میوانی ئێلیزێ
سەرۆك ماكرۆن جارێكی دیكە لە كۆشكی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد كە ئەو بە "نێچیرڤانی ئازیز" ناوی دێنێت.
دیداری ئەم جارەی هەردوو سەرۆكی دۆست لە دۆخێكدایە ناوچەكە لە نێو شەڕ و مەترسیی تەشەنەكردنی و دابەشبوونی هەمووان بەسەر سەنگەربەندیی لایەنە بەشەڕهاتووەكاندایە. شەڕەكە بە ئەندازەیەك سێبەری بەسەر هەموو پرسەكاندا كێشاوە، مەعلوم نییە ئەو (روانگە چارەسەرییەی ماكرۆن بۆ كۆكردنەوەی عێراق و هاوسێیەكانی) هەیبوو و لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دا چەند ساڵێك بوو دەیانویست شەریك و پشتیوانی لەنێو عاقڵمەندانی عێراق و دەوروبەری دا بۆ ببیننەوە، هێشتا وەك پڕۆژەیەك ماوە و دەستی پێوەدەگیرێ یاخود شەڕ لەگەڵ خۆی پێچایەوە.
لە راستیدا ئەو پڕۆژەیە مابێت یان نا، دواخرابێت یان بە یەكجاری دەستی لێ شۆرابێت، تاكە پرسی هاوبەشی نێچیرڤان – ماكرۆن و فەرەنسا و كوردستان نییە. رایەڵەیەكی نەگۆڕ و جدییتری پەیوەندیی ئەو دوو سەرۆكە (جگە لە متمانە و سەرسامیی شەخسیی سەرۆك ماكرۆن بە دنیابینیی هێور و چارەسەرخوازانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی)، بریتییە لە پشتگیریی فەرەنسا لە گەلی كوردستان كە هەڵقوڵاوی فەلسەفەی سیاسیی و مۆراڵیی وڵاتەكە و لەسەر بنەمای گرەوێكی 30 ساڵەی فەرەنسییەكانە لەسەر گریمانەیەك كە پێیوایە كوردستانییان دیموكراسیخوازن و لێیان دەوەشێتەوە نموونەیەكی سەركەوتووی دیموكراسی و رێزگرتن لە مرۆڤ و پێكەوەژیان و ئازادی لە ناوچەیەكی نامۆ بەم بەهایانە سەربخەن، بایی هێندەش ئەزموون و هۆشیاری سیاسییان هەیە كە تێدەگەن چارەنووسیان پەیوەستە بە سەركەوتن لەو تاقیکردنەوەیە و سەلماندنی ئەوەی شایستەی گرەولەسەركردن و ئەهلی سەرخستنی ئەو نموونەیەن و پاشەكشەی لێ ناكەن.
رایەڵە و نەگۆڕێكی دیكەی روانگەی هاوبەشی ماكرۆن – نێچیرڤان دەربارەی چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە كە هێشتا قەیرانبارە و لەم دیدارەش دا تەوەری باس دەبێت. پاریس لە 2017ـەوە پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەو كێشانە بەرقەراربوونی كوردستانێكی بەهێزە لە عێراقێكی یەكگرتوودا كە لە یەك كات دا كۆتایی بە كێشەكانی كوردستان بهێنێت و هەروەهاش خزمەتی سەقامگیری سیاسی و بووژانەوەی عێراقیش بكات. لە تێڕوانینی هاوبەشی هەردوو سەرۆك دا ئەم ئامانجە بەوە دێتەدی كە كوردستان هەرێمێكی یەكگرتووی یەكدەنگ و بەغداش پایتەختێكی ئیرادەبەدەست و عێراقیش وڵاتێكی بەڕاستیی ئیتیحادی بێت كە بە تەواوی لە چەمكی فیدراڵیزم تێگەیشتبێ و پیادەی بكات.
باس و خواسێكی دیكەی دیداری لووتكەی ئێلیزێ، شەن و كەوی ئەو شەڕە وێرانكار و مەترسیدارەیە كە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئارادایە. دیدی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەم بارەیەوە روونە و سەرۆك ماكرۆنیش پێی ئاشنایە، لە دیدی سەرۆك نێچیرڤان دا شەڕ ئەو كوێرە رێگە و ئەو ئامرازە بێ كەڵكەیە كە جگە لە ماڵوێرانی و ئاڵۆزكردنی زیاتری گرفتەكان، هیچ كێشەیەكی نەگەیاندووە و ناگەیێنێتە چارەسەر، كێشەی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیش جگە لە داننانی هەردوولا بە مافی هەبوون و ژیان و دەوڵەتی یەكدی، چارەی دیكەی نییە. هەر لەم پێودانگەوەیە سەرۆك نێچیرڤان لەبارەی ئەم شەڕەوە دەڵێ: دهبێ ههموو لايهك له عێراق و ههرێمى كوردستان، بهرژهوهنديى باڵاى گهل و وڵات بخهينه سهرووى ههموو شتێكى ديكهوه و به هيچ پاساوێك نابێ رێگه بدرێت وڵاتهكهمان ببێته بهشێكى شەڕ و ئاشووبی ناوچهكه كە جگه له زيان و ناسهقامگيرى و چارهنووسێكى ناديار، هيچ سوودێكى دیکەی بۆ عێراق و بۆ ههرێمی کوردستان تێدا نابێت. له ههرێمى كوردستانيش دەبێ ئەو شەڕە و مەترسییەكانی، كۆمانبكاتەوە و وابكات ناكۆكییەكانمان تێپەڕێنین.
لە راستیدا ئەم شەڕە و زیانەكانی دەبێ لە داهاتوودا زەوینە بۆ پيادەكردنى روانگەی كارەكتەره میانڕۆ و دانوستاندنخواز و ئاییندەبینەكانی ناوچەكە فەراهەم بكات، دەبێ رێی باشتر بۆ ئەو سیاسەتڤانانه بكاتەوە كه كەمتر بۆ رابردوو و زیاتر بۆ ئایینده و ئاییندەسازی دەڕوانن، میانڕۆیی و دانوستاندنخوازی و یەكدی خوێندنەوە لەجێی شەڕ و یەكدی سڕینەوە، رێبازیانە كه به هەڵسەنگاندنی چاودێران بۆ روانگە و دنیابینیی سیاسەتڤانانی ناوچەكه، نێچیرڤان بارزانی یەكێكیانه.
پێشوازیی ئێلیزێ لەم ساتەوەختەدا لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان و راوێژپێكردنی لەم پرسە هەستیارەدا، ئاماژەی متمانه و باوەڕی سەرۆك ماكرۆنە بەكارەكتەر و روانگه و دوونیابینیی سەرۆك نێچیرڤان و لە هەمان كاتیشدا پەیامێكە پێمان دەڵێت: پێگە و ئیعتباری هەرێمی كوردستان هێشتا لە بازنەی بایەخدایە.