عێراق؛ پەڕینەوە بەرەو دۆزەخ!
با راستەوخۆ و بێ خولانەوە بە دەوری راگرتنی کۆمەڵێک هاوسەنگی پەیوەندیەکانی هێزدا، بڕۆینە نێو بابەتەکەوە و لەو بەڵگەنەویستەوە دەستپێبکەین، کە رۆژ لە دوای رۆژ عێراق، هەموو عێراق، بەرەو نووسینەوەی چەندین حیکایەتی تراژیدی گەورە دەچێت و گەر ئەو دەستەبژێرانەی لە دەسەڵاتدان، بە هەموو دەسەڵاتەکانەوە بەبێ جیاوازی، وشیار نەبنەوە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکانە و چەندین ستراتیژیەتی جیاوازی بابەتی بۆ مامەڵەکردنی ئەرێنی لەگەڵیاندا دانەنێن، بەدڵنیاییەوە تەواوی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەبەردەم داهاتوویەکی یەکجار ترسناکدا دەبێت.
جیاوازی ئەم مەترسیە لەوەدایە، کە لەنێو قووڵاییەکانی خودی عێراق و عێراقییەکاندایە و پەیوەندی بە بەرژەوەندی زلهێزێکی هەرێمایەتی، یان جیهانیەوە نییە. گەر لە رابردوودا عێراق هەمیشە لەژێر مەترسی دەرەکیدا بووبێت، ئەو مەترسیەی کە لەم بابەتەدا رووناکی دەخەینە سەر، لەنێو خۆی عێراقدایە. ئەم ئەژدیهایە چیتر لە دەرەوە پەلاماری عێراق نادات، بەڵکو لەنێو هەر ماڵێکی عێراقیدایە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لێرەوە و بۆئەوەی خوێنەری ئەم بابەتە بتوانێت وردتر لەو مەترسیە تێبگات و وشیارتربێت بەرامبەر دەرەنجامەکانی، من لە پانزە خاڵدا چڕیدەکەمەوە. ئەم پانزە خاڵە بەهیچ شێوەیەک باس لە شرۆڤە و سیناریۆ و تێز و گریمانە ناکەن، بەپێچەوانەوە، هەر پانزە خاڵەکە تەنها لەسەر ژمارە و ستاتیسیکی بێ گیان و وشک و رووت و قووت رادەوەستن، کە بۆنی پەڕینەوە بەرەو مردنێکی تراژیدییان لێدێت.
1. بەپێی داتاکانی وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆی 40 ملیۆن عێراقی، %68 تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە. ئەمەش وادەکات کە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکێک بێت لە هەرە گەنجترین وڵاتەکانی جیهان. تا ئێرە ژمارەکان دەکرێت جۆرێک لە گەشبینینمان لادروستبکەن. بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە بەلای کەمەوە لە 2013 وە تا ئێستا، واتە لە دە ساڵی رابردوودا، رێژەی بێکاری لای ئەم %68 بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هەرگیز لە %40 دانەبەزیوە. واتە رێژەی بێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دۆخێکی راگوزەر نییە، بەڵکو سرووشتێکی سیستمی هەیەو بووە بە ستراکتۆر! دەستەبژێرەکانی دەسەڵات پێویستە زۆر بە جیدی لەگەڵ ئەم %40 ـەدا مامەڵە بکەن، گەرنا دەبن بە هەڕەشەیەکی یەکجار گەورە بۆ سەر پرسی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە وڵاتدا. هەمیشە گەلێکی بێکار، گەلێکە لە چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەدا.
2. بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ژمارەی ملیاردێرەکان لە ئێستای عێراقدا، زیاترن لە کۆی ملیاردێرەکانی هەموو ئەم وڵاتانە پێکەوە: هۆڵەندا، دانیمارک، پورتوگال، رۆمانیا، هەنگاریا، نێجیریا، ئیمارات، کوێت و لوبنان. عێراق بەتەنها خاوەنی 36 ملیاردێر و 16 هەزار ملیۆنێرە. ئەم چینە لە سەری سەرەوەی کۆمەڵگا دانیشتوە و خاوەنی قوتابخانە و مەلەوانگا و سەیرانگا و یاریگا و سینەما و شانۆ و تیپی مۆسیقای تایبەت بەخۆیە و لە دابڕانێکی قوڵ و فراوان و گەورەدایە لەگەڵ خوارەوەی کۆمەڵگادا، کە زۆرینەی رەهای جەماوەر پێکدەهێنن.
3. لەبەرامبەر ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی سەرەوەدا و بەپێی داتاکانی خودی حکومەتی عێراقی، رێژەی هەژاری لە نەینەوا گەیشتووەتە %34,50، لە زیقار %40,90، لە میسان %42,30، لە دیوانیە %44,10 و لە موسەنا %52,50 و لە کۆی عێراقیش 25%. لە کاتێکدا عێراق دووەم وڵاتی نەوتیە لە جیهاندا و زیاتر لە 120 ملیار دۆلار لە خەزێنەی عێراقدا هەیە.
4. هەر لەنێو هەلومەرجێکی وادایە کە دۆخی ژنان، رێک وەک کاتیگۆریە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، زیاتر لە دۆزەخێکی گەورەی تاودراوەوە نزیکە و بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی جیهان، تەنها ژنانی یەمەن دۆخیان لە ژنانی عێراق خراپترە و بەس. لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، رێژەی ئەو ژنانەی کە هیچ شانسێکی کارکردنیان نییە گەیشتوەتە 87%! تەنیا بۆ بەراوردکردن، لە وڵاتێکی وەک فەرەنسادا رێژەی ژنانی خاوەنکار لە 2022 دا گەیشتوەتە %70,7.
5. زیاتر لە ژنان و گەنجان، هەلومەرجی منداڵانی عێراق، بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ دۆخێکدا، ناکرێت وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە، قبوڵبکرێت. لەم وڵاتەدا سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار منداڵ کە لە تەمەنی ئەوەدان بڕۆن بۆ قوتابخانە، لەبەر چەندین هۆکار ئەم شانسەیان پێنادرێ و مەحرومن لە خوێندن.
6. کاتێک ئەم دۆخە وردتر دەکەینەوە، تراژیدیەکە روونتر دەبینین. بۆنموونە لەو پارێزگایانەی کە دەکرێت بە رووبەری پاش ململانێ (Post-conflict) ناویانبەرین، وەک دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا %90 منداڵان قوتابخانەکان بە یەکجاری بەجێدەهێلن و واز لە خوێندن دێنن. واتە لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئێمە دەبین بە خاوەنی جەماوەرێکی تەواو نەخوێنەوار لەم پارێزگایانەدا.
7. بەڵام لە راستیدا دۆخی منداڵان لە تەواوی عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە کارەساتاویە و بەپێی داتاکانی UNICEF کە لەسەر منداڵانی عێراق کراون، لە هەلومەرجی عێراقی پۆست سەدام حوسەیندا، منداڵانی عێراق هەرگیز ناتوانن زیاتر لە 40% تواناکانیان بەکاربێنن. واتە هەمیشە %60 تواناکانیان لەدەستداوە و لەم بوارەشدا تەنها یەمەن لە پاش عێراقەوەیە! بە راستی چ داهاتویەک چاوەڕوانی منداڵانی ئەم نیشتمانە دەکات.
8. دەرەنجامەکانی ئەم هەلومەرجە هەر لە ئێستاوە دەرکەوتوون، چونکە بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2000دا، 74%ی ئەوعێراقیانەی کە لە سەرووی هەژدە ساڵیەوە بوون خوێنەواربوون. بەڵام لە 2018 دا %50ی هەمان ئەم عێراقیانە نەخوێنەوارن.
9. ئەم دابەزینە بۆ قوڵاییەکانی دۆزەخ لە هەموو رووبەرەکاندا بەردەوامە. لە 2005 دا، %62 لە عێراقیەکان پێیانوابوو کە وڵاتەکەیان بەرەو داهاتویەکی گەشتر هەنگاو دەنێت. بەڵام ئێستا %82 ی عێراقییەکان پێیانوایە کە وڵاتەکەیان بەرەو داهاتویەکی نادیار و خراپ هەنگاودەنێت!
10. لە 2012دا، %59ی شیعەکان پێیانوابوو کە حکومەتەکەیان دەتوانێت دەستێوەردانبکات بۆئەوەی ژیانێکی باشتریان بۆدابینبکات و قەیرانەکانیان بگۆڕێت بە دەرفەت. بەڵام ئێستا %65ی شیعەکان هیچ جۆرە متمانەیەکیان بە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان نەماوە و پێیانوایە چیتر هیچ مەهدیەک نایەت رزگاریان بکات.
11. پاش تەواوبوونی جەنگی داعش، گەشبینیەکی گەورە لای سووننە دروستبووبوو بەوەی کە چیتر بەغداد بەتەنها جێیان ناهێڵێت. لێرەوە %70ی سوننەکان پێیانوابوو کە حکومەتی فیدراڵی دێت و ژیانێکی جوانتریان بۆ دابیندەکات. بەڵام ئەمڕۆ ئەم رێژەیە لە دابەزینێکی یەکجار بەرچاودایە و لە باشترین دۆخدا تەنها %50 پێیان وایە کە دەکرێت چاوەڕوانیی ئەوەبن حکومەت هەلومەرجیان بگۆڕێت.
12. لە راستیدا ئەم دۆخە هەمیشە وانەبووە، بەڵکو لەنێو هەلومەرجێکی درێژخایەندا ئەم گۆڕانکاریە تراژیدیەی بەسەردا هاتووەو عێراقییەکان متمانەیان بە هەموو شتێک لەدەستداوە. بۆنموونە لە 2004 دا %80ی عێراقییەکان متمانەی تەواویان بە دەزگا ئاینیەکان هەبووە، بەڵام لە 2022 دا ئەم رێژەیە دادەبەزێت بۆ %40.! و ئەمەش گۆڕانێکی تەواو تراژیدیە.
13. رەنگە یەکەم هەنگاویش کە لەسەر ئاستی عێراق دەبێت بە خێرایی و بەگەورەیی بنرێت، بریتیبێت لە راگەیاندنی جەنگێکی سەرتاسەری دژ بە گەندەڵی، چونکە %95ی عێراقییەکان پێیان وایە کە ساڵ لەدوای ساڵ گەندەڵی زیاددەکات و هیچ کەس و دەزگا و دەسەڵاتێک ناتوانێت رایبگرێت.
14. تەنها بۆبیرهێنانەوە، لە 2003ەوە تا 2023، هەمیشە عێراق لە ریزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندابووە و تاوەکو ئێستاش هەر لەو چوارچێوەدایە، رێک وەک سۆمال و سووریا و یەمەن و کۆریای باکوور و لیبیا و هایتی و چاد. رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە ئیدی عێراقییەکان بیرێک لە کیبریائی خۆیان بکەنەوەو تێبگەن لەوەی کە چیتر چەقی جیهان نین، بەپێچەوانەوە جیهان لەپەنای نیکاراگوا و ئێریتریادا ناویان دەبات!
15. دیسانەوە تەنها بۆ بیرهێنانەوە: لە 2003دا عێراقییەکان تەنها24 ملیۆن هاووڵاتی بوون، لە 2023 دا بوون بە 42 ملیۆن و لە 2050 دا دەبن بە 80 ملیۆن!
16. بەپێی هەموو پێشبینیەکان لە 2050 دا نەوت ئەو بەهایەی ئێستای نامێنێ و کاتێک دەگەین بە هەمان ساڵیش عێراق %47 خاکی بەپیتی خۆی لەدەستداوە. واتە چیتر عێراق نە نەوتی وەک پێویست دەمێنێت نە خاکی کشتوکاڵی بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ئەو 80 ملیۆن هاووڵاتیە. لە دۆخێکی ئاوادا عێراق رووبەڕووی دوو دیاردەی یەکجار گەورە و ترسناک دەبێتەوە : یەکەمیان بریتیە لە برسێتی و دووهەمیشیان بریتیە لە کۆچی چەند ملیۆنی، چ بۆ ناخۆی وڵات (لە باشوورەوە بۆ کوردستان) چ بۆ دەرەوەی وڵات (لە عێراقەوە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیکە).
بە راستی نازانم عێراقییەکان وشیارن بەوەی کە چ کارەساتێک چاوەڕوانیان دەکات؟ وشیارن بەوەی کە چۆن سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پەڕینەوە بەرەو دۆزەخ؟
تێبینی : سەرچاوەی ئەم داتایانە بریتین لە CFRI, UNICEF, FMI, Gouv Iraq, IIACSS