لێكگەیشتنی ناوخۆ وەك پێشمەرجی لێكگەیشتن لەگەڵ بەغدا

 
عەیامێكە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەڵی: تاوەکو زمانێك بۆ لێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوخۆدا نەدۆزینەوە، ئەستەمە زمانی لێك تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا بدۆزینەوە. ئەگەر خۆبەخۆ لەسەر كۆمەڵێک نەگۆڕ و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی هاودەنگ نەبین، هیچ لایەكمان لە بەغدا نە بۆ خۆی و نە بۆ خەڵكی كوردستان  و نە بۆ هاوزۆن! و هاوشاریانی هیچ بەدەست ناهێنێ.   
 
سەرۆكی هەرێمی کوردستان عەیامێكە دەڵێ: مەترسی راستەقینە بۆ سەر مان و ماف و قەوارەمان، لە ئارادان، مەترسی كۆن و تازەیشی هاتوونەتەسەر، هەندێكی ئەنجامی هەڵە و پاشەكشە و كورتهێنانی خۆمان و بەرهەمی  دەردە كوردە، هەندێكیشی قەدەری شومی كوردە بەدەست عەقڵیەتێكی مەركەزیی تێنەگەیشتوو لە چەمكی فیدرالیزم وشەراكەت و بێ ئاگا لە دیموكراتی و فەرهەنگی سەردەم، نەفرەتی جوگرافیا و چاوهەڵنەهاتنی دەروجیرانیش بە كەمترین مافی كورد، لەو لاوە بوەستێ.  بۆیەش پاراستنی كوردستان لەو هەموو مەترسییە، لە هەموو كات زیاتر حیكمەت و ئەزمونداری و دیبلۆماسیەتێكی هەتا بڵێی دەستوپەنجەنەرمی دەوێت.  
 
مەترسیی هەڵتەكاندنی نەسیجی كۆمەڵگەی كوردستان ومەحفكردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە رێی بێ مووچەكردن و برسیكردنەوە، یەك لە هەڕەشە گەورەكانە كە دەبێ بە هەر نرخێك بێت رێگەی لێ بگیرێ، بە لای دەستەبژێری سیاسیی كورد و حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە نابێ هیچ كارێك لەوە لەپیشتر بێت. چونكە هیچ دروشم و پێخۆرێكی مەعنەوی، جێی نان ناگرێتەوە و برسی تێر ناكات. راستە كورد كاتی خۆی بۆ معاش شۆرشی نەكردووە ، بەڵام  خۆ بۆ بێ معاشیشی نەكردووە!. بۆیەش لەپێناو بەدەستهێنانەوەی پاروەنانی خەڵك دا دەبووا هەموو رێیەك بگیرێتەبەر، چونكە بێ نانی، مەترسیی دەستهەڵگرتن لە ئازادی و ماف و شكۆ و كەرامەتی لێ دەكەوێتەوە  و، هەر ئەوەشە مەبەستی سیاسەتی نانبڕین.  
 
هیممەتی جیدی بۆ رێگرتن لە نانبڕین و چارەی كێشەی مووچە، نەك هەر بە ماڵێكی كوردستانیی لێكترازاوی بێ شیرازە نەدەكرا، بەڵكو ئەو دووبەرەكی و یەكتر تەخوینكردن و یەكتر بەشەیتان كردن و دەستی چەور بەشانی یەكدی سڕینە، نەك هەر بستێكی پاشەكشە بەسیاسەتی نانبڕین پێ ناكرێت، بەڵكو خۆی یەك لە هۆكارە سەرەكییەكانی هاندەری نانبڕینە. قەوانی هەزار بارە و سواوی تۆمەت گۆڕینەوە و یەكدی خەتاباركردنی بێ یەكلاییكردنەوە، تەنانەت لەگەڵ بەغداش بێ سوودە. 
 
عەرەب گوتەنی: دواجار هەر راستی راستە.. بۆیەش دواجار هەر رێگە دروستەكە گیرایە بەر، ئەو رێیەی دەمێكە سەرۆكی هەرێمی کوردستان وەك باوەڕ و ئەركی نیشتمانیی خۆی بانگەوازی بۆ دەكات، بەم دواییەش نەرم نەرم و بێ هەڵا و زەنا و دەنگ لێوە هێنان لەسەر ئاستی كوردستان و هەروەها لە سەر ئاستی بەغداش لەسەر ئاگرێكی شێنەیی خەریكی كوڵاندنی یەکخستنێک بوو تاوەکو لانی كەم چارەیەكی بەپەلە بۆ بێ مووچەیی بدۆزرێتەوە و ئاهێك بە دەروونی خەڵك دا بێتەوە و ئەوجا دواتر بیرێكی ژیرانە و جددیتر لە چارەیەكی هەمیشەیی بكرێتەوە. چارەیەك بنەماكانی بریتی بن لە: یەكدەستیی نێوخۆیی لێرە لەپێناو پاراستنی مافی میللی لە بەغدا، یەكدی خوێندنەوە لێرە لەپێناو بەدەستهێنانی هاوبەشی لە بەغدا، چارەسەرخوازی و میانڕۆیی لێرە و گواستنەوەی هەمان نەفەس بۆ بەغدا. رەواندنەوەی دڕدۆنگی و ئاساییكردنەوە و بگرە پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی کوردستان بە هەموو حیزب و لایەنە عێراقییەكانەوە لە بەغدا. رەواندنەوەی مەترسییەكانی دەروجیران و مەترسییەكانی ئەو کێشانە لەسەر كوردستان بە واقیعبینی و بە پێكەوەیی لەگەڵ بەغدا، سەرئەنجامیش دڵهێنانەوەی دۆستانی دەرەكیمان و رەواندنەوەی نیگەرانی و نائومێدییان لە كورتهێنان وهەڵە و كەموكاسییەكانمان. هەر هەموو ئەوانەش سەرئەنجام لەپێناو ئامانجێكی بەرزدا كە ئەویش بەدەستهێنانەوەی ئینتیما و ئومێد و متمانەی خەڵكی خۆمانە بە ئەزموون و حوكمڕانی و بە كایەی سیاسەت و بە ئێستا و ئایندە.