ئەرێ چەکی قورستان پێیە؟
باسێک هەیە هەم نوکتەیەو هەم باسی کەسێکی بێ ئاگا دەکات، دەگێڕنەوە کەسێک دانراوە لە بازگەیەک بۆ پشکنینی خەڵك بۆ ئەوەی بزانێت ئایا چەکیان پێیە یان نا؟ جارێک بەڕێکەوت تانکێک هاتووە ئەویش سەری بردووەتە ژورەوە پێی وتوون خۆ چەکی قورستان پێ نییە؟
ئەم بەسەرهاتە ئەبەستمەوە بە هاتنی سەربازانی تورکیا بۆ عێراق و نیگەرانی عەبادی سەبارەت بە هاتنیان، ئەم پیاوەی بازگەکە و عەبادی وەک یەک دێنە بەرچاوم بەقەد یەک ئاگایان لە دنیا هەیە، لەشکرێکی گەورەی تورکیا هاتووەو سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەوەی پێیکراوە تا ئەم چرکەیە دەربڕینی نیگەرانییەکەو داواکارییەکیشە زۆر بە فەقیرانە کە دەڵیت "بگەڕێنەوە تورکیا و سەروەری عێراق پێشێل مەکەن".
بەڵام یەک پرسیاری لەیاد کردووە کە بیکات لەو هێزەی تورکیا ئەویش دەبوو بپرسێت خۆ ئێوە هەر هاتوون بەس پێم بڵێن چەکی قورستان پێیە؟!
کامە سەروەری قوربان؟ عێراقێک موشەکی رووسی بە ئاسمانەکەیدا وەک چۆلەکە ئەبینرێن و مەردومی ئێرانی تیایا ئەکوژرێن و تورک و فارس و ئەمەریکی بەناویدا دێن و دەچن، کامەیە سەروەرییەکەی، پێموایە عێراق وەک چۆن لەڕیزی وڵاتانی گەندەڵ یەکەمەو وەک چۆن بەغدا لە خراپترین شارەکانی دنیایە بۆ ژیان، ئاوهاش کۆماری عێراق بێ سەروەریترین وڵاتی جیهانە.
هەموو کەس ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە سەرەوەری عێراق پێشێل بکات لە داعشەوە بیگرە کە تا ئێستاش چەند شارێکی لەدەستدایە تا رووسیای ئەوپەڕی دنیا و تورکیای هاوسێی و ئێران ئەوە هیچ کە ساحێب ماڵەو پێویست ناکات فەرمووی لێبکەیت.
هاتنی ئەمجارەی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق و بەتایبەت وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ تەنیا هاتنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەمە پەیامێکی دێرینە و وەبیرخستنەوەیەکی ترسناکە بۆ عێراق، تورکیا بەم هاتنەی بە عێراق دەڵێت "بەڵێ هێشتا ئێمە ویلایەتی موسڵ-مان لەیاد نەکردووەو مافمان هەیە لەسەری و تێیدا خاوەن ماڵین".
هێنانی هێز لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق پەیامێکە کە دەوڵەتی عوسمانی بەبیر دانیشتووانی موسڵ و عێراق دەهێنێتەوە.
بە بڕوای من ئەم هەموو حساب نەکردنە بۆ عێراق لەناوچەکەدا جگە لە ناونیشانی دەرکەوتنی سەرەتاکانی هەڵوەشانەوەی سایکس بیکۆ هیچی دیکە نییە، ئەم هەموو فەرامۆشکردنەی عێراق تازە ئیتر مانای ئەوەیە وڵاتانی ناوچەکە شتێک نابینن بەناوی سەروەری عێراق و ئەم هەموو پێشێلکردنەی سەروەری ئەم وڵاتەی کە لێوان لێوە لە شپرزەیی پێشاندانی لوتکەی لاوازی دەسەڵاتەکەیەتی.
ئەمریکا هێز دەنێرێت تۆ رازی نیت و گوێت بۆ ناگرێت، تورکیا ناردویەتی و نەتزانیوە، کەواتە هەموومان ساتێک بەبێدەنگی دەوەستین بۆ رۆحی سەروەری عێراق.