به‌غدا و شه‌رعیه‌تی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان
له دوای ده‌ستپێكردنی شه‌پۆلی خۆپێشاندانه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، سووریا و توركیا وه‌ك پلانی پێشوه‌خته بۆ رێگری له ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد، هه‌ندێ سته‌مكارییان له‌سه‌ر كورد كه‌مكرده‌وه. له سووریا زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌یان ره‌خساند كورد حوكمڕانی به‌شێك له ناوچه‌كه بگرێته ده‌ست. له توركیاش به په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی ئاشتی و هه‌ندێ كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌ڕووی كورددا، كورد گه‌یشته ئاستێك ببێته هێزێكی كاریگه‌ر و سێیەم قه‌واره له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته و كاره‌كته‌رێكی وه‌ك ده‌میرتاش ببێته ركابه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار.
به‌دوای ئه‌و پێشهاتانه‌شدا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و لێكه‌وته‌كانی، له رۆژئاوای كوردستان ده‌رگە به رووی ئیداره خۆجێییه‌كاندا كرایه‌وه مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش و له سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكه‌ن. له باشووریش كورد ده‌ستی گه‌یشته كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان كهوتنهژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌وه. بە شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و دوو پێشهاته‌ی ناوچه‌كه (به‌هاری عه‌ره‌بی و داعش) كورد و كێشه‌ی كوردیان زۆر برده پێشه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی پرسی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بووه خواستێكی جیدیی خه‌ڵك و هێزه سیاسییه‌كان. له رووی كرداریشه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات و باشوور، گه‌ریلای باكوور و شه‌ڕڤانی رۆژئاوا له یه‌ك سه‌نگه‌ردا رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییانه بوونه‌وه كه كه‌وتبوونه سه‌ر كوردستان.
زه‌مینه‌یه‌ك بۆ كورد له ناوچه‌كه دروست بوو كه زۆر ناوه‌ندی سیاسی كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و زۆر ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی جیهانی خوێندنه‌وه‌یان به‌و جۆره بوو لێكه‌وته‌ی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌و هۆیه‌وه له ناوچه‌كه دێنه ئاراوه، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێت. له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع و به كرده‌ییش له باشووری كوردستانه‌وه به ده‌نگێكی به‌رز خواستی ئه‌و مافه ره‌وایه به‌رزكرایه‌وه، به‌ڵام كورد بێ ئاگابوو له‌وه‌ی له په‌راوێزی ئه‌و گۆڕانكاری و پێشهاتانه‌دا، بۆ رێگری له باڵاكردنی كورد و شكستپێهێنانی ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ستی هێنابوون، وڵاتانی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه به نهێنی و له ژووره داخراوه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان خه‌ریكی رێككه‌وتنی ستراتیژی بوون له‌سه‌ر كورد. هه‌رچه‌نده هێشتاش ده‌قی هیچ رێككه‌وتنێك له‌و باره‌یه‌وه به‌رده‌ست نه‌كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به چاو ده‌بیندرێت و بۆ ئه‌وانه‌شی كه توانای خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ستراتیژی نوێی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌یان هه‌یه، ده‌زانن چی پیلانێك له ئارادایه.
له‌وكاته‌وه وڵاتانی توركیا و ئێران و سووریا و عێراق به‌شێك له كێشه و ناكۆكییه‌كانی خۆیان وه‌لاوه ناوه و کاری لەپێشینەیان یه‌كخستووه. به هه‌ماهه‌نگی و پلانی هاوبه‌ش كار بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خۆیان ناویان ناوه (مه‌ترسیی كورد).
له توركیا هه‌ر زوو ئه‌و پانتاییانه بهرتهسككرانهوه كه پێیان وابوو كورد ده‌توانێ پێیدا تێپه‌ڕێت. له سووریا هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هێشتا كۆسپ و رێگرن له به‌رده‌م ئه‌وه‌ی به پیلانێكی هه‌رێمایه‌تیی سێقۆڵی (توركیا، سووریا و ئێران) ئه‌وه‌ی بۆ كورد ره‌خساوه له‌باری ببەن، به‌ڵام گه‌له‌كۆمه و پیلانه‌كانیان له سه‌ری به‌رده‌وامه.
ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان قه‌ڵای قایمی كوردانه و شكاندنی پێویستی به پلانی وردتر و درێژخایه‌نتر هه‌یه، باشووری كوردستانه، چونكه خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریی و شه‌رعیه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تییه. ئه‌مه‌ش ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ ئه‌وان قورس‌تر كردووه، پێویستیان به‌وه‌یه رایه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ببڕن و شه‌رعیه‌ته ده‌ستوورییه‌كه‌ی لهناوببەن. هه‌رچه‌نده له‌م به‌شه‌شدا عێراق له رووی سه‌ربازیی و كرده‌ییه‌وه له رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017وه ده‌ستی به پرۆسه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان كردووەته‌وە، به‌ڵام ده‌كرێت بگوترێت له كوده‌تای په‌رله‌مان به‌سه‌ر ده‌ستووردا له 18 ئاداری 2021، به هه‌مواری ناده‌ستوورییانه‌ی یاسای دادگەی فیدراڵی، زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌وه ره‌خساندووه به به‌رگ و رووپۆشێكی یاساییه‌وه پرۆسه‌ی داگیركارییه‌كه‌ی بره‌وپێبدات.
له‌دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادگەی فیدراڵی وه‌ك گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی یاسایی و كردنی به به‌شێك له ئه‌جێندای هه‌رێمایه‌تی و ئامرازی سیاسی له نێو ململانێ مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عێراق، له‌وكاته‌وه بۆ ئێستا هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له چوارچێوه‌ی ئه‌و ستراتیجه‌دا دژ به كوردستان گیراونه‌ته‌به‌ر، هه‌وڵیانداوه ره‌وایه‌تیی یاسایی پێبدرێت و ئه‌وه‌شی بۆ داهاتوو له پلانیاندایه هه‌ر ده‌یبه‌نه‌وه مه‌تبه‌خی ئه‌و دادگایه و له‌وێوه ده‌رخواردی كوردی ده‌ده‌ن.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی مایه‌ی مه‌ترسییه كه هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر كوردستان خێراتر و كاریگه‌رتر ده‌كات، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه. دوور نییه ئه‌ویش وه‌ك رێگه‌خۆشكه‌رێك هه‌ر به‌شێك بێت له پیلانه ههرێمایهتییهكە، چونكه له‌لایه‌ك خه‌سڵه‌تی وڵاتانی داگیركه‌ر به‌و جۆره‌یه له رێگه‌ی ناكۆكیی نێوخۆییه‌وه سه‌نگه‌ری به‌رانبه‌ریان لاواز ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه مێژووی كورد پڕه له‌و نموونانه‌ی شه‌ڕی خۆبه‌خۆ و دهستشكاندنی یه‌كدی، له به‌رده‌م دووژمنه‌كانی به‌چۆكیدا هێناون.
ئه‌و كوده‌تایه‌ی به‌سه‌ر ده‌ستووری عێراقدا كرا له هه‌مواری یاسای دادگەی فیدراڵی له ئاداری 2021، ئه‌وه‌ی وایكرد به ئاسانی بۆ شیعه‌كان و ئێران بچێته‌سه‌ر و بتوانن پێكهاته‌ی دادگە و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌و جۆره تێپه‌ڕێنن كه دواجار بتوانن به ئاسانی دژ به كورد به‌كاری ببەن، ناكۆكیی نێوان پارتی و یه‌كێتی بوو. ئێستاش ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ڕه‌شە و مه‌ترسییه‌كی دیكه چاوه‌ڕوانكراوه له‌لایه‌ن دادگەی فیدراڵییه‌وه بخرێته سه‌ر كوردستان و قه‌واره دهستورییهكهی، سودیان له كێشه‌كانی نێو هه‌رێمی کوردستان وه‌رگرتووه؛ ئه‌گه‌ر هه‌رێم له ناوخۆدا ئه‌و كێشە و ناكۆكییه سیاسییانه‌ی نه‌بووایا، سه‌رباری هه‌وڵه‌كانی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر، به‌ڵام هه‌رێم ده‌یتوانی دڵنیایی ئه‌وه‌ی هه‌بێت قه‌واره‌كه‌ی پارێزراو ده‌بێت.
ئێستا به‌هۆی ئه‌و كێشه سیاسی و ناكۆكی و ناته‌باییه‌ی له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی حوكمڕانی له هه‌ردوو زۆنه سیاسییه‌كه‌یدا، هه‌رێمی کوردستان كه‌وتووەته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان وه‌ك دیفاكتۆیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی زاده‌ی بڕیاری 688ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه و ته‌نانه‌ت 11 ساڵ پێش رووخاندنی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زێڕین بۆ حوكمی شیعه، هه‌رێمی کوردستان بوونی هه‌بووە و له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه. له یاسای كاتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقیشدا وه‌ك هه‌رێمێكی دانپێدانراو ناسێندراوه. له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناسراوه و سه‌رباری بوونی خاڵی لاوازی زۆر له بوونیادی ههرێمهكە و سیستمه سیاسییه‌كه‌یدا، سه‌رباری بوونی خواستێكی روون و ئاشكرای به‌غداش بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م قه‌واره ده‌ستوورییه‌ی كورد، هێشتا ئه‌گه‌ر له ناوخۆدا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ربكات، مه‌وقیفی به‌هێزه له عێراق و ناوچه‌كه‌ش؛ به‌ڵام پێناچێت مه‌یلێك هه‌بێت بۆ گه‌ڕان به‌دوای ده‌روازه‌یه‌كدا بۆ رزگاربوون له كێشه‌كانی.