بەرهەمهێنانی رووداو لە پێشەنگ دا

 
بەرەبەیانێکی زووی مانگی ئادار بوو، تیشکی خۆر خەریک بوو وردە وردە سەری دەردەهێنا. تیمی بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن لە دەشتی شارەزوور لە شوێنی وێنەگرتن بوون. کامێرامانەکان خەریکبوون لێنز (هاوێنکۆ)ی کامێراکانیان دادەنا، دەرهێنەر دوایین رێنماییەکانی خۆی پێدەدان. بەو بەیانییە زووەش وزەی ستاف زۆر بەهێزبوو. رەنج سەنگاوی پێشکێشکاری کاریزمایی رووداو، خۆی ئامادە کردبوو گفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ کەسایەتییەکی گرنگ بکات. تیمەکە دەیانزانی ئەو ئەڵقەیە دەبێتە کارێکی زۆر تایبەت. هەمووان سەرنجیان لەسەر کارەکەیان بوو، دەیانویست هەموو دیمەنەکانی بەرنامەکە بە باشترین شێوە وەربگرن. ئەو هەست و وزەیە بوو کە هەڤپەیڤینێکی ئاسایی کردە بەرنامەیەکی بەهێز و لەبیرنەکراو.
 
ئەو دڵسۆزییە بۆ کار، پاڵنەری سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداوە، هەر ئەوەش هۆکاری بەدەستهێنانی ئەو هەموو پێزانینەیە. یەکێک لە سەرکەوتنە پڕ شانازییەکانمان بردنەوەی خەڵاتی بەنێوبانگی وێبی بوو بۆ یەکێک لە بەڵگەفیلمەکانمان بە ناوی (کۆرۆوای). خەڵاتی وێبی بە ''شانازیی باڵای ئینتەرنێت'' ناسراوە، نیشانەیە بۆ باشترین چیرۆکگێڕانەوە لە میدیا دا. بەڵگەفیلمی کۆرۆوای چیرۆکی خێڵی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوا دەگێڕێتەوە. بردنەوەی ئەو خەڵاتە نیشاندەری توانای تیمەکانمانە لە بەرهەمهێنانی چیرۆکی سەرنجڕاکێش لەسەر ئاستی جیهان. رووداو سەلماندی کە سنوورەکان تەنیا خەیاڵن.
 
دەستکەوتێکی دیکەی بەرهەمهێنانی رووداو بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن بوو لە مانگی رەمەزانی 2024دا. ئەو بەرنامەیە سەرنجی بینەرانی بە شێوەیەکی فراوان بۆ خۆی راکێشا و بووە خاوەنی خەڵاتی مانگی زێڕین. گفتوگۆی باڵۆن سەلماندی کە رووداو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنی دەوەستێتەوە و بەسەریاندا زاڵ دەبێت.
 
هەر لە مانگی رەمەزان دا سنوورەکانی میدیای باو (تەقلیدی)مان تێپەڕاند. دیجیتاڵ میدیای رووداو تەنیا لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگەکەدا زیاتر لە 100 ملیۆن بینەری بەرنامە و بەرهەمەکانی هەبوو. ئەوەش بەڵگەیەکی روونی توانا و کاریگەریی بەردەوامی رووداوە لە سەکۆ (پلاتفۆرم)ـە دیجیتاڵییەکان دا. توانای رووداو دەردەخات لە گەیشتن بە بینەری جیاواز و جیهانی و، سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا بۆ گەیاندنی چیرۆکەکانمان بەشێوەیەکی بەرفراوان. هەڵکشانی بەردەوامی ژمارەی بینەری دیجیتاڵی میدیای رووداو نیشانەیەکی روونی توانای رووداوە لە خۆگونجاندن و بیرکردنەوەی پێشوەخت لەنێو جیهانی میدیای بەردەوام گۆڕاودا.
 
خەڵات و دەستکەوتەکان رەنگدانەوەی دڵسۆزی و ماندوونەناسیی تەواوی کارمەندانمانن لە پرۆدیوسەر و پێشکەشکارەکانەوە بۆ کامێرامانە دڵسۆز و بەتواناکانمان لە وەرگرتنی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان، مۆنتێرە ماندوونەناسەکان کە دیمەن و وێنەکان بەشێوەی سەرنجڕاکێش پێکەوە دەلکێنن، تاوەکو دەرهێنەرە پڕ ئەزموونەکانمان کە بە دیدگای باڵای هونەریی خۆیان رێبەریی کار و بەرهەمە مەیدانییەکان دەکەن. هەموو ئەندامێکی رووداو لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانماندا رۆڵی هەبووە. بردنەوەی خەڵاتی وێبی و مانگی زێڕین و زۆرترین بینەر تەنیا دەستکەوت نین، بەڵکو دەرخەری ئەو راستییەن کە کارمەندانی رووداو بۆ بەدەستهێنان و گێڕانەوەی چیرۆکەکان پێکەوە کار دەکەن.
 
ئێستا کە ئاهەنگی سەرکەوتنەکان دەگێڕین، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئاستی باڵاتر. کارەکانمان تەواو نەبوون و زۆر شتی دیکە ماون. ئێمە لە گەیشتن بە ئاستی باشتر و باڵاتر و دۆزینەوەی چیرۆکی سەرنجڕاکێشتر و فراوانترکردنی مەودای بینەرانمان بەردەوام دەبین. خەڵات و پێزانینەکان لەسەر شکاندنی سنوورەکانی بەرهەمهێنانی میدیایی سوورترمان دەکەن. ئاسۆی داهاتووی کارمان روونە و پڕە لە ئومێد و پێداگری بۆ بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکی پڕ زانیاری و سوودبەخش و ئیلهامبەخش. پێکەوە لەسەر سەرکەوتنەکانمان دەستکەوتی گەورەتر بونیات دەنێین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی  کە رووداو هەمیشە لە پێشەنگدا بێت.