سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی و بیمەی تەندروستی

دکتۆر حەسەن محەممەد سوورە*

بەپێی هەڵسەنگاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، سیستەمی تەندروستیی عێراق لە نێوان ساڵانی 1972 تا ساڵی 1991 باش بووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە ژمارەی دانیشتووانی عێراق کەم بووە و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاش لە سیستەمی تەندروستیدا نەبوو یان کەم بوو. هەرچەندە ئەوکات میزانییەى عێراق زۆر بووە، بەڵام رژێم کەمى لە خزمەتگوزاریدا خەرج دەکرد.
 ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق چەند بەرانبەر زیاترە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەگەڵ کات، زیاتر هاتووەتە ناو کارەکە کە نرخیان زۆر گرانە، ئەمەش ئابووریی تەندروستی دە قات گران کردووە. لەدواى 1991یش شەڕە یەک لە دوای یەکەکانى عێراق و گەمارۆى ئابوورى نەیهێشت ئەو کەرتە پێشبکەوێ.

بیمەی تەندروستی هەموو سیستەمی تەندروستی نییە، بەڵکو رەگەزێکى سیستەمی تەندروستییە کە ئەویش ئابووریی تەندروستییە. سیستەمی تەندروستی چەندین بەش و دەیان لقى هەیە. بەپێی یاسا ئەرکی وەزارەتی تەندروستییە ئەم سیستەمە رێکبخاتەوە (چاکی بکاتەوە و نوێی بکاتەوە).
قسەکردن لەسەر سیستەمی تەندروستی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا قسە لەسەر بیمەی تەندروستی دەکەین کە بابەتی ئەمڕۆی ئەم کەرتەیە و پێویستە هەموومان زانیاریمان لەبارەیەوە هەبێ.

هەندێ روونکردنەوەی گرنگ لەسەر بیمەی تەندروستی:

1- دەبێ حکومەت پارەی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان و باج و رسومات بە پارەی هاووڵاتیان بزانێت، بەپێی ستاندارتی جیهانی بڕێک لەو پارەیە بۆ خزمەتگوزاری خەرج بکات، رێژەی ستانداردی جیهانی بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بودجەی هەر دەوڵەتێک بریتییە لە 5 تاوەکو 15%. ئەگەر ئەم پارەیە بەشی خزمەتگوزاری دیاریکراو لە سیستەمی تەندروستی کرد، ئەوە بیمەی تەندروستی پێویست نابێت، بەڵام ئەگەر کورتهێنانى هەبوو دەکرێ پەنا بۆ بیمەی تەندروستی ببەین، کەواتە هەنگاوەکان ئەمانە دەبن:

‌ڕ_ دەبێ حکومەت سیستەمی تەندروستی رێکبخاتەوە (چاککردنەوە و نوێکردنەوە) بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی باش، چونکە کورتهێنانى ئێستا کە زۆربەی بەهۆی خراپیی سیستەمی تەندروستیەوەیە، ناکرێ و ناتوانرێ یەکسەر بە پارەی ‌هاووڵاتیان پڕ بکرێتەوە، هاووڵاتیانیش ئامادەنین پارەی زۆر بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، لەڕێگای سیستەمی تەندروستیی خراپەوە بدەن.

‌ب. حکومەت پێویستە پشکى خزمەتگوزارى زیاد بکات و بیگەیەنێتە 10%ى کۆى گشتیى میزانییە.

‌ج. بەڵام ئەگەر دوای ئەو دوو هەنگاوەی سەرەوە، کورتهێنانێکى راستەقینە لە کەرتی تەندروستیدا هەبوو، ئەو کات حکومەت دەتوانێ بە چەند رێگایەک ئابووریی تەندروستی چاک بکاتەوە، یەکێک لەوانە پەنا بەرێ بۆ بیمەی تەندروستی.

2- ئەگەر حکومەت پەنای برد بۆ بیمەی تەندروستی دەبێ بەپێی دەستووری عێراقی دەستەیەک و سندوقێک دابمەزرێنێ بۆ بیمەی تەندروستی کە لەژێر سەرپەرشتى حکومەتدا بێت، ئامانج و ئەرک و دەسەڵات و میزانییەی بە یاسا ڕێکبخرێت. دەستووری عێراقی رێگا نادات بیمەی تەندروستی لەڕێگای دامەزراوەی بیمەوە شەریک بکات و دامەزراوەی قازانویست لە هاووڵاتیان وەربگیرێ تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە بە ویستی خۆیان دەیانەوێ یان لە حاڵەتەکانی شاندەکان و سەردانیکەرانی بیانی یان بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەدەرەوەی چاودێری تەندروستی و دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تەندروستی  پێشکەش دەکرێن.

3- بیمەی تەندروستی بە تەواوی ئەرک و شێوەی دامەزراوەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێ، بۆ نموونە دەبێ وەزارەت زیاتر ئیشی چاودێری بکات. دەبێ دامەزراوەکانی تەندروستی بە لامەرکەزی بەڕێوە بچن لە ڕووی ئیدارییەوە، لەڕووی داراییەوە تەمویلی خودى خۆیان بکەن. دەبێ لەڕێگای ئەنجوومەنی ئیداری بەڕێوەبچن و میلاکاتیان دیاری بکرێت و خزمەتگوزاری دیاریکراو پێشکەش بکەن و یەکەی حیسابییان بۆ بکرێتەوە. دوای ئەوەی نرخی خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان دیاریکرا لەلایەن دەستەی بیمەی تەندروستی، وەسڵ و چەک بۆ هاووڵاتیانی نەخۆش کە سەردانی ئەو دامەزراوە تەندروستییانە دەکەن، دروست دەکرێن. پارەی ئەو وەسڵ و چەکانە لە سندوقی بیمەی تەندروستی بۆ نەخۆش خەرج دەکرێتەوە. دەکرێ  ڕێژەیەکی کەمیش لەو پارەیە لە ‌‌هاووڵاتیانی نەخۆش وەربگیرێتەوە. گۆڕانکارییەکی لەم شێوە پێویستی بە چەند ساڵ هەیە.

4- بە جێبەجێکردنی بیمەی تەندروستی کەرتی تەندروستی پەیوەست دەبێ بە چەند بنەمایەک: 
‌ڕ- خزمەتگوزاری (چاودێری تەندروستی) بۆ هەموو هاووڵاتیان بێ جیاوازی بەپێی ماددەی 31 لە دەستووری عێراقی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی، ئەویش بەڕێگای سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی پێشکەش دەکرێ.

‌ب- هەموو ئەوانەی کە (دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تەندروستی) دەیانگرێتەوە بەپێی مادەی 30 لە دەستووری عێراق، لە رێگای حکومەتەوە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.

‌ج- بەشێکی دیکەى خزمەتگوزاری تەندروستی لە رێگای سندوقی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی نەخۆش دابین دەکرێ لە کەرتی گشتی، بەپێی یاسا دەکرێ دامەزراوەی بیمەی تەندروستی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت بکات.

‌د- ‌هەندێ خزمەتگوزاریی تەندروستی کە ناچنە ناو گرێبەستى بیمەکەوە، ‌هاووڵاتی دەتوانێ لە کاتی پێویستدا لە رێگای دامەزراوەی دیکەوە بۆ خۆی دابینی بکات، بۆ نموونە تەئمینی تەندروستیی کۆمپانیاکان. 

‌ه- شاند و سەردانیکەران و کۆمپانیا بیانییەکان لە رێگای تەئمینى تەندروستیى کۆمپانیاکانەوە، خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێ.

‌و - بەپێی سیستەم دەکرێ هاووڵاتیان کەڵک لە کەرتی تەندروستیی گشتی یان تایبەت وەربگرن بۆ چارەسەر.

‌ز- بەپێی ئەم دابەشکردنەی سەرەوە، هاووڵاتیانیش دابەش دەکرێن بۆ چەند گروپێک، کە هەر یەکەیان کارتی  خۆی بۆ دروست دەکرێ.

5- دەبێ پرەنسیپی یەکسانی و دادوەریی تەندروستی دەستەبەر بکرێ لە جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی.

6- بۆ جێبەچێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی پێویستە مەبدەئى هاوبەش جێبەجێ بکرێ، چونکە ئەم کارە هاوکاری و ‌هەماهەنگی نێوان پەرلەمان، حکومەت، هەماهەنگی وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، کاروبارى کۆمەڵایەتی، پلاندانان، شارەوانی، دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکان، سەندیکاکانى پزیشکی و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى پێویستە.

7- پێشتر لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا باسى ئەو بابەتەمان کردووە. هەروەها لە ساڵى 2010 پرۆژەیەکی پێشنیارکراومان لە ڕێگای لیژنەی تەندروستی پەرلەمان بۆ حکومەت ناردووە بۆ دیراسە، بەڵام بەداخەوە بە پاساوى شەڕى داعش و قەیرانى دارایی ئیشى لەسەر نەکرا. ئەمە جگە لەوەى لەڕێگای لیژنەی تەندروستی پەرلەمانەوە دەیان نووسراومان بۆ وەزارەت ناردووە. 

حکومەت لە رێگای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و دامەزراوەی (ڕاند)ی ئەمریکی و پەیمانگەى فەرەنسی، چەندین لێکۆڵینەوەیان لەسەر سیستەمی تەندروستی هەرێمى کوردستان کردووە و چەندین ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەم لێکۆڵینەوانە خەرج کردووە، بەڵام  سوودیان لێوەرنەگیرا. هەر لە پەرلەمان هەوڵی دیکەشمان لە کۆنفرانسە هاوبەشەکانی ‌هەرێم و بەغداد داوە کە هاوتەریب پێکەوە ئەم هەوڵە بدرێ، بە کۆنفرانسی هاوبەشی عەمان بە سەرپەرشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵی 2011 دەستمانپێکرد، بڕیارمان دا بەردەوام بین، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا هیچیان نەکرد.

* جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لە خولى سێیەمى پەرلەمانى کوردستان