساڵانی 2001 تاوەکو 2022 نزیکەی 22 هێکتار زەوی رووپۆشکراو بە دار سووتاوە و 115 هێکتاری دیکە بە هۆکارەکانی دیکە لە عێراق لەنێوچوون، هەروەها تاوەکو ئێستا بەرزترین رێژەی لەنێوچوون بەهۆی ئاگرەوە لە ساڵی 2003دا بووە کە 7 هێکتار بووە.
هاوینی ئەمساڵ، بەتایبەتیش لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران تاوەکو هەفتەی یەکەمی مانگی ئاب ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان لە عێراق دوو هێندە و بگرە زیاتریش بووە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2012 تاوەکو 2022 هەفتانە نەگەیشتووەتە سەروو پێنج هەزار، بەڵام لە ئەمساڵدا سەروو 25 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوەی تێپەڕاندووە، بڕوانە گرافیکی 4 لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق.
سووتانی دار، پووش و پاوان لە هەرێمی کوردستان
سووتانی ناوچە جیاوازەکان و کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە سەختە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەفتانە رووداوی سووتانی دار و رووبەری پووش و پاوان هەبووە کە رووبەری ئاگرەکان بە خێراییەکی زۆر تەشەنە دەکات، ئەمەش تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتیش لە ئەو وڵاتانەی دارستانی چڕی تێدایە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە روو لە هەڵکشانن.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی رۆژە گەرمەکانی ساڵ، لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا سەروو 1 ملیۆن و 224 هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، بەشێوەیەک بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵی 2015 زۆرترین رووبەری دار، زەوی رووپۆشکراو بە دار، پووش و پاوان سووتاوە، کە لەو ساڵەدا گەیشتووەتە 314 هەزار دۆنم.
بەپێی داتا بەردەستەکان بۆ رووداوەکان، کەمترین رووداوی سووتانی دار، پووش و پاوان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی سرووشتی بووە، بەڵکو ئەو هۆکارانەی لە ماوەی دەیەی رابردوودا بوونەتە هۆی لەنێوچوونی دار و رووبەری سەوزایی رووپۆشکراو بە دار: بە پلەی یەکەم سەربازی و چالاکیی مرۆیی بوون، دیارترینیان بۆردوومان و هێرشی سەربازی دەوڵەتانی دراوسێ بووە بۆ سەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان کە هۆکارێکی سەرەکیی سووتان و لەنێوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستانن، هەروەها لەڕووی کاریگەرییەکانی جەنگ و بۆردوومانەکانەوە، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی پاکس تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکاندا 49 هەزار و 568 دۆنم رووبەری سەوزایی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و شەڕی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دا سووتاوە، 22 هەزار و 659 دۆنم لەو رووبەرە دەکەونە ناوچە پارێزراوەکان لەڕووی سرووشتییەوە. بەتەنیاش لە ماوەی مانگەکانی ئایار بۆ ئەیلوولی ساڵی 2020، رووبەری 298 هەزار و 750 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.
لە ئاستی نێوخۆیشدا، کەوتنەوەی ئاگر و نەبوونی هۆشیاری، هەبوونی کانە خەڵۆز و بڕینەوەی دار لە زستان لە ئەو هۆکارە مرۆییانەن کە لە پشت سووتان و لەنێوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستانن. بەتەنیاش لە رووداوی ئاگرەکەی قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر (ناوچەی باڵەکایەتی) (16ـی ئاب 2023) 6 هەزار دار و نزیکەی 4 هەزار دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و لەنێوچووە. ئەمە لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، زۆرترین رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دار، پووش و پاوان لە پارێزگای سلێمانی بووە.
کۆتایی
لە ئاداری ئەم ساڵ دا و لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە شاری بەسرە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی چاندنی 5 ملیۆن داری راگەیاند، بەڵام بەپێی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ هیچ دینارێک بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بۆ وەزارەتی ژینگە خەرجنەکراوە!
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و نەمانی دار و دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان و زۆنگاوەکان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق کە بەشێکی گرنگی ئەم خاکە پێکدەهێنن لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە و نزیکەی حەوت ملیۆن عێراقی بەدەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنن.
گۆڕانکارییەکان تەنیا سرووشتی نین، بەڵکو رۆڵی مرۆڤ و بەردەوامی جەنگ و ململانێیەکان بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکان وایکردووە، رۆژ بە رۆژ کەمبوونەوەی دار و ناوچەی سەوز و رووپۆشراو بە دار کەمبێتەوە، بەشێوەیەک بەپێی ئامارەکان لە ماوەی دوو دەیەدا (1999-2018) ناوچەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە 23.46% دابەزیوە بۆ 12.44%.
کەوتنەوەی ئاگر لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ دا گەیشتووەتە بەرزترین ژمارەی لە دەیەی رابردوودا، بەشێوەیەک گەیشتووەتە سەروو 18 هەزار رووداوی ئاگر کەوتنەوە کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراوە لە هەموو عێراق، کە تەنیا لێکەوتە کورتخایەنەکانی وەک سووتانی دار و لەنێوچوونی دارە بەتەمەنەکان و زیندەوەرە جیاوازەکان و ئاوارەبوونی ئاژەڵدارە کێوییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لە درێژخایەن دا دیاردەیەکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە کە کاریگەری تەواوی لەسەر ساڵانی دوای خۆی لەڕووی بارانبارین و گەرمبوونی ئەو ناوچەیەوە دەبێت، کە پێدەگوتریت لانینا و لە ساڵانی رابردوودا لە ئوسترالیا روویداوە.
لەکۆتاییدا، ئەگەر هەوڵەکان نەکرێنە کردار و ململانێیەکان کەمنەکرێنە و بەردەوامبن، ئەوا بەخێراییەکی زیاتر ماڵئاوایی لە ناوچە سرووشتییە سەوزەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. هەروەها لە بەشی داهاتوو و سێیەمی ئەم زنجیرەیەدا هەڵوەستەیەک لەسەر ژەهراویبوونی هەوا و دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکان لە عێراق و لێکەوتەکانی دەکەین.
سەرچاوەکان:
Othman, A.A., Al-Saady, Y.I., Shihab, A.T., Al-Maamar, A.F. (2020). The Aeolian Sand Dunes in Iraq: A New Insight. In: Al-Quraishi, A., Negm, A. (eds) Environmental Remote Sensing and GIS in Iraq. Springer Water. Springer, Cham. https://doi.org/10.1007/978-3-030-21344-2_12
Othman, A.A., Al-Saady, Y.I., Shihab, A.T., Al-Maamar, A.F. (2020). The Aeolian Sand Dunes in Iraq: A New Insight. In: Al-Quraishi, A., Negm, A. (eds) Environmental Remote Sensing and GIS in Iraq. Springer Water. Springer, Cham. https://doi.org/10.1007/978-3-030-21344-2_12
Hansen, M. C., P. V. Potapov, R. Moore, M. Hancher, S. A. Turubanova, A. Tyukavina, D. Thau, S. V. Stehman, S. J. Goetz, T. R. Loveland, A. Kommareddy, A. Egorov, L. Chini, C. O. Justice, and J. R. G. Townshend. 2013. “High-Resolution Global Maps of 21st-Century Forest Cover Change.” Science 342 (15 November): 850–53. Data available on-line from: http://earthenginepartners.appspot.com/science-2013-global-forest.
تێبینی:
ئەم وتارە بەشی دووەمە لە شەش بەشی هەڵسەنگاندنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە، نووسەر تێیاندا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە داتا دەخاتەڕوو. بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیک بکە
ئەم وتارە بەشی دووەمە لە شەش بەشی هەڵسەنگاندنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە، نووسەر تێیاندا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە داتا دەخاتەڕوو. بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیک بکە