حیزبی قەنەفە
لە میسر حیزبێك هەیە بەناوی حیزبی كەنەبە واتە قەنەفە. ئەم حیزبە نە سەرۆكی هەیە و نە مۆڵەتی یاسایی و نە بارەگا. لە رووداوەكاندا رۆڵی تەماشاوان دەبینێ. زۆربەی ئەندامەكانی یەكتری ناناسن. ئەندامانی ئەم حیزبە لەماڵەكانی خۆیانەوە رۆڵی چاودێر دەبینن بەسەر حكومەت و پەرلەمانەوە. پێكهاتەی ئەم حیزبە ئەو كەسانەن كە رۆڵی ئەكتیڤیان نییە لە ژیانی سیاسیی وڵات و بەشداریی چالاكیەكانیش ناكەن. كەسانێكن كە بڕوایان بە هیچ ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی نییە و بێ هیوا بوون لە سیستەمی سیاسی وڵات.
بەهۆی نەبوونی سیستەمێكی دیموكراسی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاووڵاتیان، حیزبی كەنەبە پێیانوایە سیناریۆكان پێشوەخت داڕێژراون، بۆیە پێویست بەبەشداریی ئەوان ناكات. ئەو حیزبانەی ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسیدان تەنها كار بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەكەن و بیر لە بەرژەوەندیی وڵات ناكەنەوە.
دواكەوتنی پێكنەهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستێكی ئاوای لای خەڵكی كوردستان دروستكردووە، بەشێك لەخەڵكی كوردستان لەو باوەڕەدان كە دەنگی ئەوان هیچ گرنگییەكی نییە، بۆیە بەشداربوونیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ رۆڵێكی نییە، ئەگەر هەموو شتێك بە تەوافوقی حیزبی بێت و حیزبەكان بیر لەبەرژەوەندیی خۆیان بكەنەوە زیاتر لەوەی بیر لەبەرژەوەندیی گشتی بكەنەوە.
كوڕە نێرگز فرۆشەكە كە لە ترافیكی عەنكاوە نێرگزی دەفرۆشت، دەڵێت ئەگەر حكومەت پێكنەیەت پەنجەم دەبڕم و ناچمە دەنگدانی ئەنجوومەنی پاریزگاكان و پەرلەمانی عێراق. هیوای من بەو كابینەیە بوو بۆ ئەوەی دابمەزرێم و شەوانە لە ترافیكەكانی شار شت نەفرۆشم بۆ بژێویی ژیانم، كەواتە پێكنەهێنانی كابینەی هەشت كاریگەری دەبێت لەسەر رێژەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
زۆر دوور نییە حیزبی قەنەفە لە كوردستانیش دروست بێت و لە شاشەی تیڤیەكانەوە سەیری رووداوەكان بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكیان هەبێت و بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكی سیاسیدا بكەن.
بێگومان بوونی ئەم حیزبە لە میسر ئاساییە، لەبەر ئەوەی میسر وڵاتێكە خاوەن سنوور و سەربەخۆیی خۆیەتی و لە هەڵبژاردنەكانیشدا زیاتر لە 52 ملیۆن دەنگدەری هەیە و بەشدارنەبوونی ئەندامانی حیزبی كەنەبە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر پرۆسەی سیاسی، بەڵام لە كوردستان كە تا ئێستا لە ژێر رەحمەتی مالیكیدایە و رێژەی دەنگدەرانی ناگاتە 3 ملیۆن كەس، بەدڵنیاییەوە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان.
پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا كێ دەتوانێ ئەوانە بجوڵێنێ و لە ژوورەكان دەریانبهێنێ و بۆیان بسەلمێنێ كە داهاتوویەكی باشتر چاوەڕێی كوردستان دەكات و بەشداربوونیان لە پرۆسەی سیاسی رەنگە هاوكێشە سیاسییەكان بەرەو ئاراستەیەكی باشتر بگۆڕێت؟