حزبەكانی باشوور لەبەردەم وەرچەرخانی نەوەكاندا

بۆ زۆر لە توێژەر و سۆسیۆلۆگەكان؛ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستای حزبە كوردییەكانی باشوور كارێكی ئاسان نییە. حزبەكانی باشوور، بەتایبەتیش حزبە گەورە و دەسەڵاتدارەكان، لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا؛ بریتین لە كۆمەڵێك كیانی ئاڵۆز و هەبوویەكی سیاسی سەخت بۆ تێگەیشتن و ناڕوون لە شیكاركردندا. 

سەرچاوەی ئەو ئاڵۆزییە لە تێگەیشتن و خوێندنەوەی دیاردەی حزبایەتی لە ئێستای باشووری كوردستاندا بەشێكی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەم حزبانە لە گەلێك لەم رووانەوە وەك هەیكەلی رێكخستنیان، شێوازەكانی سەركردایەتیكردن تیایاندا و سەرچاوەی شەرعیەتیان، ئایدۆلۆژیا و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانیان، رەفتار و هەڵوێستی سیاسییان، ئامانج و خواستەكانیان، سەرچاوە داراییەكانیان و رێگاكانی گۆشكردن و هاندانی جەماوەری و شێوازی ئەندامگیری و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەندام و لایەنگرەكانیان، ئاڵۆز و پێچیدەن، شەفاف نین و ناتوانین لێی تێبگەین و لە چوارچێوەی تێگەیشتنمان بۆ دیاردەی حزبایەتی وەك ئەوەی لەهەموو جیهاندا باوە، خوێندنەوەیان بۆ بكەین. 

پەیوەندی حزب بە دەوڵەتەوە، یان حكومەت وەك كۆمەڵگای سیاسی و پەیوەندییان بە كۆمەڵگای باشوورەوە وەك خەڵك و هاووڵاتی و كۆمەڵگای مەدەنی، دیوێكی تری ئاڵۆزییەكانی دیاردەی حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستاندا. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیەش، پێویستە لە سێ رەهەندەوە بۆی بڕوانین، ئەوانیش بریتین لە: یەكەم؛ حزبەكان لەناوەوەی خۆیاندا (حزب وەك هەیكەلێكی سیاسی و تەنزیمی)، دووەم؛ حزب لە پەیوەندیدا لەگەڵ كۆمەڵگا (حزبەكان و هاووڵاتی)، سێیەم؛ حزب لە پەیوەندیدا لەگەڵ دەوڵەت (حزبەكان و حكومەت و ئیدارەی هەرێم). بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئاڵۆزیی تێگەیشتن لە حزب كۆتایی نایەت، چونكە نابێت ئەو بارودۆخە كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ئیداری و كولتوورییەش لەبیر بكەین كە ئەم حزبانە تیایدا گەشەیان كردووە و تیایدا بەردەوامن لە ژیان و چالاكییەكانی خۆیان، هەروەك چۆن ناتوانین ئەو بارودۆخە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەش نادیدە بگرین كە جوگرافیای سیاسی ناوچەكە بەسەر هەرێمی كوردستانیدا سەپاندووە. 

لەڕووی مێژووییەوە، گەشەكردنی دیاردەی حزبایەتی لەناو كورددا، بەتایبەتیش لە باشووری كوردستان، هاوشان بووە لەگەڵ قۆناغی شۆڕش و بەرەنگاریی شاخ و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ نەیارەكانیدا، بۆیە لە بنەڕەتدا، گەشەكردنی حزبی كوردی لەم بەشەدا، پەیوەندی بە شارەكانەوە نییە و لە دۆخێكی سیاسی سەقامگیر و لەسایەی دەوڵەت و دامەزراوە و كۆمەڵگای مەدەنییەوە نەهاتووەتە ئاراوە. حزبی كوردی لە شارەكاندا بە نهێنی كاری كردووە و لە شاخیش چەكدار بووە، بۆیە لە ستراكتۆر و پێكهاتەی ئەو حزبانەدا، بەتایبەت ئەوانەی دوای راپەرین دابەزینە ناو شارەكان و دەسەڵاتیان گرتە دەست، هەمیشە گرفتی دامەزراوەیی هەیە و ناتوانن لە هەیكەلی سیاسی نهێنی و چەكدارییەوە بگۆڕدرێن بۆ دامەزراوەی سیاسی خاوەن دامودەزگا و دەستوور و پێڕەوی روون لە پەیوەندییاندا لەگەڵ دەوڵەت و كۆمەڵگا و تەنانەت لە پەیوەندیدا لەنێوان خۆیان. 

لە باشووری كوردستان، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دوای راپەڕین، دابەشبوونی شارەكان لەڕووی ئیداری و سیاسییەوە، كۆمەڵگا و حكومەتی دووچاری لێكترازان و لەرزۆكی كرد، سەرجەم دیاردەی حزبایەتی و دەسەڵات كەوتنە ژێر كاریگەریی ئەم رووداوانەوە و بۆ ساڵانێكی درێژ بە ئێستاشەوە، شوێنپەنجەی ئەو رووداوانە بەسەر هەرێمەوە دیارە. ئەم بونیادە مێژووییە زیاتر لە چارەكە سەدەیەك دەبێت بەرۆكی سیاسەت و كۆمەڵگای باشووری گرتووە، حزبەكان ئاكتەر و داینەمۆی ئەو قۆناغە بوون بە ئێستاشەوە. ناونیشانی ئەم پرۆسەیەش ئەگەر ناچاربین ناوێكی بۆ بدۆزینەوە، بریتییە لە پرۆسەی كەڵەكەكردنی دەسەڵات، تیایدا حزبەكان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مانەوە و هێزی خۆیان بكەن، دەبێت خاوەنی دەسەڵات و سامان بن. 

پرۆسەی كەڵەكەكردنی دەسەڵات لە ژیانی حزبایەتی و سیاسی هەرێمی كوردستاندا كۆتایی نەهاتووە، كەچی پرۆسەیەكی تری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئێستا حزبەكان بەگشتی لەبەردەم گواستنەوە و وەرچەرخان و سەختییەكی تردا وەستاون كە چاوەڕوان دەكرێت سەرجەم ژیانی سیاسی و ئیداری و دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا پێی كاریگەر ببن، ئەویش بریتییە لە پرۆسەی وەرچەرخانی نەوەكان Generational Shift  لە سەركردایەتی سیاسی حزبەكاندا، بەتایبەتیش حزبە كاریگەر و دەسەڵاتدارەكان. 

وەك ئاشكرایە، سیستەم و هەیكەلی تەنزیمی حزبەكانی باشوور، خاوەن مۆدێلێكی كاریزمییە، سەركردەی حزب خاوەن پێگە و دەسەڵاتێكی كاریزمییە و لە هیچ قۆناغ و سەردەمێكدا ئەندامان و سەركردایەتی حزبەكان گومانیان لە پێگە و شەرعیەتی سەركردەكانی خۆیان نەبووە. ئەمەش وایكردووە سەرۆك و رابەری حزب بە درێژایی تەمەنی لە پۆستەكەی خۆیدا بمێنێتەوە، بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەش هەڵگری تایبەتمەندی و خەسڵەتی مێژوویین و لە شاخ و شاردا وەك سەركردە و رابەری نەتەوەیی چاویان لێكراوە. بەڵام فاكتەری تەمەن، هەڵكشانی تەمەن و پیربوون و مردن، وەك هێزێكی سەروو توانای مرۆڤەكان دواجار حوكمی خۆی دەكات و گۆڕانكاریی تەنانەت ئەگەر بچووكیش بێت، وەك پرۆسەیەكی حەتمی دەهێڵێتەوە. 

پێگەی مێژوویی سەركردەی ئەو حزبانە، بارودۆخی دروستبوون و بەهێزبوونی حزبەكان، پەیوەندیی حزبەكان لەنێوان خۆیاندا و لەگەڵ كۆمەڵگا و دەسەڵاتدا، سروشتی كاریزمایی سەركردەكان و ئەو پرۆسە مێژووییەی كە حزبی وەك ئاكتەرێكی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستاندا هێشتووەتەوە، وا دەكات گواستنەوەی نەوە لە سەركردایەتی ئەو حزبانەدا پرۆسەیەكی ناوخۆیی و روو لە ناوخۆی حزبەكان بێت و لە بازنەیەكی بچوكدا رووبدات و هیچ پەیوەندییەكی بە هێنانە پێشەوە و دروستبوون و دەركەوتنی سەركردەی گەنج و نەوەیەكی تازەی سیاسییەوە نەبێت كە كۆمەڵگا متمانەی پێ دەبەخشێت، وەك ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپادا روودەدات. 

گواستنەوەی نەوە، لە سەركردایەتی حزبەكانی كوردستاندا، لە سیاسەتی باشووری كوردستاندا پرۆسەیەكی ناوەكی و بنەماڵەییە و بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵاتی باوك وەك سەركردە و كاریزمای مێژوویی ئەو حزبە بۆ كوڕەكانی وەك جێنشین و درێژەپێدەر و پارێزەری میراتی سیاسی و حزبایەتی باوكیان. ئەم پرۆسەیەش هەروا بە ئاسانی شكڵ و شێوەی نەگرتووە و پەیوەندی بە بونیادی مێژوویی و سیاسی و كولتووریی كوردستانەوە هەیە و بەشێكە لەو پرۆسەیەی كە حزبەكان لە بازنەی كەڵەكەكردن و هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی خۆیاندا هەوڵی بۆ دەدەن، لەبەرامبەر ئەوانیشدا هیچ پرۆسەیەكی دژ یان جیاواز لەوەی كە روودەدات نییە، یان هێزی وەستانەوەی نییە.
 
ئەوەی ئێستا لە چوارچێوەی گواستنەوەی نەوەكاندا روودەدات لەنێوان باوك و كوڕەكانیان، سەركردەكانی دوێنێ و سەركردەكانی ئەمڕۆ، پرۆسەیەكی سروشتییە لەو كۆمەڵگایانەدا كە دۆخی كۆمەڵایەتی و كولتوورییان لە ئێمە دەچێت، بەگشتیش هیچ دژایەتی و ناكۆكییەك لەگەڵ خواست و سەلیقەی كۆمەڵگاكە دروست ناكات، ئەوەندە نەبێت خەڵك ئاستی پشتگیرییان یان خۆشەویستییان یاخود چاوەڕوانییەكانیان بۆ سەركردە تازەكان جیاوازە و تێكەڵەیەكە لە هیوا و چاوەڕوانی، ناڕەزاییەكی لاواز، ئومێد و نیگەرانی. 

ئەوەی دەمێنێتەوە، خودی پرۆسەكە بە گشتی كاریگەری بۆ سەر ژیانی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان دەبێت، سەركردە تازەكان، جێگرەوەی باوكەكان، پێویستیان بە كاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی كۆدەكانی یەكتر بخوێننەوە و لە یەكتری تێبگەن، چونكە ئەوان هەر بە تەنها دەسەڵاتیان بۆ بە میرات نەماوەتەوە، بەڵكو ناكۆكی و ناتەبایی دەیان ساڵەی باوكەكانیشیان لەگەڵ دەسەڵاتەكەدا وەرگرتووە و بەرپرسیارن لە ئیدارەدان و پێشخستنی ئەوەی تا ئێستا هەیە. سیاسەت و دیاردەی حزبایەتی لە باشووری كوردستان تەواو دەكەوێتە ژێر ئەو كاریگەرییەوە‌، خەڵكیش بەشێكیان بە ئومێدەوە و بەشێكیان بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەوەی كە روودەدات. بەڵام هیچیەك لەمانە ناتوانن ئەو راستییە رەتبكەنەوە كە ناونیشانی دیاردەی حزبایەتی لە ئێستای باشووری كوردستاندا بریتییە لە گواستنەوەی نەوەكان ( Generational Shift).