سەرۆك و هەڵبژاردن لە "زۆنی كوردستان"ـدا

ئەركی نیشتمانی، سیاسی و یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو چەند ساڵەی رابردووی ویلایەتی خۆیدا ئەوە بوو: 
 
لە ئاستی نێوخۆ، دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان بكاتە چەتری كۆكەرەوە و ماڵە باوان، بە یەك مەودا  هەموو حیزبەكان بوەستێ، سەرباری سیخناخیی كایەی سیاسیمان بە ناكۆكی، رق، بوغز و كۆنەقین، لە هەوڵی هێنانەدیی ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی کوردستان، كۆڵنەدات. ئەزموونە دیموكراتییەكەمان لە رێی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئیدارەی مەدەنییانەی ناكۆكییە سیاسییەكان، یەكتر قبوڵكردن و فرەیی و سەقامگیریی سیاسییەوە، پەرەپێبدات. هاوكات لە بەغداش بە دوای لێكتێگەیشتن و دامەزراندنەوەی هاوبەشی و دابینكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمانەوە بێت، لەسەر ئاستی ناوچەكەش بۆ سفركردنەوەی تەنگ و چەڵەمە و كێشەكانمان لەگەڵ دەروجیران، لە ئاستی جیهانی بۆ لەدەستنەچوونی دۆستانی دۆزەكەمان و پاراستنی نێوبانگی دیموكراتخوازانەی كوردستان، هەموو هەوڵ و تواناكانی بخاتەگەڕ.
 
هاوكات و لە بەرامبەردا، ئەركی حیزبەكانیش بوو لە بەجیهێنانی ئەم ئەركە نیشتمانییانەدا و بۆ بەرژەوەندیی كوردستان، ئاسانكار، دەستبار و هاوكاری سەرۆك و سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان بن. بسازێن، پەڕگیر و پێداگیر نەبن و لە ناوەڕاستی رێگەدا بۆ یەكدی داشكێنن و پێكبێن و ریككەون.
 
یەكێک لە ئەركەكانی سەرۆك، سەروكاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنە وەك ماف و بنەمای سەرەكیی حوكمڕانیی هەرێمی کوردستان، كە دوو ساڵ لەمەوبەر و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەكەیدا، بووە ئەجێندا و كاری لەپێشینەی، بەڵام نەك تەنها دیاریكردنی وادەكەی، بەڵكو زەمینەسازیی بۆ سەرخستنیشی. واتە چەندە ئەركی سەرۆك بوو كاربكات بۆ ئەوەی پرۆسەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و دوانەخرێت، ئەوەندە و زیاتریش ئەركی بوو كاربكات بۆ ئەوەی: 
 
- لە زەوینەیەكی لەبار و بە سازان و لێكتێگەیشتن و بەشداریی هەموو لایەنەكان و لە "زۆنی كوردستان" بەڕێوەبچێت و، پرۆسەیەكی واقیعی و سەركەوتوو بێت.
 
-  یاسا و رێسا و رێكار و میكانیزمی بەڕێوەچوونەكەی، یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵگەیی و پێكهاتەیی دابین بكەن و رەزامەندی گشتییان لەسەربێت. 
 
- پرۆسەكە خزمەت بەو ئامانجە نیشتمانییانە بكات كە لەپێناویدا بەڕێوەدەچێت، كە ئەوانیش: بەهێزكردنەوەی پێگەی كوردستان لەسەر هەموو ئاستەكان، دوورخستنەوەی تارمایی لێكترازان، قوڵكردنەوەی فەرهەنگی دیموكراتخوازی و بەخشینەوەی رەنگ و روویەكی گەش و پەسندكراو بەنێوبانگی هەرێمەكەمان، نوێكردنەوە و شەرعیەت بەبەرداكرنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەكانمان و دیزایینكرنەوەی دەسەڵات بە خواستی میللی.
 
- دڵنیابوون لەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەبن و لەجیاتی پتەوكردنی یەكپارچەیی و یەك ئیرادەیی و یەك ئیدارەیی خاكی هەرێمی کوردستان، نابنە مایەی لێكترازانی یەكجاری و قەیرانی سیاسی و گرفتی لە ئێستا گەورەتر. 
 
لە راستیدا هەر چاودێرێكی سیاسی و بەر لە هەمووانیش یەك بە یەكی حیزبەكانی كوردستان شاهیدی ئەوەن و، هەمووشیان بەر لەوەی بەم دواییە تای بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێكیان بگرێت، ئەو گەواهییەیان داوە كە هیچ كەس لەم كوردستانە هێندەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پەرۆشی ئەوە نەبوو هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێ و سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت. هیچ رێگەیكیش نەما بۆ ئەو مەبەستە نەیگرێتەبەر، زیاد لە دوو ساڵ هەوڵ و تەقەللاكانی بۆ زەوینەسازیی یاسایی، بۆ سازاندن و لێكنزیككردنەوەی حیزبەكان، بۆ دڵ رازیكردن و گەرەنتیی بەشداریی هەمووان، بۆ دابینكردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەكە، بۆ گونجاندنی رێسا و رێكارەكان و نزیككردنەوەیان لە عەدالەت و پەسەندیی هەمووان. بۆ ئەوەی پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە مافی خۆیان بدەن" و زۆر هەنگاو و هەوڵ و تەقەللای دیكەش پێشتر لەسەر ئاستی كوردستان و دواتر لەسەر ئاستی عێراقیش گەواهی ئەو پەرۆشییەن. بەڵام لە راستیدا ئەوەی بووە هۆكاری نەكردن و دواخستنی زیاد لە جارێكی وادەكە، حیزبەكان و پێكنەهاتن و نەسازان و  ناڕەزاییەكانیان بوو، ئینجا هەر جارە و یەكێكیان. مەعلومیشە كە بە بێ سازان و رەزامەندی و بەشداریی حیزبەكان و بەتایبەت سەرەكییەكان، دیاریكردنی هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردن یەكسان نییە بە هەڵبژاردێكی واقیعی و راستەقینە و سەركەوتوو كە كوردستان پێویستییەتی. دیسانیش هەموو چاودێرانی سیاسی و بەر لە هەمووانیش یەك بە یەكی حیزبەكان (ئەگەرچی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن ئێستا قسەیەكی جیاوازیان لێ دەخوازێ) ئەم راستییە باش دەزانن. 
 
خولاسەی كەلام؛ سەرۆك كاری خۆی بێ كەمتەرخەمی كرد، لەو زەرەر و زیانەش كە بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە بە هەرێمی کوردستان كەوتن، دوا كەس و دوا دەزگا لێیان بەرپرسیاربێت، سەرۆك و سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستانە. هەموو هەوڵەكانی ئێستاشی هەر بە هەمان شێوەی هەوڵەكانی دوو ساڵی رابردووی نە بۆ خاترگرتنی ئەو حیزبە و نە ئەم حیزب، بەڵكو تەنیا بۆ یەك ئامانجە كە ئەویش سازدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی بێ كەم و كاسییە بە بەشداریی هەمووان.
 
لە راستی دا پەیوەستبوونی كوردستان و پرسەكانی و حیزبە پێكناكۆكەكانی بە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان وەك مەكۆی كۆكەرەوە و ماڵی هەمووان، وەك ئەو مینبەرە تەباییخواز و میانڕۆیەی دەتوانێ هەمیشە گرژییەكان هێور بكاتەوە و كۆی هەوڵەكان بۆ خێری گەلەكەمان لێك گرێبداتەوە. وەك دامەزراوەی سەنگین و جێ ئیعتباری گەلەكەمان لە سەر ئاستەكانی عێراق و ناوچەكە و جیهان، وا دەخوازێ ئەم دامەزراوە نیشتمانییە كۆكەرەوەیە نەخەینە نێو پێكداهەڵپژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و تێكەڵی ناكۆكی و كێبركێی دەنگ كۆكردنەوەی حیزبەكانی نەكەین.