گرێبەستە نەوتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان
بەرایی
کەمبوونەوەی جیاوازییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەماوەی 15 مانگی رابردوودا، نەبووەتە هۆی رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان. سەرەڕای زیانمەندبوونی هەمووان لە بەردەوامیدان بە هێشتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە بە داخراوی، ئێستاش نازانرێت کەی نەوت لەو بۆرییەوە هەناردە دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لەدوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵیی بەغدا – هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەبینراوە، ئەوەش بەهۆی پێداگریی بەغدا بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بەوشێوەیەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، هەروەها داواکاریی کۆمپانیاکان بۆ پاراستنی مافەکانیان وەک ئەوەی لەنێو گرێبەستەکانیاندا هاتووە، بەتایبەتیش خاڵەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکانیانەوە.
لە راستیدا، بەپێی نێوەڕۆکی گرێبەستە نەوتییەکان و راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بێت، دوو جیاوازیی گەورە لەنێوان کۆمپانیاکان و بەغدا هەن، کە بەم شێوازە دانوستاندنەی ئێستا ناگەنە ئەنجام. ئەویش تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و شێوازی وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراوە لەم کەرتە و قازانجەکانیان.
لە جیهاندا، عێراق لە دوای وڵاتی سعودیەوە دووەم هەرزانترین بەرمیلی نەوت بەرهەمدەهێنێت و دەفرۆشێت، کە بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنانی 2.16 دۆلارە، بەڵام کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان، تاوەکو بەبازاڕکردنی یەک بەرمیل نەوت لە عێراق دەگاتە 10.57 دۆلار.
هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە وڵاتێکەوە یاخود لە جۆری کێڵگەی نەوتی و مۆدیلی بەڕێوەبردنیشەوە دەگۆڕێت، بۆ نموونە تێچووی بەرمیلێک نەوت لە ئەمریکا 24 دۆلار و لە نەروێژ 21 دۆلارە، بەڵام لە نایجیریا بەهۆی شێوازی گرێبەستەکانیانەوە لەم دواییەدا گەشتووەتە 48 دۆلار، لەکاتێکدا پێشووتر تەنیا 28.9 دۆلار بووە.
لەم راپۆرتەدا بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSC لە هەرێمی کوردستان و راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکان، هەڵوەستە لەسەر جیاوازییەکانی بەغدا و کۆمپانیاکان لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و سیناریۆی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان دەکەین، کە وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کردووە.
گرێبەستە نەوتییەکان و شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOC)
بەپێی گرێبەستە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان نەک گەرەنتی پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی داوە، بگرە میکانیزمی بەپێی تەمەنی گرێبەستەکان بۆ قۆناخە جیاوازەکانی وەبەرهێنان و کەوتنەکاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان ل ەهەر چوار قۆناخی گەڕان، دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان دیاریکردووە.
بەپێی گرێبەستەکان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەر سێ شایستەی دارایی، تێچووی بەرهەمهێنان، وەرگرتنەوەی پارەی بەرهەمهێنراو و قازانجەکانیان لەرێگەی سێ سیناریۆوە تاوەکو تەمەنی گرێبەستەکە دەستنیشانکردووە، کە لەم راپۆرتەدا بەڕەچاوکردنی مۆدیلی گشتی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان (PSC) و، گرێبەستی کێڵگەی نەوتی سەرتا، کێڵگەی نەوتی ئەترووش و کێڵگەی نەوتی هەولێر هاوبەشییەک یان مۆدیلێک بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن پەرەپێدراوە و، خۆی لە سێ سیناریۆدا دەبینێتەوە، کە لە گرێبەستەکاندا پێیدەگوترێت فاکتەری ئاڕ (R factor) ئەمیش لە رێگەی دابەشکردنی کۆی داهات بەسەر کۆی خەرجییەکانەوە دەکرێت.
سیناریۆی یەکەم: بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSC و گرێبەستەکانی کێڵگەی نەوتی سەرتا، ئەترووش و هەولێر، کاتێک خەرجییەکان زیاترە لە داهاتەکان، ئەوا کۆمپانیاکە رێژەی 32%ـی داهاتی نەوت لەدوای لێدەرکردنی رێژەی 10%ـی پشکی میری (Royality) هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو دەبات. لە راستیدا ئەم بڕە تێچووی بەرهەمهێنان، پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیش دەگرێتەوە، کە زۆربەی لە جۆری یەکەمە.
سیناریۆی دووەم: کاتێک داهاتی بەدەستهاتوو دەگاتە دووهێندە و چارەگی خەرجییەکان، ئەو کاتە کۆمپانیاکە بە هاوکێشەیەک لەنێوان رێژەی کەمتر لە 32% و زیاتر لە 14% لە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو دەبات. بەهەمان شێوەی سیناریۆی یەکەم، دەتوانێن بڵێین لەم قۆناخەدا تێچووی بەرهەمهێنان و پارەی وەبەرهێنراو دەگرێتەوە.
سیناریۆی سێیەم: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەدوای زیادبوونی داهات لە خەرجییەکان، بەشێوەیەک کە داهاتەکان سەروو دووهێندە و چارەگی خەرجییەکان بێت، ئەوا کۆمپانیاکە رێژەی 14% وەردەگرێت بۆ تێچووی بەرهەمهێنان، پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیان، کە دەتوانین بڵێین لەم قۆناخەدا زیاتر تێچووی بەرهەمهێنان و قازانج وەردەگرێتەوە.
وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، لە دوو سیناریۆدا پارەی بەدەستهاتوو لە بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان وەک شایستەی دارایی خراوەتەڕوو.
بۆ نموونە، ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بێت، یان نرخی سۆمۆ و برێنت بێت، ئەوا زۆرترین شایستەی دارایی کە لەسەرەتاوە بۆ کۆمپانیاکان دەچێت بەپێی گرێبەستەکانیان، دەگاتە 28.8 دۆلار و کەمترینیش دەگاتە 10.33 دۆلار، واتە سەروو دووهێندە و نیوی ئەو بڕەی بەغدا پێشنیازی کردووە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکان ئێستا زۆربەی کۆمپانیاکان کە لەم کەرتەی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، هێشتا لە سیناریۆی یەکەمدان نەک دووەم و سێیەم، بەهۆی قۆناخی سەختی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە دەیەی رابردووشدا قەرزیان کەوتووەتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان.
خشتەی 1: شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (تێچووی بەرهەمهێنان، خەرجی وەبەرهێنان و قازانجەکانیان) بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە سەرەتای وەبەرهێنان تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
تێبینییەکان:
1 - وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراوی کۆمپانیاکان هێشتا نەگەیشتووەتە سیناریۆی سێیەم، چونکە تاوەکو پێش گرتنەوەی قوفڵی هەناردەکردنی نەوت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نەوت وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکان بەردەوام بوون، واتە هێشتا خەرجیی وەبەرهێنان هەبووە و بەردەوام بووە.
2 - نرخی ئێستای نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی (برێنت)، هەربۆیە لەدوای مانگی ئادار 2023ـوە کاتێک کۆمپانیاکان دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کرد، لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەت میکانیزمێکی نوێ بۆ نەوتی بەرهەمهێنراو و فرۆشتنەوەی بە بازاڕی نێوخۆ پەیڕەوکرا، کە کۆمپانیاکان راستەوخۆ پارەی نەوتی فرۆشراو بە رێژەی جیاواز وەردەگرن.
3- ئەم رێژانە لەسەر بنەمای گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان و هەر سێ گرێبەستی کێڵگەی نەوتی سەرتا، ئەترووش و هەولێر لە هەرێمی کوردستان دانراون، کە بەرزترین رێژەی بۆ شایستەی کۆمپانیاکان لەسەرەتاوە بە 32% و نزمترین رێژەشی بۆ شایستەی کۆمپانیاکان بە 14% داناوە.
پێشنیازەکەی بەغدا و تێچووی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
دوای ساڵێک و سێ مانگ و دانوستاندنی دوو قۆڵی و سێقۆڵیش، هێشتا بەغدا پێشنیازەکەی یەکەمجاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان دووپاتدەکاتەوە، کە 16.8 هەزار دینارە بۆ کۆمپانیاکان وەک تێچووی بەرهەمهێنان، خەرجی وەبەرهێنان و قازانجەکانیان وەکو ئەوەی لە بودجەی 2023 و خشتەکانی پەسەندکراوەکانی بودجەی 2024دا هاتووە، بەڵام ئەمە بەتەنیا نزیکە لە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان.
لەڕاستیدا بنەمای سەرەکی پێشنیازەکەی بەغدا کە لە بودجەی ساڵانەدا بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەهەمان شێوەی کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقە، کە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بگاتە 11 بۆ 12 دۆلار وەک چۆن لە نێوەڕاست و باشووری عێراق 10.57 دۆلارە.
تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، لە جۆرێکی گرێبەستەوە بۆ جۆرێکی دیکەیان و تەنانەت لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکەش زۆر دەگۆڕدرێت، بۆ نموونە لە بەرازیل تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 9.45 دۆلارە، بەڵام بە تێچووی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان و گواستنەوە، باج و هتد دەگاتە 34.99 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەکاتێکدا لە عێراق تێچووی بەتەنیا بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 2.16 دۆلارە و لە سعودیە تێچووی بەرهەمهێنانی 3 دۆلارە، بەڵام لە عێراق کۆی تێچووەکە دەگاتە 10.57 دۆلار، لەکاتێکدا لە سعودیە دەگاتە 8.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە کەمترین تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتە لە جیهاندا.
هەروەها ئەم جیاوازییە لەنێو عێراقدا و لەو کێڵگانەی کە وەزارەتی نەوت بەڕێوەیان دەبات، تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت جیاوازە و بگرە دەگاتە پێنچ هێندەی ئەو نرخەی بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دانراوە، کە دیارترین نموونەش تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی گەیارە بوو، لە ماوەکانی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی بەرزیی خەرجییەکەوە کە سەرووی 30 دۆلار بوو، راگرت.
بەپێی داتاکانی کێڵگەی نەوتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنان یان تێچووی ئۆپەرەیشنی کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت 10.7 دۆلارە، ئەمە بەتەنیا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتە نەوەک کۆی پرۆسەکە وەک خەرجی وەبەرهێنراو و گواستنەوە و بەبازاڕکردن. هەربۆیەش ئەم جیاوازییە گەورەیە وادەکات جگە لە تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان، داوای پاراستنی میکانیزمی وەرگرتنەوەی پارەی وەبەرهێنراو و قازانجەکانیان لەم گرێبەستانەدا بکەن، ئەوەش سەرەڕای قەرزە کەڵەکەبووەکانیان.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای فۆرزە پێش ئەو رۆژانەی قوفڵی بۆرییەکە دابخرێت، لە ساڵی 2022ـدا بەتێکڕا رۆژانە 9 هەزار و 450 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و بەتێکڕای هەر بەرمیلەی بەنرخی 78.39 دۆلار فرۆشتووە، کە 10.73 دۆلار بەتەنیا تێچووی ئۆپەرەیشنی کێڵگە نەوتییەکە و بەرهەمهێنانی بووە.
بەگشتیش ئەگەر تەماشا بکەین؛ کۆی خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت لە 2023ـدا کە لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە 12.9 تریلیۆن دینار بووە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە لەو ساڵەدا ئاماژە بە بەرهەمهێنانی 1.66 ملیار بەرمیل و هەناردەکردنی 1.23 ملیار بەرمیل نەوت دەکات، ئەگەر لێکدانەوەیەکی گشتی ئەو پارەیەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ وەزارەتی نەوت لەو ساڵەدا خەرجکراوە، بکەین، ئەوا دەریدەخات تێچووی بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەرووی ئەو بڕەی بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان دانراوە.
خشتەی 2: داهات و خەرجییەکانی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەی نەوتی هەولێر بۆ 2022 کە لەلایەن کۆمپانیای فۆرزەوە بەڕێوەدەچێت
تێبینییەکان:
1 - ئەم دابەشکارییەی پارەی گواستنەوەی نەوت و شایستەی کۆمپانیاکان وەک خەرجیی سەرمایە و قازانج خەمڵێنراوە، تەنیا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو، نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراو و تێچووی بەرمیلێک نەوت لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
2: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕی کۆتایی قازانجی کۆمپانیاکان بەپێی گرێبەستەکان جارێکی دیکە بەڕێژەی جیاواز تاوەکو 20% قازانجەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.
کۆتایی
ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بە(IOC)ـیەکان ناسراون، نەوت بەنێوخۆ دەفرۆشن، ئەمەش زیانی بۆ هەموولایەک هەیە، بەڵام کۆمپانیاکان دەتوانن درێژە بەم دۆخەی ئێستا بدەن، چونکە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو بڕەی لە فرۆشتنی ناوخۆوە و راستەوخۆ پارەکەیان بە کاش وەردەگرن، زۆرزیاترە و بگرە سەروو دوو هێندەی ئەوەدەبێت کەوا لە بەغدادەوە پێشنیاز کراوە.
ئەگەر بەغدا بیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان هەناردە بکاتەوە، دەبێت رێگەچارەی هاوبەش و بنەڕەتی بۆ هەر یەکێک لەم ئاڵنگارییانەی خوارەوە بدۆزێتەوە بە رێککەوتن لەگەڵ هەولێر:
- تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە لەنێوەڕاست و باشووری عێراق.
- چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ مۆدیلی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنانی نەوت بدۆزێتەوە، کە کۆمپانیاکان بچنە ژێربارییەوە.
- دۆزینەوەی رێگەچارەیەک لەگەڵ هەولێر بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ساڵانێک کاریان کردووە و بەهۆی خراپی رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نەتوانراوە شایستە دارییەکانیان وەربگرن.
- چارەسەرکردنی پرسی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بەتایبەتیش بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس لەبارەی پێدانی 1.4 ملیار دۆلار لەلایەن ئەنکەرەوە بە بەغدا.